سەدیق سەعید ڕواندزی
ڕوانگەی ئێمە بۆ شیعری کلاسیک بە گشتی تاکو ئێستا، لەو ڕوانگە تاکڕەھەندییە دەرناچێت، کە شیعری کلاسیک بە بە ئاماژە و گەڕانەوەیەک بۆ قۆناغ و سەردەمێکی دیاریکراو بناسێنین، ئەویش قۆناغی شیعری کلاسیکە. بەو مانایەی ھەر کات باسی ئەو قۆناغە دەکەین، جۆرێک لە تێڕوانینمان لا دروست دەبێت کە شیعری زەمەن و شوێنێکی دیاریکراوە و دەبێ پەیوەست بەو قۆناغە بخوێنرێتەوە و ببینرێت. بەدەر لەمە نەمانتوانیوە خوێنەوەیەکی فرە ڕەھەندانە بۆ ئەو قۆناغەی شیعری شاعیران بکەین، کە وەک مامۆستا مەسعود محمەد گوتەنی، یەک دێڕە شیعری ناڵی، ئەوە دەھێنێت چەندین ساڵ لێی بکۆڵییەوە. بێگومان ئەو ڕوانگە تاکڕەھەندیەی ئێمە بۆ شیعری کلاسیک، ئەگەر لە سەرێکەوە بۆ ئاڵۆزی و قووڵی مانای شاراوەی شیعرییانەی ئەو شاعیرانە بگەڕێتەوە، بەو پێیەی لە ڕووی زمان و دنیابینییەوە شیعری کلاسیک بە بەراورد لەگەڵ ھەر قۆناغێکی دیکەی شیعری کوردی، ئاڵۆز و خوێنەوەی وردەکاریی و بیرکردنەوە و شڕۆڤەکردنی قووڵی دەوێت، ئەوا بە بڕوای من لە سەرێکی دیکەوە بۆ نەبوونی دنیابینیەکی ھاوچەرخانە بۆ ئەو شیعرانە و بەستنەوەیان بە ئێستاوە دەگەڕێتەوە. بەو مانایەی ئێمە بە بەراورد لە گەڵ قۆناغەکانی دیکەی شیعری کوردی لە ھەفتاکان و ھەشتاکان و دوای ڕاپەڕینیش، کەمتر خوێنەوەمان بۆ شیعری کلاسیک کردووە، ئەوەشی ھەبووە لە ڕابردوودا، جگە لە ھەوڵە بەرچاوەکانی بنەماڵەی مودەریس و مامۆستا مسعود مەحمەد و چەند ھەوڵێکی دیکە، چیتر نەبووە. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە خوێنەوەیەکی دیکەی سەردەمیانە بۆ ئەزموونی شیعری شاعیرانی کلاسیک بە گشتی ھەیە و تیایدا شیعرەکانییان لە ڕوانگەیەکی دیکەی دەرەوەی ئەو ڕوانگە چەسپا و کلاسیکییە ببینین کە تاکو ئێستا باوە، چونکە ئەو خوێنەوە تاکڕەھەندییە، دەرگای خوێنەوەی تازە و ھەڵسەنگاندنی نوێ بە ڕووی شیعری ئەو قۆناغەدا دادەخات، کە ئەمەش لەگەڵ دنیابینی شاعیرە کلاسیکەکان و شیعرەکانییان یەک ناگرێتەوە، کە دەشێ خوێنەوەی جیاواز و نوێیان بۆ بکرێت. لەو سۆنگەیەوە، یەکێک لەو نووسەرە دیارانەی کە مەبەستیەتی بە دیدگایەکی سەردەمیانەوە لەو میراتە گەورەیەی شیعری کوردی بڕوانێت و بیخوێنێتەوە، (ڕێبوار سیوەیلی) یە. لە ڕاستیدا، ھەڵسەنگاندن و شرۆڤەکانی ئەم نووسەرە بۆ شیعری کلاسیکی کوردی، دەرگای مانای تازە و شاراوە بە ڕووی خوێنەران و ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرانەش دەکاتەوە، ئەمەش زۆر بە ڕوونی لە کتێبەکانی ( حاجی قادری کۆیی) و (گۆران) و ( نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنە) و (مەحوی) دیارە. ھەموو ئەو خوێنەوانە، دەرەچەیەکی نوێن بۆ شیعری کلاسیکی کوردی. کتێبی (نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرێنێتە) یەکێکە لەو کتێبە بە بەھایانەی، کە پێگە و شوناسێکی ئەدەبیانەی بەرزتر