گۆران کامیل : “لەوەتەی خەریکی کاری موزیکم ھەر لەسەردەمی یمانگای ھونەرە جوانەکان تا ئێستاکەش ھەوڵمدا زانیاری زۆرتر بەدەست بھێنم!
ھونەرمەندی موزیکژەن (گۆران کامیل)، ماوەی زیاتر لە (٢٥) ساڵە خەریکی کاری موزیکژەنییە، ماوەی (١٥) ساڵە لە ھەندەران ژیان بەسەر دەبات و ئێستاکە لەوڵاتی ھۆڵەندا خەریکی خوێندی ماستەرە لە بواری موزیک، لە دیدارێکی دا بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” (گۆران) تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لە خوێندنەکەی و ھەروەھا دوایین کاری ھونەریی خۆی.
(گۆران) لە دەستپێکدا دەربارەی خوێندنەکەی لە بواری موزیک لە ھۆڵەندا گوتی : “ھەموو مرۆڤێک کاتێک لە بوارێکدا کار دەکات، پێویستە زۆرترین زانست یا زانیاری لە بارەی ئەو کارەوە دەستەبەر بکات، من لەوەتەی خەریکی کاری موزیکم ھەر لەسەردەمی خوێندنم لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان تا بە ئێستاش دەگات، ھەمیشە ھەوڵمدا زانیاری زیاتر و زۆرتر بەدەست بھێنم، دیارە بوارەکەی منیش کە دونای موزیکە، دونیایەکی جوان و یەکجار فراوانە ئیتر ئەگەر زانستی باشتر بەدەست نەھێنێت، رەنگە لە کاروانەکە تووشی دابڕان بیت و یا دوابکەوی لە ھەندێک بوار کە لە ئێستادا ھەموو جیھانی بەرەو ئاستێکی باڵا بردووە”.
دەربارەی نامەی ماستەرەکەی کە بەنیازە لە کوردستان ئامادەکاریی بۆ بکات (کامیل) گوتی : “ئەو سەردانەم بۆ کوردستان بۆ ئەوە دەبێت، من نامەی ماستەرەکەم لەسەر (رەدیفی ئێرانی) دەبێت، ئامادەکاریی و ژەنینی ئەو جۆرە لەلای ئێران چۆن کاری بۆ کراوە، ئەگەر سەیر بکەین موزیکژەنانی ئەوان کاتێک مۆسیقا بۆ مەقامێک دەژنن بۆمان دەردەکەوێت زۆر جوان ئەو کارە دەکەن، بەڵام موزیکژەنانی کورد تا ئێستا ناتوانن بە شێوازێکی چاک ئەو کارە بکەن، زۆر جار دەبینین یا بە شێوەی تورکی یا عەرەبی دەژنن”.
ھەرلەمبارەیەوە زیاتر گوتی : “پێویستە بە شێوازێکی زانستیانە و ھونەریانە ئێمەش وەک موزیکژەنانی کورد، فێری ئەو یاسایە ببین، موزیک بۆ مەقامێک چۆن ئامادە بکەین، چۆنی سەرەتایی ژەنینەکەی دەست پێدەکات و چۆنیش لە ناوەڕاست دەوستین و کۆتایی پێدەھێنین، لە ئێستادا پلانی من لە چوار چێوەی ئەو نامەی ماستەرەمدا، دەمەوێ بەدوای ئەو سەرچاوانە بگەڕێم بە تایبەتی ئەوانەی لە وڵاتی ئێران لەلایەن گروپە ناودارەکان و موزیکژەنە بە ناوبانگەکانیان کاری لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی منیش بتوانم شیکردنەوەیەکی چاکی بۆ ئەنجام بدەم”.
دەربارەی ئەو سەرچاوانەی کە (گۆران کامیل) کاری لەسەر دەکات رایگەیاند : “ئەو سەرچاوانە بریتین لە گروپی (کامگارەکان، عەندەلبیەکان) ھەروەھا چەند موزیکژەنێکی بە ئەزموون و شارەزا لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستانیش، لە نزیکەوە بە نیازم دانیشتینان لەگەڵ ئەنجام بدەم و زانیارەیەکانی ئەوانیش دەکەمە زەخیرەیەکی چاک بۆ نامەی ماستەرەکەم”.
(گۆران) لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا دەربارەی سەردانەکەی بۆ کوردستان و ئەنجامدانی چەند کارێکی ھونەریی گوتی : “من لەو سەردانەمدا جگە لە نامەی ماستەرەکەم، کاری موزیک بۆ چەند گۆرانییەکی ھونەرمەندان بە ئەنجام دەگەینم، کە لەئێستادا لەلامەو لە ستۆیۆکانی کوردستان کارەکانیان بۆ ئامادە دەکەم، ھەروەھا لەگەڵ چەند ھونەرمەندێکیش بۆ نەورۆز بە نیازم زنیجرە ئاھەنگێک لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا بە ئەنجام بگەینم”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا