سەردار جاف
٦٥ – بەیانیت وەک گوڵە بەیبون و ناخت جوان ، بەیانیت شیرین و ھەنار ڕەنگ، ھێشتان لە تەزیووی زمستان خاو نەبووینەتەوە سەوزایی دۆراندۆرمان خۆیمان بە سەردا بادەدا، سەما و لەنجەکانی ناز و فەنتازیانواندنی خۆ دەکا، ئەزیش لە نێو ئەو گەڵا و درەختە درەنگ وەختەی بەھارییا پەنجە تووتەم دەستی لە ملی قامکە تووتەت نەکردووە، لە تەنگەی ھورمزی ماڵەکەمدا کەشتیگەلی تیرھەڵگری برژانگەکانت ئاراستە کردووم، شەماڵ پرچت بە سەر سۆمای نیگاکانم دەفڕێنێ و بۆمبەکانت دڵم شەکەت و ماندوو دەکا، تەواوی بەرھەمەکانی ھەناردەی ئیشق لەم تەنگەوە تێناپەڕن و ڕاگیراون، تۆ ئەو تیشکەی لە ھەڵاتنەوە ناو ماڵی جەستەم ڕۆشن دەکەیەوە و ئەو گەمارۆ سەختەی سەر ئیشق لا دەبەی، بازاڕی دڵم تەنھا قەد و قامەت و دڵی تۆی دەویِ، ئێواران چراتۆڕێکم لەو دیو مینای پەنجەرەکەمەوە جێ دێڵی و ڕۆحت دەکەیە تەرزەی یادەوەرییەکانمان، ھاکە لە مەجمەری کولیتەی ئیشقتا بوویمە ڕەژوو….. ٢٧ / ٥
٦٦ – بەیانیت پڕ بریسکە و تیشکی خۆر و شەونم، بەیانییەکە سی و چوار جاران زەنگی مۆبیلەکەم دامدەخورپێنێ ، ھەر زەنگێکیش حەوت ترپەی دڵم لە حەوزی ئاوە ڕوون و مەنگەکانی بناری سەفین مەلە دەدکا، ئەم بەیانییە دیمەنێکی ناوازەیە لە شەققەی باڵی فریشتە دەچێ، لە شەوێکی بە ھەشتی ھاوێر بووم و حۆرییەژنێک دەسلەملانێی دوای دابڕانم بوو، شۆخەژنێکی جەمسەری باکوور لە ئەسکیمۆ دەچێ، تەدارەک و شەدە بەستوو، ژووانێ ھەر ھەمووی بۆنی میسک و عەنبەر دەدا، گوڵپرژێن و شانێلباران، خۆشتر و بۆندارتر لە ساتە نائاگاییەکان و توانەوە، شڵەقانی دونیای کپ و خامۆشی بوو، لە سزای ماچەکانی ئەو نائاگاییە تووڕ دراوی بووین و ھەر لە سەر بنجی خۆمان ڕوواینەوە، لە سێبەری باغی ئیرەم تەحریمیانکردین، ئیدی ئەو حورییە ژنە بەر لە من تەرحیلی قەسری گرتییەوە، ئەوێشیان لێ کردینە کەرکووک ، ئۆخەی کە ھاتمەوە و پێت ئاشنا بوویمەوە ….. ٢٦ / ٥
٦٧ – بەیانیت وەک نافورە پڕ قەڵبەزەکانی ھەولێر جوان، ئەم بەیانییە دڵم پەیوەستی زەنگێ بووە، ھەموو سەرە کاتژمێرێ وەڕسبوونم لە خۆ جاڕدەدا، زەنگێ نوقمی ئافاتی خەمم دەکا ڕووەو مەرگ ڕاپێچم دەکا، بیرکردنەوەکانم لە بەھەشتی خۆشەویستی مەڵاس دەدرێ لە تەنھاییدا دەیاننوسمەوە ، زەنگێکی پچڕپچڕ خاو خاو و لە سەرە خۆ دووری تۆ و ھێماکانی دابڕان لێ دەدا، تۆ دەبیە وەھم و لە خەیاڵدانی پوچما دەبییە ڕابردوو ، رابردوویەک پڕ لە شیرینیی رابردوویەک ناسڕێتەوە و ڕۆژگارەکانی بە جوانی لە ھزردا بیر دەکرێنەوە، ھەموو ئەوانە دەبنە تاڵی و ناخم زێوار زێوار دەکەن، لە ساتەوەختی پێچانەوەی توێشەبەرەی سەفەرم بەرەو مەنزلێ کە تەنھا دڵم لەوێ واڵا دەبێ ھەنگاوەکانم دەکرۆژم با چیدی نەمخۆن و بیری سەنتڕاڵ نەکەنەوە، تۆ ھەر دەبییەوە ئەو زەنگە گورج و گۆڵەی بەر دییەکانم بەر نادەی، ترپەی دڵیش بە جۆش و خرۆشتر دەجەنگی بۆ لە بیرکردنی رابردوو، لێ تازە تازە لێم دەبییە ساوایەکی ھاوێر بووی نووکە، جاڕدانی پێکگەیشتنمان ھەر نەدرا داڕان ئیشق دەکا بە خەمۆکی، لە خەڵوەتی تۆ پەرستیدا زەنگی دڵم دەبێتە چەند پارچە ملوانکەیەکی ڕەش و سەراپا باڵاپۆشم دەکا، زەنگێ بۆ کڕنوش و زەنگێکیش بۆ ماچەکانی لێوەکانمان، لە ئێستا وە من و دڵم و زەنگ بووینە سێ ھاوڕێی ھەتا ھەتایی و ئەبەدییەتی ئیشقێ کە ئیتر نایەتەوە ھەرگیز …..٢٩ / ٥ .
٦٨ – باوەشی ئەم بەیانییە پڕە لە سۆز و ئەوین، نھا دڵنیا بووم لە ھەناو و دڵتا دەژیم، مێشکم پڕن لە تۆ لە بۆن و ڕەنگ و دەنگی تۆ، لە کوێوە بە سمکۆ بڵێم من ئەگەرچی قەڵەمەکەم ھیشک نابێ زاخاوم خاڵی نابێتەوە لێ کەشتی زەمەن دەڕوا و وەستانی نییە تا ژیان نوزەی ڕۆشنایی ھەبێ ئەو نامانە ھەر دەبن، ھەناسەی خۆ دەدەن، دەنگەکان زۆرن و خۆ لە نامەکان دەبیننەوە، چۆن دەتوانم و کۆڵنەدەم بیگەیەنمە ھاوژینی ئیشقی بێ یەکگەیشتن بەردەوامی مەم و زینی وڵاتی منە نامانەوێ چیرۆکێکی دی ئەفسانە بین، ئەگەر ئیشقم بێ بۆنی تۆ بێ ژینم دەوەستێ، لەرەی دەنگت مۆزیکێکی ھێمن و ئارام سێبووری دەبەخشێ، دەمویست تا شەبەق بە دیار وشەکانتەوە ئیشکگر بم ، ئەم جاردانە کەسانێ درکی کردووە ، کە بڵێ دەستم لێ شۆردی و خۆ لە پێخەف لوول دەم، بۆ ناسکی دەنگت درۆکانم باڵیان گرت و بە باڵای ئەو ڕێ دوورەی مۆبیلەکەی تەنیوم بکەومە جاڕدان، بشێ ئەو ڕۆ١ە بێت و چیدی نامەکانم بۆ نادیار نەڕوا، ئەو دەم زێتر لە نێزو دێری وشەکانم دەتوێمەوە و بانگی ھاوژینی جاڕدەدەم با خەڵکیش ھەر بڵێن مەیگەیەنە ھاوژینی، ئیدی تۆیش حاڵی بە ئیشقم بە کوێ ڕا گەیشتووە و لە کوێ لەنگەری خستووە …………. گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر. ٣٠ /٥ .
٦٩ – ئەم بەیانییە ھەور سەمات بۆ دەکا، درەخت و لک و پۆپەکان پرچی خۆیانت بۆ دادێنن، با ئاوازێکی نەرم نەرم دەچڕێ، شەو کڕنوشتەواو بوونی خۆی دەبا، خۆر بەر دەرگای خۆشەویستیمان ماچ دەکا..
شیرینەکەم …… بەیانییەکە نوسینەکان تک تک ئەشکی لێ دەچۆڕێ ، ئەمە دوایین نامەی ئاشقانەی نێو کتێبە خنجیلانەکەتە، لاپەڕەکانی ناوی تۆیان لە کۆڵناوە و بە سەرپشتی ھزرما ھەنگاو دەنێ و ڕێ دەبڕێ، لە بیرەوەرییەکانی چرکە بە چرکەی نامەکان تۆ بووی بە ئەو گوڵە نێرگزە جاڕەی ھەمیشە بەھارت دادەھێنا، ئیدی نامەکان تەنھا لە سیرەی چاوەکانت دەبن و ناترازێن، ئەوا وشەکان سەر لە نوێ لە ناخەوە بەرەو بەر دیدی سۆما تاو دەدەن، ئەوینێکت باراندووە کوژانەوەی مەحاڵە، سەفەرێکە و ھەمیشە بەڕێوەم ئەگەر بۆ جەمسەری تەواو ئەوسەری باکووریش بێ ڕۆشنایی سۆمام بە باڵای تۆوە گرێ دراوە، ئیدی ھەموو سپێدانێ نامەکانم لە تەک تیشکیخۆر و شنە و کزە بای سارد و کڕێوە و لە سەر پەڕە زەردەکانی گەڵا پێت دەگەن، ژیانێکی نوێت نوسییەوە بە ئاوا بوونی تۆ ژینم تەواو دەبێ ئەو نوسینە ھەر دەگەن و مەحاڵە مەرەکەبی قەڵەمەکەم ھیشک بکا، ئەوە ئیشقێکە سات دواس سات کڵپە دەسێنێ….
لەمەو دوا بەر لەوەی تۆ نامەکان ببینی بە تەڕبوونی ماچەوە ئۆغریان پێدەکەم ئەو دەمانەیش لە بەر دیدی تۆ لە سەر کوڵمەکانت ڕادەکشێن و بیری ئەم ڕۆژانە دەکەنەوە، دەرگای واڵ و سایت و ڕۆژنامەکان نابینن، تەنھا دەخزێنە ئامێزتەوە گەرمیان دابێنە با بێکەسیان پێوە نەلکێ وەک من و تۆ تەپەتۆزی غوربەتیان لێ نەنیشێ ، ئەوانە حەسرەت و کەفوکوڵی شەونخونیمن، ئەوانە زەردەپەڕی پاییزمن، ئەوانە ھەناسەی ئیشقمن، وەک تەرزە دەبارێن و لێوە سڕ و لەرز و جوانە ڕتوشکراوەکانت ماچ دەکەن، وشەگەلێکن بە منیشەوە خۆشیان دەوێی لێت دانابڕێن، تۆ ھەر ئەو گوڵەی کە دڵێم لە وێنەت نییە، ھیچ شۆخە ژنێک بە جوانی و سەلاری و ناخی پاک و گەورەیی تۆ ناگەن نا……… ٣١ / ٥
ئەڵمانیا