بە دایکم وت، وتم تازە تەواو
بەر لەوەى بیر بکەینەوە دەقەومێ..
دەبێت پرسەنامەیەک بۆ رۆژنامەکان بنێرین
فەروخی فەروغزاد
-1-
هاورێمان جەمال ئامادە.
گۆڕت پڕ بێت لە نور..شەوێکی درەنگ بوو هەواڵی کۆچی دوایی کردنی تۆمان پێگەیشت، زۆری ویست تا بڕوامان کرد.. زۆری ویست تا لە گریان ژیر بووینەوە.. چ ئەسەفێک بوو ئەو هەواڵە.. چ برینێک کەوتە دڵمانەوە.
هەنووکە لە کاتی نووسینی ئەو نامەیەدا، بێ (تۆ) دانیشتووین و هەریەکەمان بیرەوەرییەک دەگێڕینەوە.. ئەو بیرەوەریانەى کە ئێمە و (تۆ) لە ساتە جیا جیاکانی غەریبی تۆمارمان کردوون. ئەو بیرەوەریانەى کە هیچ کەسێک خاوەنی نییە، ئێمەو (تۆ) نەبین. بەدیار وێنەکانت دانیشتووین و لە پڕ هاواری گریانێکی دیکە، هاواری غەریبییەکی دیکە بەرز دەبێتەوەو دەدەینەوە گریان. بە دیار وێنەکانت دانیشتووین و ئەسەف دەخۆین.. غەریبانە لە نیگای یەکتر دەڕوانین و زۆری دەوێت بڕوا بکەین، ئیتر ناتبینینەوە.
کۆبووینەتەوەو دڵمان پڕە لە برین.. کۆبوینەتەوەو حوزن لە ماڵمان دەڕژێ، لە ناکاو برادرەێکی دیکە پەیامێک دەنێرێت و دێتە نێو ئەو عەزایە.. زۆری دەوێت بڕوا بێنین کە ئیتر ناتبینینەوە.. زۆری دەوێتا تا لە گریان ژیر دەبینەوە.
– 2-
هاورێمان.. بیرمانە یەکەم جار بە کامێرا و جانتایەکەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان خۆت کرد بەو دیوی سنوور و هاتیتە لامان.. بیرمانە ئارشیفێکت پێبوو پڕ لە وێنەى رەنگاو ڕەنگ.. پڕ لە دیمەنی قەشەنگ و پڕ گوزارشت.. بیرمانە خەمی ئازادی و خەمی وێنەى جوان و هونەری سەردەمیانە، دەیخستیە نێو لێکدانی وشەو پیتەکان و دەستت بە هەوادا بەرز دەکردەوەو بە هێمنی، بە قوڵی مژێکی ترت لە جگەرە دەدا. بیرمانە قەهر و غەریبی، ئاه و ئارامی وایلێدەکردیت ژوور پڕ کەیت لە دوکەڵی جگەرە.. ئەو کاتانەشمان بیرە، وەک عادەت و سروشتی بەردەوامت، بەدەم هەڵمژینی دوکەڵی جگەرەکەت، بە هێمنی.. وەک شنە با، وەک بەربوونەوەى دەنکێک ترێ لە ساباتێکی مێودا، دەتدایە زەرەدەخەنە. بیرمانە هاوڕێمان.. بیرمانە … بۆیە زۆری دەوێت بڕوا بکەین، کە جێت هێشتووین.. زۆری دەوێت تا ژیر ببینەوە.
-3-
ئەوەى برینەکەمان قوڵتر دەکات، ئەو سنورە بەدەیە.. ئەو سنوورەى کە نە تۆ باوڕت پێبوو نەئێمەو نەکەس.. ئەو سنورەى کە نەیهێشت بەشداری پرسەکەت بکەین. تۆ لە رۆژهەڵات و ئێمەش لە باشور.. لە نێوان ئێمەو گۆڕەکەت، سنورێکی کۆنکرێتی هەیە.. پیاوێک دەڵێت “بیرمە جەمال پێی وتم، دەتوانم خۆم و منداڵەکانم بە هەژاری بژیم، بەڵام هەرگیز ناتوانم بێ ئازادی بژیم!”. پیاوێک دەڵێت ئەوەى لە نێوان ئێمەو (جەمال ئامادە) هەیە، دوورییە.. ئەوەى لە نێوان رۆحی ئێمەو رۆحی (جەمال ئامادە) هەیە، نزیکییە”.
-4-
ئەگەر بمانزانیبایە، هێندە درەنگ دێیت و هێندە زوو جێمان دێڵیت، هەرگیز بەرامبەر کامێرای تۆ نەدەوەستاین.. ئەگەر بمانزانیبایە هێندە بە هێمنی دێیت و هێندە بە خێرایی گوزەر دەکەیت، هەرگیز نەمان دەهێڵا بیرەوەریمان داگیر بکەیت و ژوور پڕ کەیت لە غەریبی. بۆیە لە دواجار بە توندی دەکێشین بە دەرگاکانی قەدەرو بە هێمنی پێت دەڵێت (نەدەبووایە جێمان نەهێڵیت؟؟).
چەند برادەرێکی دڵسۆزت
جەمال ئامادە
– ناوی تەوای جەمال قادر ئیبراهیم.
– لە ساڵی 1968 لە مەهاباد لە دایک بووە.
– وەک کامێرامان و مۆنتێر و دەرهێنەر کاری کردووە.
– لە ساڵی 2003 وەک کارمەندی کوردستان تیڤی لە مەهاباد کاری کردوە.
– لە ساڵی 2006 لە سەنتەری کوردستان تیڤی لە پیرمام کاری کردووە.
– لە کۆتاییەکانی ساڵی 2008 توشی نەخۆشی سەر دەبێت.
– لە سەرەتاکانی 2009 لە تاران نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.
– لە 9ی شوباتی 2010 کۆچی دوایی کرد.
– خاوەنی چەند کارێکی هونەرییە، لەوانە وێنەگرتن و مۆنتاژکردن و دەرهێنانی چەند کلیپ و بەڕنامەو دیکۆمێنت و رێپۆرتاژو کوورتە فیلمێک.
– خێزاندارەو خاوەن سێ منداڵە.