سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەدەبیاتی نامەو نامە گۆڕینەوەی نێوان نووسەرانء ئەدیبانء ھونەرمەندانیش، وەک ژانرێکی ئەدەبی، دیاردەیەکی ئەدەبی تاڕادەیە ک کۆنەو لە مێژووی ئەدەبیاتی زۆر نەتەوەدا بوونی ھەبووە. وەلێ لە ئەدەبی کوردیدا، تا دوای ڕاپەڕینء ئەو ساڵانەی دواتریش بەتایبەتی، گرنگی پێنەدرابوو.
ئەم بەو مانایە نییە، کە پێشتر نامە گۆڕینەوەی نێوان نووسەران بوونی نەبوو. بۆنموونە:عەبدوڵاپەشێو لە شیعرێکدا ،نامەیەک بۆ شێرکۆ بێکەس دەنێرێت. بەڵکو بەو مانایەی چەند ساڵێکە بە شێک لە نووسەرانء توێژەران،نامە نێردراوەکانی نێوان ئەدیبان، لە چوارچێوەی کتێبدا، بە شێوەیەکی سەربەخۆ چاپء بڵاو دەکەنەوە. بێگومان ئەمەش دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی نووسەرەکانییان. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە نامەو نامە گۆڕینەوەی نێوان دوو کەس، ئەگەر نووسەریش بن یاخود نا، دەچێتە خانەی نھێنیء پەیوەندی کۆمەڵایەتی ء تایبەتی نێوان ھەردوو کەسەکە خۆیان. چونکە لەوانەیە زۆرجار بابەتء کۆمێنتء دەستەواژەی وا لە نامەکاندا ھاتبێت، کە پەیوەندی تەنھا بەوانەوە ھەبێتء ڕەزامەند نەبن بڵاو بکرێنەوە. یاخود باسء خواسێکی نھێنی تێدا بێتءبەبڵاوبوونەوەیان ئاشتەوای کۆمەڵایەتی تێکبچێتءبارودۆخی سیاسی، یاخود خێزانی ء کۆمەڵایەتی دەشێوێتء دەبێتە مایەی لێکترازانء دڵگرانی نێوان کەسانێک. بۆ یە لەھەموو ساتێکدا، بڵاوکردنەوەی نامەی ھەر کەسێک، دەبێ بەڕەزامەندی ئەو بێت. ئێستا بە ھۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیاو ئیس ئێم ئێسی موبایل ء یاخود تاییپ ء نووسین بە کۆمبیوتەر، نامە گۆڕینەەی نێوان نووسەران زۆر بەکەمیـی بە شێوەی کاغەزء نووسینی دەستی دەنووسرێت. ھەرچەندە جوانیء چێژی خوێنەوەی ھەر نامەیەک، لەوەدایە دەستنووس بێت ء بەشوێن پەنجەو قەڵەمی نووسەرەکەی نووسرابێت.وەلێ ئێستا بە ھۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو ئامێرە نوێکانی سەردەم، نووسینی نامە بە دەستنووس، تاڕادەیەکی زۆر بوونی نەماوە. بەڵام بە شێکیش لە نووسەران، ھێشتا چێژ لە نووسینی نامە و خوێنەوەیان بە شێوەی دەستی دەبینن. بۆیە ھەندێکییان،بەو شێوەیە دەنووسنء نایانەوێ بە نووسینی کۆمپیوتەر بێت. دیار ئەمەش بۆ ئارەزوو سەلیقەی نووسەرەکان خۆیان دەگە ڕێتەوە.
(تاڤگەی وشەو ھەڵوێست)
لە دووتوێی دووسەدوو ھەشتاو شەش ڵاپەرەدا،بەناوی تاڤگەی وشەو ھەڵوێست، نووسەر کامەران سوبحان، ژمارەیەک نامەی شاعیری کۆچکردوودیاری کورد( شێرکۆ بێکەسی)ی کۆکردوونەتەوەوە لە چوارچێوەی کتێبێکدا، لەلایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپء بڵاوی کردوونەتەوە.ئەم کتێبە کۆکراوەی بە شێکی ئەونامانەن کە تیایدا شێرکۆ بێکەس بۆ نووسەرانء بە شێک لە سیاسییەکانی ناردووە، یاخود وەڵامی داونەتەوە. ڕەنگە سەرەکیترین پرسیار کە لە دەسپێکی خوێنەوەی نامەکانی ھەر نووسەرێک ڕووبە ڕووی خوێنەر دەبێتەوە، ئەوەبێت کە بۆ چی نامەی کەسانی تر دەخوێنینەوە کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە؟بۆچی نووسینە تایبەتیء نھێنییەکانی نێو نامەیەک دەبێتە جێگەی گرنگی پێدانی خوێنەر؟ لە ڕاستیدا، نامەی نێوان نووسەران، زۆر جار لە باسء خواسی نێوانییانء ھەواڵپرسینی یەکتری دەبێتە پانتایەک بۆگۆڕینەوەی بیروڕاء دیالۆگ لە نێوان یەکتری، لە بارەی بابەتێکی ئەدەبی یاخود سیاسیء فەرھەنگی. بە دەربڕێنێکی تر، ئەگەر نامەی نێوان دووکەس ھەر بۆ ئاگاداربوون لە ھەواڵی یەکتری بێت، ئەوانامەی نێوان دوونووسەر ڕەھەندێکی فراوانتری ھەیە. لەو ڕوانگەیە شەوە ئەو نامانەی شێرکۆبێکەس، بە شێکییان بۆ بە سەر کردنەوەی ھاوڕێکانی بووە، بە شێکی دیکەش گۆڕینەوەی بیروڕابووە. زمانی ئەو نامانە، ھێندێک جار زمانی ئاسایی گفتوگۆیە، لە ھەندێ کاتی دیکەشدا، نامەکان زمانێکی پڕ لە وێنەی ھونەریء شیعریەتء دارشتنی ھونەریانەی شێوە پەخشانێکی ئەدەبی لە خۆ دەگرن. دیارە ئەمەش بۆ ئەو پاشخانە فەرھەنگیء شیعریەی شاعیر دەگەڕێتەوە. بەومانایەی چونکە خۆی شاعیرێکی دیاربوو، ئیدی ئەو زمانە شیعریە زاڵدەبێت بە سەر نووسینی نامەکانیش. ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی خوێنەر لە خوێنەوەی ئەو نامانادا، چێژێکی ئەدەبی وەربگرێت. سەرەتای ھەر نامەیەکی شاعیر بە دەستەواژەی(بەھیوای ھەمیشە چاوودڵروونیء سەرفرازیتانم)دەست پێدەکات. شاعیر زۆربەی ھەرە زۆری نامەکانی، بەو سڵاوەوە دەست پێکردووە. ئیدی چۆتە نێو باسء بابەتەکانء لە ھەندێکییان بە کورتیء لە ھەندێکی تریشیان بە درێژی دەدوێت. بە شێک لە نامەکان، ھەر تەنھا ھەوڵپرسینە، وەلێ بە شێکی دیکەشیان گۆڕینەوەی بیرء ڕاو دیالۆگە لە نێوان خۆیء ئەو کەسەشی کەنامەکەی بۆناردووە. لەنامەیەکدا، بۆ حمە باقی شاعیر، شێرکۆ بێکەس بە درێژی لە بارەی ڕەھەندەکانی شیعری سیاسیء شۆڕشگێڕی دەدوێتء ئاماژە بۆ ئەزموونەکانی خۆی دەکاتء شانازی بەوە دەکات، کە بۆتە شاعیری پێشمەرگەکانء دەیان قە سیدەو شیعری، بۆ شەھیدانء تێکۆشەرە قارەمانەکان نووسیوە.شێرکۆبێکەس لەنامەکەدا دەڵێت:(من شاعیری خاکءخەڵکم شاعیری ئەو کارەساتانەم کە ھەرگیز ئەدۆنیس نەیدیوە). ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی، کە بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی شاعیر ڕەنگدانەوەی ئەو کارەساتانەنء گوزارشت لەو شوناسە کوردبوونە دەکەن، کەوەک گوتارء پڕۆژەیەکی شیعری لە ئەزموونی خۆیدابووە بە شوناسێکی شیعری. ئەو لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت:( کە گوللە دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە بوو من شیعرم کرد بە فیشەکدانی ئەوان). دیارە ئەو کاریگەربوونەی شاعیر بە پێشمەرگەو شۆڕش، پەیوەندی بەوەوە ھەبوو، کە خۆی ساڵانێک لە چیا، لە نێو دەنگی تۆپء گرمەی فڕۆکەو گازی خەردەل، لە گەڵ پێشمەرگەکان ژیاوە. شاعیر لە نزیکەوە قارەمانیتییەکان، کارەساتەکان، شەھیدبوونی پێشمەرگەو