سەدیق سەعید ڕواندزی
زمان لە مەودا کۆمەڵایەتییەکەیدا، ئامرازێکە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕاو ئەڵقەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان تاکەکانە، ئەم جۆرە زمانە کە زۆرجار بە زمانی شەقام ، میللی، ڕۆژانە ناو دەبرێت، ھیچ جۆرە ڕێکخستنێکی بابەتی و زمانەوانی ناوێت، چونکە لە بنەڕەتدا ئەرکی ئەو شێوازەی زمان لای ئێمە، تەنھا گەیاندنە نەک شێوازی گەیاندنەکەی، بەمەش ئەرکی ئەو زمانە تەنھا لە گەیاندنی مەبەستێکدا بە ئامانجی تێگەیشتن کورت دەبێتەوە و لەوێوە ئەرکی زمان وەک دەربڕین و گوزارشتکردن کۆتایی دێت، بەڵام ھەمان ئەو زمانە کاتێ ئەو مەودا کۆمەڵایەتییە جێدێڵێت و دەبێتە بەشێک لە زمانی نووسین و دەق، ئیدی فۆڕمێکی دیکە وەردەگرێت کە لە پاڵ گەیاندنەوە، شێوازی ئەو گەیاندنە و ماناو ڕەھەندی ئستاتیکی و ھونەریشی ھەیە، چونکە ئەمە زمانی دەقە، نەک زمانی میللی و شەقام. لێرەوەش ئەو زمانە، بەو تایبەتمەندییانە دەناسرێتەوە و پێی دەگوترێت زمانی نووسین بە مانا ئەدەبی و فەرھەنگییەکەی. لە نووسیندا ھەر تەنھا گوتن مەبەست نییە، بەڵکو چۆنییەتی ئەو گوتنەش دەبێتە جێی سەرنجی ئێمە. زمانی دەق ، زمانێکە لە ڕووی بونیادی ڕێزمانی و کردارەکانی زمانەوانی و داڕشتن و ڕێکخستنەوە، فۆڕمێکی تایبەتی ھەیە و ئەگەر ئەم ڕێکخستنەی زمان نەبێت، ئەوا جیاوازی لە نێوان زمانی نووسەرێک و ھەژارێک و کاسبکارێک نابێت، بۆیە کە دەگوترێت نووسین ھونەر و بەرپرسیاریەتییە، بەشێکی ئەو ھونەرە و بەرپرسیاریەتییە، پەیوەندی بە چۆنییەتی بەرجەستەکردنی ئەو زمانە و جیاکردنەوەی لە زمانی ئاسایی و شەقام ھەیە. گفتوگۆ و دیمانەی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی، گەلێک شێوەی ئەنجامدانی ھەیە، وەک ڕاستەوخۆ، پرسیار و وەڵام، نامە ، تۆمارکردن و ڕووبەڕوو واتا بێ زەمینە ڕەخساندن و ئامادەکردنی پرسیار و وەڵام، بەڵام لە ھەر کامێکی ئەم جۆرە گفتووگۆیانە، خاڵێکی گرنگ ھەیە کە دەبێ ئەنجامدەری گفتووگۆکە، وەک ئەلف و بێیەکی سەرەتایی لە کاری ڕۆژنامەوانی و نووسین بیزانێت، ئەویش داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی دەقی گفتووگۆکەیە، بۆ ئەوەی مۆرکێکی ئەدەبی و ھونەری وەربگرێت. ئەم جۆرە ڕیکخستنە لە ڕووی زمانەوانی و بابەتییەوە، بەشێکە لەو بەرپرسیاریەتییەی لە نووسین ھەیە، بۆ ئەوەی لە میانەی ئەو زمانەدا، ھیچ ڕووشانێکی کۆمەڵایەتی و کەسی، زمانێکی زبر بوونی نەبێت. ئەمە بەو مانایە نییە، دەستپاکی لە گواستنەوەی دەربڕین و وەڵامەکان ڕەچاو نەکرێت، بە پێچەوانەوە بەڵکو بەو مانایەی ئەو زمانە وەک زمانی نووسین و ئەدەب ببینرێت و بخوێنرێتەوە. مرۆڤێکی تەنیا لە نێو کەوشەنی کتێبدا، دەقی دیمانەیەکە، کە جووتیار قارەمان لەگەڵ ( عەزیز گەردی) ئەنجامی داوە. ئەم گفتووگۆیە، کە بە شێوەی کتێب بڵاوبۆتەوە، سەرەتاییترین بنەمای دیمانەی ئەدەبی، زمانی نووسین، پرسیاری مەعریفی تێدا نییە. ئەم گفتووگۆیە، بە زمانێک ئەنجامدراوە، نەک زمانی نووسین نییە، بگرە ھەنگاوێک لە دواوەی زمانی شەقامیشە بە مانا میللییەکەی. من کاتێ لە خوێنەوەی ئەو کتێبە بوومەوە، شۆک بووم کە ئەمە زمانی وەرگێڕێک بێت، کە نزیکەی دوو سەد کتێبی نووسیوە و وەرگێڕاوە. لەو کتێبەدا، بەر زمانێک کەوتم، سەیرم پێھات دیمانە و گفتووگۆی ئەدەبی بەو زمانە بکرێت!
