سەردار جاف
٢٥ – لە دەفتەری ئەم سپێدە سپییەی ئەندێشەمەوە لە دەوری باڵات دەگەڕێم، ھەڵسە بەدەم ئەو تاڤگەی خەیاڵەوە پیاسەیەکی نەورۆزانە بکەین، لە مەلا ئۆمەرەوە پێکەوە چاو دەبڕینە تونێلە داخراوەکەی پیرمام و بە نیگایەکیش لە نەینۆکەکەوە دەڕوانمە ئەو ئاپۆڕا و حەشاماتەی لە پیرە ھەولێرەوە ھەڵساوە و بۆ توانەوەی بەستەڵەکی زمستانەی ناخیان بەرێ کەوتوون و کەفو کوڵی بە جۆشیان تاو داوە بۆ شایی لۆغانی ئەم نەورۆزە، سنەوبەرەکانی خانزاد جوانی رۆژئاوای بە نیگای ھەردووکمان نیشان دایەوە، ھەر کە داگەڕینە خوارەوەیش لە سیدی ترومبێلەکەوە باکووری دەنگە بە سۆزەکەی لێ ھەڵبڕی …..
ھەڵسە ھەڵسە کیژی جوان ………………… بە ھارەو کاتی سەیران
درەنگە خۆت بگۆڕە …………………….. با بڕۆین بۆ بەستۆرە
گوێ ملە دەنگە ناسکەکەتە بە چرپەیەکی بەیانیانەت دەڵێی بشێ بە ھەورازەکەی پیرماما ھەڵزنێین یا تونێلەکە دەبێتە ڕێمان، ئیدی قەدەری من و تۆی دوورە وڵات وابوو بە پیًَچاپێچە کەمکراوەکانی چیای پیرمام ھەڵگژاین، لەو دیویشەوە بۆ کۆڕێ و شێرەسوار ملمان نا، ئیدی تا حاجی باییز گۆرانیە خرۆشەکانی ناو ترومبیلەکە ھەر وەک شەوانی ڕابردوو مەست مەستی نێو نەورۆزی کردین، بەیانیت ڕەنگین وەک ئەو دەشت و دەرەی کوردستان گوڵەکەم لە گوڵ گوڵتر …. ٢١ / ٣
٢٦ – بەیانیت جوان، بەیانیت روحی من ، بەیانیت خەیاڵدانی رۆژ و شەوانم، جوانیت ئیلھامی شیعرم، ھەناسەت نوکی قەلەمم، روحت دەفتەری نوسینەکانم، سینکت کتێبخانەی کتێبم، جوانەکەم، دوو رۆژە ئافاتی مەرگ تێم ئاڵاوە نازانم ئەو زویر بووە لە کام یاخی بوون و ھەڵەوە ئیلھامی وەرگرت، لە کام ژیلەمۆی منەوە پێیەکانتی ئەزیەت دا و لە دڵەوە داخورپای و ئەو ئازارە بە دڵی میھرەبانت گەیشت، پەنجەکانم ھەڵوەرێن کە بێ ڕێزیان نواند و خەمیان کردە دیاری ، لە بری نوقڵانەی خێر ئاتەشگای لە دڵی من بەردا، شیرینەکەم گەر نیازت ەایە لە دەرگای دڵتەوە سنوورداشی ئەودیوی ئەوینم بکەی ئەوا من لە پەنجەرەی چاوەکانتەوە ئاوێتەی ئیشقت دەبمەوە و لە خەڵوەتی ئەبەدییەتت ھۆگر دەبم، تۆ ئەو جوانەی گوڵت پێ ناگا، دەڵێم داڕزێ ئەو پەنجانەم نمەک حەرامی دەرھەق بە بوونت بکەن…… ١٢ / ٤
ئەڵمانیا