دارا خونچە
ویستم سەرنج و پێشنیارەکانی خۆم وەک پڕۆژەیەک لە نامەیەکی داخرا ئاراستەی ئەندامانی لێژنەی ئامادەکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان بکەم و تێیدا وە دوور و درێژیی لەوە بدوێم کە ئەگەر ئەوان دەخوازن کوردستان خاوەن دەستوورەکی مۆدێرن و سوودبەخش بی و ژیان و گوزەرانی میللەت و چارەنووسی خەڵکی کوردستان بەرەو باشتر و باشتر ببا ئەوە پێویستە مادەکانی پڕۆژەکە وە لایەنی کەم و وە کورتییەکەی لەسەر ئەو بنچینانە دابڕێژدرێن:
● دوورخستنەوەی ”شەرع – یاسا و رێسا”یە دینییەکان لە دەوڵەت و دەستوور و یاسایەکان و پەروەردە و کایە کۆمەڵایەتییەکان.
● بنەبڕکردنی توندوتیژییەکان و تێڕوانین و هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستانەی نەتەوەیی و ناوچەیی و دینیی.
● کۆتاییهینان وە نێرسالاریی و چەوساندنەوەی ژنان و زارۆکان و هەموو ئەو دابونەریتە پاشداماییانەی کە دەگەڵ زانست و سەردەم ناگونجێن.
● دانانی بنچینەیەکی پتەو کە میللەت بتوانی وە زووترین کات بڕیاری سەربەخۆیی کوردستان بدا وە ناوچە داگیرکرایەکانیشەوە.
● چەسپاندنی جۆرەک لە ماف و ئازادییەکان – وە تایبەتییش ئازادیی دەربڕین و خۆشگوزەرانیی چینە هەژار و کرێکارییەکان- کە هیچیان کەمتر نەبی لەوەی لە جیهانی پێشڤەڕۆی ئەوڕۆدا هەن.
● دوورختسنەوەی تێڕوانینی تەسکی حیزب و حیزبایەتیی لە ژیانی خەڵک و دەستوەردانیان لە رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان و بڕینی بودجەی میللەت لە حیزبەکان.
● سەروەریی یاسایەکان لەسەر هەر کەسەک و بەرزەفتکردنی دەسەڵاتداران – وە تایبەتییش سەرۆک و بەرپرسەکان – و دوورخستەنەوەیان لە تاکڕەویی و دیکتاتۆریەت.
● و… هتد.
لێ هەر دەمودەست پەژێوان بوومەوە لە نووسینی چونکە کە بیرم لە پێکهاتە و رەوابوون و رەوانەبوونی لێژنەکە و لێزانیی و دڵسۆزیی کەسایەتییەکانی نێوی کردەوە.. تەواو لەوە دڵنیابوومەوە کە هەر لە پاش خووندنەوەی پێشەکییەکەی یەکسەر نامەکەم دادەخەنەوە و وە داخرایی فڕێی دەدەنە نێو گووفەکی پەرلەمانێ.. ئەویش لەبەرئەوەی کە ئەندامانی ئەو لێژنەیە بێجگە لەوەی توانا و پسپۆڕیی پێویستیان نییە و شایستەی ئەو کارە چارەنووسسازە نین.. دەروێشگەلەکی زۆر ملکەچی حیزب و دین و جوایەزیی رەگەزیی و نێرسالارییشن.. خۆیان سەرکوتکەر و پێشێلکەری ماف و ئازادییەکانن.. بەرژەوەندییە کەسیی و تایبەتییەکانی خۆیان لە پۆپکەی سەری سەرەوەی هەر تشتەک و بەرژەوەندییەکانی میللەتیش لە تەپانی بنی بنەوەی هەر تشتەک دادەنێن… سەرەنجام هەرگیز ئەوانە ئارەزووی خووندنەوەی ئەو نامەیەی من و هیچ نامەیەکی دیکەی لەو بابەتە ناکەن و ملهوڕانە هەر ئەوە لە نێو ئەو پڕۆژەیە دەنووسن کە جلەوبەدەستانی سەرێی خۆیان دەیخوازن!
ئیدی ئەمن وەهای دەبینم هەر یەک لەو ئەندامانەی لێژنەکە کتومت وەک ئەو دکتۆرەن کە مرۆڤەک لە بەرانبەری رابگری و پێی بێژی: ”ئەمن هەردوو گورچیلەم نەخۆش و بێ کەلک بوونە.. ئێستا ئەو مرۆڤە دەکوژم و ئەتووش وە خێرایی گورچیلەکانی دەردەهینی و لە جێی گورچیلەکانی منیان دادەنێی” دکتۆری بێ هەست و بێ سۆز و نامرۆڤیش پاش ئەوەی گوژمە پارەیەکی چاک مسۆگەر دەکا کارەکە وە جوانیی ئەنجام دەدا!!!