سەردار ڕەزا جاف
٤- بەیانییە و لە ژوورێکی سیغناخی نامۆیی نوێدا ژێی میلۆدی نیشتیمانم زەنگی بیرکردنەوەی ساتە شیرینەکانی تۆم بۆ لێ دەدا، ئەو ساتەی ھەنگوینی وەلا دەنا و بۆ خۆی شیرینترین شێوە دەردەکەوتن، خۆر لەم وڵاتە یەخسیری تاریکە سەڵایە ھەنگوین ساتیمان رۆمانسی تر دەنوێنێ، تۆ خۆر و ڕۆشناییە ھەمیشە بە شەوقەکەی پایتەختی شەختەی ، پایتەخت بە لەنجەکانی تۆوە خۆی با دەدا و جوانی دەنوێنێ، بە خەندە و قریوەکانتەوە ڕشبەڵەک دادەبەستێ و کۆنسێرتەکانی بە جۆش و خرۆشتر دەکا، بە سەماکانتەوە گۆرانی دەچڕێ، بێ بوونی تۆ ، پایتەختی بەفر کاوڵاشێکە لە رۆمانەکەی عەبدوڵلا سەڕاج دەچێ، دڵم بۆتە وڵاتێک و تەنھا جێی باڵا و نیگاکانتی تێ دەبێتەوە، چۆن ئینجانە بێ گوڵ کەرەستەیەکی ڕق و تەقی بێ مانایە، ناخی من و پایتەختەکەی تۆ ھەمان ئەرزشی ھەیە گوڵەکەم، نەک چرا تۆ گزنگی ھەموو ڕۆژێکی منی، لەگول گوڵتر ھەر تۆی خانمەکەم .
٥ – ئەم بەیانییە ھێشتان خۆر دەستی لە ملی ماچی ڕۆشنایی نەکردووە، ھەنگاوەکانم خۆیان خێران و من پێموایە سست و خاون و ناجوڵێن، ڤینۆسەکەم تۆ دەزانی من شەڵتانی ئیشقت بوویم و شیلەی ترۆپکم لێ دەچۆڕێ ، ھۆکارگەلێ لە تەک ھەنگاوەکانم خاون خاو، نازانم من پەلەمە یا ئەوان ناڕۆن، ، دیقەتی سروشت دەدەم خۆی لە تەدارەک داوەو ڕازاوەتەوە ئیدی لام سەیرە نازانم من جوانی دەبینم یا بۆ من و تۆ خۆی لە باڵایی دوندی جوانی ناوە، ئەم سپێدە ڕۆژێکە لەو ڕۆژانەی بە ئاوی زێڕ دەینووسینەوە، ڕۆژێکە خەرمانی گوڵ ھەڵدراوە و تۆ لە تێکرای جوانتری، ڕۆژێکە ھەردووکمان نازانین چۆن ناخی پڕ ئاە و کرووزانەوەمان بۆ یەکدی دەربڕین، ڕۆژێکە خەو تارە لێمان، بولێڵی سبەینان بە شەبەقی نەورۆزی دەبینین، مەیلمان لێیە گۆرانی سوتان بۆ یەک بڵێین، حەز دەکەین تێرتێر یەک لە باوەش بگرین، بشێ کەی ئەو ئامێزەمان بە سینگی یەکتر تینوێتی یەک بشکێنن و گەرم بنەوە، دەزانم دڵم بێ تۆ ناسرەوێ دەزانی بۆ ….؟ چونکە ناخ و رووخسارت پاک و جوانن، لە گوڵ گوڵترن.
ئەڵمانیا
٢١ و ٢٣ / ٢ / ٢٠١٩