گەمژەیی و گەوجی لەوەیە کە مرۆڤ لەوە نەگات هونەر بەشێکی گرنگی پێکهاتەی شارستانیەت و مەدەنیەتە. نەزانی مرۆڤ لەوەیە کە هونەر بە ناسنامە نەبینێت و پێناسەیەکی قولی گەلێکی تیادا نەخوینێتەوەو تەنانەت یەک ووشەش لە کەلتورو ژیاری ئەو میلەتە نەگات. سەیرە مرۆڤ بەو تەمەن و بەو سیما شەرانیە ئێستاش لەوە نەگەیشتوە کە بەهێز ترین سنور شکێن هێزی جوانی نەغمەو ئاوازێکە. جێی رارایی و گومانە کەسێک کە پێی بگوترێت مرۆڤ لەوە نەگات خۆشەویستی و جوانی و نەرمو نیانی لە خودات نزیک دەکاتەوە.
سەیرە وا لەخوا گەیشتیبی کە بە زمانی زبر و شەرەنگێزی و بێرێزی بەرامبەر بە دروستکراوێکی “ئەو” ئەوە نزیک بوونەوەیە لە یەزدان! سەیرە وا تێگەیشتبی ئەگەر خودا ئەو جوانییەی بە کەسێک بەخشیوە تۆ لیی بستێنیەوە و پێشت وابێت ئەوە نزیکبوونەوەتە لە رەحمەتی ئەو. دەزانم زەحمەتە بە ئاسانی لە پەیوەندی نێوان جوانی و مرۆڤ بگەن ئاسان نیە بۆئێوە لە پاکی هونەرو خودا بگەن زۆر ئەستەمیشە لە باڵای شارستانیەت بروانن و لەوێوە هونەر بە پێشەنگ ببینن. چوونکە تێگەیشتن لە جوانی و هونەر ئارامی و گوێگرتن و رێز و خۆشەویتی دەوێت. دەبێت لە زمانی خۆشەویستی و ئارامی بگەیت تا فێری سەبرو خەلوەت و روحانیەت بیت.
دەزانم بۆئێوە ئەستەمە کە بتانەوێت لە سحری نەغمەی ئاوازێک بگەن. چوونکە تێگەیشتن لە ئاواز هێورو ئارامتان دەکاتەوە کەچی ئەوەش لە قازانجی بازاری فرۆشتنی قسەکانتان نین لە میمبەر و مەنزلگا داخراوەکانتان. دەزانم لەوە دەترسن مرۆڤەکان تا زیاتر لە روحی میوزیک و جوانی هونەر قوڵببنەوە تاقەتی سەیرو گوێگرتنی ناخە ناشیرین و دزێوەکان نەبن. دەزانم هەڵچوون و هێستریاتان ترس و گومانێکە لە بەجێمان لەو شوێنەی کە زەمەنێکی زۆرە ووشک و بێ گیانە. دەتانەوێت لەگەل ئاپۆرەی خەلک برۆن بەڵام ئەوەش دەزانن دوای ئەو هەمووە سوکایەتی و بێ حورمەتیەی بەرامبەر بەو ئاپۆرەیەتان کرد ئێستا بستێک شوێن نەماوە بۆئەوەی خۆتانیان تیا پاک بکەنەوە. واز لە ناشرین کردنی جوانیەکانی ژیان بهێنن ئەوان دەمێکە بەجێی هێشتوون، واز لە هەرەس پێهێنانی خۆشەویستی بهێنن چوونکە ئەو هیچ ئاشنایەتیەکی لەگەل ئێوە نەماوەو دەمێکە ماڵی شەر و تێکشکانی بەجێ هێشتوە. ئارام بن تا لەزەت لەو جوانیە خواوەندیانە وەرگرن. بەسۆز بن تاوەکو خودا رەحمێکتان پێدەکات و لەم تەنگەژە دەروونیە ناخۆشە دەربازتان دەکات. خۆتان و دەوروبەرتان خۆشبوێت تاوەکو یەزدان دلتان پر بکات لە خۆشنوودی. دەئێستاش لەگەل من دەستان بەرزکەنەوە: خودایە ئەوەی سوکایەتی بە دروستکارەوەکانی تۆ دەکات ریسوای بکەیت. خودایە ئەوەی لە جوانی و خۆشەویستی ناگات لەناوی ببەیت. خودایە ئەوەی دڵی پر لە بوغز و رق و قینەیە ئاگری لە رووی بەردەیت. خودایە ئەوەی ئێستاش دەیەوێت وەک هەزاران ساڵ پێش ئێستا بژیت مێشکی کوون بکەیت. خودایە ئەوەی خۆشحالی و سەرفرازی میلەتێکی ناوێت لەناو مالی خۆی دەربەدەری بکەیت. خودایە ئەوەی دەیەوێت مێژوو و کەلتووری گەلێک لەناو ببات بەپیسی و رەزیلی رەوانەی دۆزەخی بکەیت. خودایە ئەوەی لە جوانی و عەشقی هونەر ناگات هیدایەتی بدەیت!
زیرەک ژێدار – هەولێر