بە نالی و شیعرەکانی دەدات و نالی لە چوارچێوەی بەلاغە و ئاڵۆزی شیعری و دەردەھێنێت و دەیبەستێتەوە بە سەردەمێک کە سەردەمی ڕۆشنگەری و مۆدێرنەیە. بەو مانایەی ئەگەر مۆدێرنە بە بەرھەمی شۆڕشی پیشەسازی و ڕوانگەی ڕۆشنگەرەکان بزانین، ئەوا نالی، لە ناوچەیەکی دوورە دەست و لاتەریکی ئەم کوردستانە، کە شارەزوور و ھەڵەبجەیە، بەر لە فۆرمۆلەبوونی ئەو ھزرە مۆدێرنەیە کە بە بەرھەمی خۆرئاوا دەناسرێت، تێگەیشتن و بیرکردنەوەیەکی مۆدێرنانەی ھەبووە. ئەمەش بە ڕوونی لە شیعرەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە. بەستنەوەی نالی بە مۆدێرنە، وەک ئەوەی خانیش دوو سەد ساڵ پێشتر، بەر لە سەرھەڵدانی ھزری ناسیۆنالیزم، باسی ھزری نەتەوایەتی دەکات، دەروازەیەکی تازەی مانای شیعری بە ڕووی ئەزموونی نالی دەکاتەوە، کە خوێندنەوەی جیاواز لە دەرەوەی ئەو خوێنەوانەی تا ئێستا بۆ نالی کراون لەخۆ بگرێت. لە ڕاستیدا، بایەخی ئەم کتێبەی سیوەیلی، ھەر تەنھا لە ڕوانگەیەکی ئەدەبی نییە، بەڵکو مێژوویی و کولتووریشە، چونکە نووسەر لە دەسپێکی کتێبەکەیدا، بە وردی لە بارەی میرنشینی بابان، ڕۆڵی ئەو میرنشینە و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئەدەبیانەی ئەو میرنشینە و کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لە سەر نالی و شیعرەکانی باس دەکات. لەو ڕوانگەیەوەشەوە، نووسەر ئاماژە بەوە دەدات کە میرنشینی بابان، شێوازی حوکمرانیەتی و جیھانبینی میرەکان و پەیوەندییان بەو گەریدە و ڕۆژھەڵاتناسانەی سەردانی کوردستانیان کردووە، ژینگەیەکی کولتووری و فەرھەنگییان، بۆ فۆرمۆڵەکردنی شیعری نالی ھێناوەتە ئاراوە، کە تیایدا ڕوانگە و بیرکردنەوەی نالی ، لە لۆکاڵیەتەوە دەربچێت و ڕوانگەیەکی جیھانیانە وەربگرێت و دواجاریش لە ڕووی زمانی شیعرییەوە، ئەو جیاوازکەوتنەوەیە دەربکەوێت. چونکە میرەکانی بابان، کەسانی ھوشیارو تێگەیشتوو بوون و بەلایەنی کەمەوە ئاگایەکیان لە ھزر و ژیانی سەردەم ھەبووە، ئەمەش بە ئاشکرا لە گفتوگۆی نێوان خۆیان و ڕیچ دەردەکەوێت. کەواتا نالی لەو ژینگە کولتووریە ژیاوە و لە نزیکەوە ئەزموونی حوکمرانیەتی میرنشینی بابانی بینیوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر ھزری نالی ھەبووە. بە بڕوای نووسەر، بنەماکانی مۆدێرنێتە، بە شێوەیەکی سادە لە شیعری نالی دەبینرێت، ئەمەش لە دەرەوەی ئەو خوێندنەوە بەلاغیەیە کە شیعری نالی تەنھا لە چوارچێوەی جوانناسی زمان، بەلاغە، ڕەخنەکردنی ئایین و فیگەرە ئاینییەکان، ئیرۆتیک و وەسفی ژن، قووڵایی زمان دەبینێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە شیعری نالی لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە واتایە، ھەڵگری ڕەھەندی مانایانەی دیکەیە کە دەشێ لە چوارچێوەی ھزری مۆدێرنێتە ببینرێت. بێگومان ئەگەر ھوشیاری و درککردن، ئاگایی و بوونی ڕوانگەیەکی