مناڵی بینیوە. تێَکدانی سرووشتءژینگەی بینیوە. ئیدی ناکرێت شاعیرێک لە نێو ئەو ھەموو کارەساتانە بژیتء شیعریش بنووسێت، بەڵام گوزاشت لەو ھەموو کارەساتانە نەکات. لە بەشێکی دیکەی نامەکاندا، ئەوانەی دوای چوونە دەرەوەی شاعیر بۆ مەنفا نووسیویەتی ھەمیشە ھەست بە غەریبی دەکاتء تاسەی گەڕانەوەیەتی بۆ کوردستان. لە نامەکاندا، باسی ژیانی پێشکەوتووی دنیای خۆر ئاوا دەکات، بەڵام ئەو ژیانە بۆ ئەو نامۆیەو بەردەوام وەک خۆی لە نامەیەکدا دەڵێت:( ھەمیشە خەون بە بێگەردەوە ئەبینێت). بەردەوام خەیاڵی لە گەڕانەوەدایە بۆ کوردستان. بێگومان بینیشمان کاتێ ھەر تەنھا چەند مانگێک بە سەر ڕاپە ڕین تێپەڕیبوو، شاعیر گەڕایەوە کوردستانء دوای ھەڵبژاردن بووە وەزیری ڕۆشنبیری. بەڵام لە پیشەی وەزیریشدا، وەک خۆی لە نامەیەکدا باسی دەکات، نەیتوانیوە لە بەرامبەر ئەو ھەموو کێشەو کێماسیء ملمڵانێ حزبییە بێدەنگ بێت. بۆیە کاتێ ھەست دەکات کاری وەزیری لە گەڵ دنیای تایبەتیء شیعری ئەو ناگونجێت، ئیدی دەست لە کار دەکێشێتەوەو دەگەڕێتەوە ھەندەران. بێگومان ژیانی ھەندەران بۆ شاعیر، ژیانێکی جیاواز بوو.شێرکۆبێکەس کاتێ لە شاخەکانی سەرگەڵو بەرگەڵوءەوە دەچێتە ھەندەران، ئیدی دەبێتە شاعیرێکی ناسراو، کە چەندین کۆڕی شیعری لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەداتء شیعرکانی وەردەگێڕدرێنە سەر چەندان زمانی بیانی.تا دواجار خەڵاتی بە بەھای تۆخۆڵسکی وەردەگرێت. نامەکانی شێرکۆ بێکەس لە پاڵ ئەوەی پرسء بابەتی ئەدەبیء سیاسییان تێدایە، لە گەڵ ئەوەشدا ھەندێ جار بە زمانێکی کۆمەڵایەتییانە، باسی پەیوەندی نێوان خۆیء ھاوڕێکانی دەکات. لە نامەیەکدا بۆ جمال شارباژێڕی شاعیر کە ھاوڕێی شێڕکۆ بێکەس بووە، دەڵێت:-(سەروپێ کەمان نەخوارد، بۆ کوێ دەچی ھەر دەیخۆین). یاخود لە نامەیەکی دیکەدا،باسی مشکء ھەڕەشەی مشکەکان دەکات لە ژوورێکدا. شێرکۆبێکەس لەونامانەدا ھەر تەنھا وەک شاعیرێک نەدواوە، بەڵکو وەک کەسێکی سادەو کۆمەڵایەتی لە بە شێک لە نامەکان دەردەکەوێت. ھەر وەک لە کۆتا بە شی کتێبەکەدا، چەندین نامەی کورت کورتی یەک دێڕیء دوو دێڕی دەبینین، کە پەیوەندییان بە کاروبارە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆیء ھاوڕێکانیەوە ھەیە لە دەزگای سەردەمء شوێنی کارکردنی. لە بە شێک لە نامەکاندا، ئامادەکاری کتێبەکە، چەندین نووسینء دەستەواژەیەکی لابردوون، بە ھۆکاری ئەوەی کە بڵاوکرنەوەیان ڕەنگە بۆ ئێستاکارێکی باش نەبێت. بەڵام ھەمان دەستەواژەو دەربڕینەکان کە ئامادەکاری کتێبەکە لایبردوون، لەکۆپی بنەڕەتی نامەکاندا، واتە دەستنووس کە لە بە شی دواوەی کتێبەکەیە، ھەرماونء لاینەبردوون.کە بە بۆچوونی من وەک خوێنەرێک دەکرا وەک ئەمانەتێکی مێژوویی ناوەڕۆکی نامەکان وەکو خۆی بڵاوبکاتەوە.دیارە خوێنەوەی نامەش وەک ھەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی، چێژ بە خوێنەر دەبەحشێت. لە کۆتاییدا سەرنجم لە بارەی نامەکانەوە ئەوەیە، کە دانەری کتێبەکە نامەکانی بە بێ ڕێز بەندی مێژووییء بەرواری نووسینیان لە چاپ داون. واتە ڕەچاوی مێژووی نووسینی نامەکان نەکراوە. کە ئەگەر بە پێی مێژووی نووسینء ساڵەکانیان نامەکان دانرابان، جوانترء گونجاوتر دەبوو. بۆ نموونە: نامە ھەیە لە ساڵی ١٩٩٦ نووسراوە، لە پێشەوەی نامەیەک بڵاوکراوەتەوە کە ساڵی ١٩٩٠ نووسراوە. بە ھیوام بەرگی دووەمی نامەکانیش چاپء بڵاو بکاتەوە.
* ئەم بابەتە لە ئەدەبءھونەری کوردستانی نوێ ژمارە(١٠٠٩)ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٧بڵاوکراوەتەوە…
Discussion about this post