مەسعودی مەلا ھەمزە: بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی زاگریبی نێودەوڵەتی گروپی میوزیکی نالی و تیپی ھونەرەمیللییەکانی کورد لە سلێمانی بەرەو وڵاتی کرواتیا بەڕێکەوتن و بەر لە رۆیشتنیشیان لەھوتێل شیراتۆن کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا ھەریەک لە سەفین ساڵح سەرۆکی گروپی میوزیکی نالی و عەبدولعەزیز مەجید بەڕێوەبەرو راھێنەری تیپی ھونەرەمیللیەکانی کورد لە سلێمانی باسیان لە چۆنیەتی بەشداریکردنیان کرد.
لە سەرەتادا سەفین ساڵح باسی لەوەکرد ئەوان وەک گروپی میوزیکی نالی دووەم ساڵە لەو فێستیڤاڵە بەشدارن و ئەمساڵیش بە ھاوکاری و پاڵپشتی سەرەکی خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد بەو فێستیڤاڵە بەشدار دەبن و ئامانجیانە کلتووری کوردی بە گەلانی دنیا ئاشنا بکەن.
دواتر عەبدولعەزیز مەجید ئاماژەی بەوەکرد ئەوان وەک تیپی ھونەرەمیللییەکانی کورد لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەشدارییان کردووە، بەڵام یەکەمجارە لەو فێستیڤاڵە بەشداری دەکەن و کۆمەڵێک تابلۆی ھەڵپەڕکێی و فۆلکلۆری کوردییان ئامادەکردووە، ھەروەک ھیواشی خواست بتوانن کلتووری کوردی بە وڵاتان ئاشنا بکەن.
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا تیپی ھونەرەمیللیەکانی کورد لە سلێمانی بە ھاوکاری گروپی میوزیکی نالی چەند تابلۆیەکیان پێشکەش کرد.