ڕەخنەیانە، پرسیار و گومانکردن لە بارەی بوون و دیاردەکانی ژیانەی سەردەم ، بە بنەمای ئەقڵێکی ڕۆشەنگەرانە بزانین، کە سەرەتای ھوشیارکردن و درککردنە بە مۆدێرنێتە، ئەوا نالی ئەگەر بە شێوەیەکی سادەش بووبێت، ئەو ھوشیاریەی ھەبووە و پێش دەرکەوتنی مۆدێرنێتە، شیعرەکانی ھەڵگری ئەو تایبتمەندیە مۆدێرنەن، کە ئاماژەن بۆ خۆجیاکردنەوەی نالی، لە کولتوور و شێوە ژیانی باوی سەردەم. نالی لە شیعرەکانیدا، ڕەخنەی ئایین دەکات و ھزر دەکاتە بنەمای ھەڵسەنگاندنی بوون و ژیان، لە ڕوانگەی سیوەیلی، دنیابینی شیعریانەی نالی، جۆرە دابڕانێکی لە سەردەم و ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو زەمەن و شوێنە دروستکردووە کە تیایدا ژیاوە. بۆیە زەمەن و شوێن جێدێڵێت و بیرکردنەوەی شیعریانەی لە لۆکالییەوە دەبێتە گەردوونی. نالی بە کارکردن لە سەر خود و بە سەنتەرکردنی خود، ھەوڵدان بۆ ئازادکردنی ئەو خودە لە کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و ترادسیۆنی، گومان و پرسیارکردن، بوونی تێگەیشتنێکی ڕەخنەیانە بۆ ئایین و لاھوتیەت و جۆرێک لە ھزری ڕۆشنگەرانەی لە شیعرەکانیدا بەرھەم ھێناوە. چونکە نالی لە بەشێکی زۆری شیعرەکانیدا، ڕوانگەیەکی ڕەخنەیی بۆ دیاردەکانی سەردەم، بە تایبەتیش ئایین ھەیە و کار لە سەر خود سەنتەری و ئازادیی مرۆڤ دەکات و مامەڵەیەکی دوور لە کۆنەپارێزی لەگەڵ خود و جەستە دەکات، وەک ئەوەی لە شیعری مەستوورە دەبینرێت. نالی لەو شیعرەیەدا، کە بێ ڕتووش وەسفی ئەندامەکانی مەستوورە و عەورەتی بە جۆرھا شێوە دەکات، ئەوا جەستە وەک ڕووبەرێکی ئازاد دەبینێت و لە دەرەوەی ئەو قەدەغە کراوە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیانەی دەردەھێنێت، کە بۆ ژن و جەستەی ژن لە ژینگە و کولتووری باوی سەردەمەکە ھەبوون. بەڵکو جەستە، وەک بەشێک لە ئازادیەکانی تاک دەبینێت و ئەو کۆت و بەندانەی لە سەر لا دەبات کە لەلایەن ئەوانیترەوە بۆی دروست کراوە. بەمەش نالی، وێناکردنێکی دیکەی جیاواز لەبارەی ژن و جەستە دەخاتە ڕوو. ئەمەش یەکانیگرە لەگەڵ ئەو بنەما مۆدێرنانەی کە ئازادی مرۆ ڤ ، ھەوڵدان بۆ سەنتەرکردنی خود و تێکشکاندنی ڕوانگەی دۆگمایی و ئایینیانە بۆ ئازادیەکانی مرۆڤ، دەکەنە بنەمایەک بۆ دەرچوون لە ئەقڵی کۆنە پارێزیی و ژیانی گشتی. نالی، ئاگایەکی ھزریی و شیعریانەی بۆ ئیرۆتیک، جەستەو ژن ھەیە لە دەرەوەی ئەو ڕوانگە قەدەغەکراوەی کە ژن وەک بوونەوەرێکی قەدەغەکراو دەبینێت. بە بڕوای سیوەیلی، کارکردنی نالی لە سەر ئازادکردنی خود و ھەوڵدان بۆ دەربازکردنی لە خودێکی پاسیڤگەراو بێ پرسیار و گومان، بۆ خودێکی ئەکتیڤ و ئازاد و دابڕاو لەو بازنە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییانەی مرۆڤی کوردی لەو سەردەمدا تیادا ژیاوە، بیرکردنەوەیەکن بارگاوین بە ھزرێکی مۆدێرنانە ئەگەر لە چوارچێوەیەکی سادەش بووبێت. چونکە