ھەر لە دەسپێکی دیمانەکەوە، گەردی بە جووتیار دەڵێت:_( وەر با باسی ئەو سەگبابانە بکەین )، وەک ئەوەی دانیشتنی کۆمەڵایەتی و میللی بێت، نەک باسی ئەدەب و زمان ! دواتریش دەکرێ بپرسین، حیکمەت لەوە دا چییە باسی خەڵکی سەگباب بۆ خوێنەر دەکەن؟ لەو کتێبەدا، بەر چەندین وشەی وەک :_( قەحپەباب ، سەگیاب، فشەکەر، گوو ) کەوتم، کە لە میانەی وەڵامی گەردی بۆ پرسیارەکان دەربڕدراون. بێگومان ئێمە دەزانین گەردی بە ھۆی ئەو بارودۆخە دەروونییە کوشندەیەی تیایدا دەژیا، جۆرێک لە ئاڵۆزیی و ناھاوسەنگی لە کەسایەتی و بیرکردنەوەو ڕەفتاری ڕۆژانەی دروست ببوو، وەک ئەوەی ھەمیشە لە بارەیەوە دەگوترا، بەڵام ئەمە ئەرکی ئەنجامدەری دیمانەکە بووە، کە بەو زمانە سادە و بێ ئەرزشە، دەقی وەڵامەکانی گەردی نەنووسێتەوە، بە تایبەتیش کە خۆی لە ژیان نەماوە. گەردی لەو کتێبەیدا، گاڵتە بە دەیان نووسەر و سمبولی ھزری و ئەدەبی ئێمە دەکات و بە بێ ئاگا و نەزان ناویان دەبات، بێ ئەوەی بەڵگەیەکی زانستی و بڕوا پێ ھێنەر لە بارەیانەوە بخاتە ڕوو. لە بارەی مامۆستا موممتاز خەیدەرییەوە دەڵێت:_ کوڕە ھیچ نییە، کابرایەکی داھێنەر نییە، بەڵگەنامە چییە؟ ھەر بایەخی نییە) چۆن دەبێت وەرگێڕێکی وەھا بە ناو و دەنگ بەم شێوە سادە و بێ بایەخەوە بڕوانێتە بەڵگەنامەی مێژوویی و ئەرشیفی؟ باسی مەسعود محمەد، سەجادی، مارف خەزنەدار، عیزەددین مستەفا ڕەسول، دڵدار) دەیان کەسایەتی ڕۆشبیری دیکە دەکات. واتا لە پاڵ ئەم وشە میللی و زبر و ڕووشکێنانە، ناوی ئەو نووسەرانەش دەھێنێت و زۆربەیان بەنەزان و بێ ئاگا دەناسێنێت. لە کاتێکدا ھەموو کورد بە ئێستاشەوە، یەک (مەسعود محمەد) ی ھەیە. گریمان لە ھەر گفتووگۆیەکی ئەدەبی دابێت، ھەندێک وشە ودەربڕین، پرسیار و بابەت پێویست نین، یاخود خزمەت بە لایەنی ئەدەبی و فەرھەنگی ناکەن ، یانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان، ڕووشانی کەسی و کۆمەڵایەتی بۆ ھەندێک کەس تێدایە، بەڵام دەبێ ئەوانە لاببرێن، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو وتانە لە سەر زاری کەسێکەوە بگوترێن، کە خۆی لە ژیان نەما بێت، ئەو کات گومان دروست دەبێت، کە دەربڕینەکان ھی ئەو بن، یاخود ئەگەر لە ژیانیش مابێت، کێ دەڵێ ڕەزامەند دەبێت بە بڵاوکردنەوەیان؟ بۆیە لە ھەردوو ڕووەکەوە، جووتیار قارەمان، کارێکی نا ئەدەبی و نابەرپرسیارانەی کردووە و پێ بزانێت یان نا، ئەوەندەی تر عەزیز گەردی لە نێو کەوشەنی کتێبدا تەنیاتر کرد و بگرە ناشرینیشی کرد، چونکە وەک گوتم ئەمە لە زمانی نووسەرێک و وەرگێڕێک ناچێت، کە یەکێکە لە ئایکۆنە دیارەکانی دنیای فەرھەنگی کوردی.
