دەرباز یونس
نامەیەکت بۆ ئەنێرم
بیخوێنەوە
نامەیەکی پڕ هاوارە …
بە جوانی تۆ
ئەم نامەیە
هەست و سۆزی
هەزارەها کوڕی شارە …
لەم نامەیە
کوڕێ خەونت پێ ئەبینێ
کورێکیش شێت و شەیداتە …
کوڕێکی تر، دوێنێ پرسەی باوکی بووە
کەچی ئەو بۆ تۆی نوسیوە
ئازیزەکەم، خەفەت مەخۆ دڵم لاتە …
چونکە حەزت لە دەریایە
کورێکی تر لەو نامەیە
ماسی ئاسا خۆی ئەنوێنێ …
یەکی تریش
بەیانی ئیمتحانیەتی
کەچی ئاوا دانیشتووەو
وانەی ئەشقت بۆ ئەخوێنێ …
کورێکی تر بۆی نوسیوی
ئازیزەکەم ئەبم بە شێخ
چونکە ئەتۆ
زۆر حەزت لە قاوەو فاڵە …
یەکێتی تریان
بۆتە هاورێی خاڵخاڵۆکە
لەبەر ئەوەی ڕووت بەخاڵە …
کوڕێکی تر
لەو نامەیە، بەکوڵ ئەگری بە تاسەوە …
بە تۆ ئەڵێ، ئەی کچی جوان
هاورێی خۆتم بمناسەوە …
لەو نامەیە، کوڕێ شێتە
کوڕێ ماتە، کوڕێ وێڵە …
کوڕێکی تر
زانیویەتی، وا مەکتەبت ئەکرێتەوە
دڵی کردۆتە قڕدێڵە …
دەرباز یونس