مۆدێرنێتە، ھزری مرۆڤ لە ھزرێکی ترادیسۆنی و ئاینییەوە، بۆ ھزرێکی ڕەخنەیی و کراوە دەگۆڕێت و جۆرە تێگەیشتن و جیھانبینییەک دێنێتە ئاراوە، کە لە دەرەوەی بیرکردنەوەی باوی سەردەم و بازنە کۆمەڵایەتیەکەیە. بەم جۆرە نالی کار لە سەر خود ئاگایی دەکات و ئاگاییش بەشێکە لە پرۆسیسی خستنەگەری ئەقڵ و ڕوانگەیەکی ئەقڵانییە بۆ ژیان و دەوروبەر، کە ئەمەش دیدێکی مۆدێرنانەی جیاوازە لەو دیدە کلاسیکیەی کە چارەنووسی مرۆڤ بە نادیار و قەدەر دەبەستێتەوە. خەسڵەتێکی دیکەی مۆدێرنانە لە شیعری نالی، بایەخدانە بە زمان. لە شیعری نالیدا، زمان ھەر تەنھا توخمێکی ئەدەبی، ئامرازێک بۆ گەیاندن و واتای شیعری نییە، بەڵکو نالی زمان دەباتە ئاستێکی بەرزتر و شوناسێکی گەورەتری لە ڕوانگە کۆمەڵایەتیەکە پێ دەدات، ئەویش تەماشاکردنی زمانە وەک شوناسێکی سیاسی و نەتەوەیانەی جیاکراوە لەوانیتری تورک و فارس. نالی کە ھێندە شانازی بە زمانی کوردی دەکات و ئەو پایە گرنگە بە زمانی شیعرەکانی دەدات، ویستێکی شیعریانە نییە بە تەنھا، بە قەد ئەوەی ویستێکی سیاسی و نەتەوەیە، کە تیایدا ئاماژە بە بوونی نەتەوەیەک دەکات کە ناوی کوردە و تایبەتمەندی نەتەوەیانەی خۆی ھەیە کە یەکێکیش لەو تایبتمەندیانە زمانەکەیەتی. لێرەدا نالی، زمان وەک بنەمایەکی ھزری مۆدێرنانە دەبێنێت و لێی دەڕوانێت، کە بەشێکی گەورە، لە فۆڕمۆڵەبوونی بیری ناسیۆنالیانە پێکدەھێنێت. تەنانەت نالی ئەو کاتەی لەمەککەش بووە، شیعری بە کوردی لە ستایشی پێغەمبەر گوتووە, واتا زمان بۆ ئەو، تەنھا ئامرازێکی سادەی گەیاندن نەبووە، بەڵکو شوناسی نەتەوە و بنەمای بوون و مانەوەش بووە، بۆیە ھێندە بە شانازییەوە باسی ئەلفازی کوردی دەکات، کە کەس نەڵێت خۆ کوردییە و خۆ کردییە. لە ڕوانگەی سیوەیلیش ئەو بایەخدانەی نالی بە زمان، دەرەنجامی ھوشیاریەکی گەورەی ھزری و نەتەوەییە، کە بەشێکە لە تێڕوانینی مۆدێرنانە بۆ نەتەوە و چەمکی نەتەوە. لە کۆتایی کتێبەکەشدا، سیوەیلی بە گرنگییەوە باسی شارەزوور و ھەورامان، ڕۆڵی ئەو ناوچەیە و ژینگەی کولتووریانەی خەڵکەکەی لە پێگەیاندنی نالی و شیعرەکانی و ڕەنگدانەوەی لە سەر ژیانی نالی دەکات. دواجار دەلێم، ئەم کتێبەی سیوەیلی، خوێنەوەیەکی دیکەی جیاوازە بۆ نالی لەوانەی پێشووتر کراون، بە ڕاستی ھەوڵەکانی ئەم دوایەی نووسەریش بۆ خوێنەوەی شیعری کلاسیکی کوردی، بە دیدگایەکی دیکە کە کتێبی نالیش یەکێکە لەوان، ھەوڵی زانستی و مەعریفی جوانن، کە تیایدا لایەنێکی دیکەی شاراوە، بە ڕووی خوێنەران بە سەر شیعری کلاسیکی کوردی دەکاتەوە. بۆیە کارەکانی مایەی بەسەر کردنەوە و نرخاندنن ھاوکات بە یایەخەوە دەبێ خوێنەران بیخوێننەوە.
* پەراوێز: ناوی کتێب: نالی لە بەلاغەوە بۆ مۆدێرنێتە، نووسینی: ڕێبوار سیوەیلی، بڵاوکراوەی دەزگای زەریاب_ ٢٠٢٠ .
*ئەم بابەتە لە ژمارە (١٢) گۆڤاری وانەر بڵاوبۆتەوە.
Discussion about this post