لەلایەکی دیکەوە لەو دیمانەیەدا، گەردی ڕیشەی ھەندێک وشەی کوردی دەباتەوە سەر لایەنێکی فەرھەنگی و زمانەوانی، کە ھیچ بنەمایەکی زانستی و زمانەوانیان نییە، بۆ نموونە : گەردی دەڵێت وشەی (پسپۆر) ھی شوانانە شوان بە کاری دێنن، بێ ئەوەی پێمان بڵێت چۆن ئەم وشە زانستی و فەرھەنگی و دەلالییە ھی شوانەکانە؟ یاخود دەڵێت وشەی (کۆڕ) لە مەڕەکانەوە ھاتووە و دەگوترا مەڕەکان کۆڕیان کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وشەکە ( ڕێسکە ) نەک کۆڕ. ئەم جۆرە گوزارشتانە لە زمان، بە تایبەتیش کە ئەو کەسەی لێکدانەوەی بۆ کردووە خۆی لە ژیان نەماوە، بۆچوونی زانستی و زمانەوانی نین، بە تایبەتیش کە ھەمووان دەیانزانی ئەم وەرگێڕە لە چ بارودۆخێکی دەروونی دابووە، کە ئەم دۆخە دەروونییە کاریگەریەتی بە سەر بیرکردنەوەی ھەبووە. دواجار دەڵێم ئەم جۆرە دیدارانە، لە بری ئەوەی خزمەتی کایەی فەرھەنگی و ڕۆشنبیریی کوردی بکەن، بە داخەوە لێ کەوتەی کۆمەڵایەتی و کەسی خراپی لێ دەکەوێتەوە. گەردی لەو دیمانەدا، باسی چەندین کەس دەکات، بە نەزان و ھیچ لە باردا نەبوو ناویان دێنێت، لە کاتێکدا ئەمانە ھەموویان، نووسەر و بیر مەندی دیار و بە توانا بوونە و خزمەتیان بە کایەی زمان و ئەدەبی کوردی گردووە، گریمان ئەمە باری سەرنجی ئەویش بێت، بۆ نووسەران کە ھەمیشە ھاوڕێیەکی نەبووە و بڕوای وابووە ھەموو کەسانی دەوروبەری جاسووسن ! بەڵام نەدەبووایە جووتیار قارەمان، لە دوای مەرگی گەردی بڵاویان بکاتەوە و ئەوەندەی تر ئەو مرۆڤە تەنھاتر و گۆشەگیرتر بکات. دیمانەی ئەدەبی، ھەر تەنھا گواستنەوەی وەڵامی پرسیار و دەربڕینەکانی نووسەر نییە، بە تایبەتیش ئەگەر تۆمارکراوبێت، بەڵکو دەبێ دابڕێژرێتەوە، ڕێکبخرێت و لە ڕووی زمان و نووسینەوە جۆرێک لە ھونەرو بەرپرسیاریەتی پێ بدرێت. لە کۆتاییدا ڕووی ڕەخنەم ئاراستەی دەزگای سەردەم دەکەم و دەپرسم، ئێوە ئەو کتێبەتان بەر لە چاپکردنی خوێندۆتەوە ؟ ئەگەر خوێندووتانەوە چۆن دەبێت کتێبێک بەو زمانە و بەو ھەموو کەموکوڕییەوە چاپ و بڵاو بکەنەوە؟ ئەگەریش نەتان خوێندۆتەوە دەکرێ کتێبێک بێ خوێندنەوە چاپ بکرێت؟ ئایا مەرجە ھەر وەرگێڕێک و نووسەرێک کە بە ناو و دەنگ بوون، ھەرچی گوتیان و نووسییان لە جێی خۆی دابێت و شیاوی ڕەخنە و ڕەت کردنەوە نەبێت و دەبێ بۆی چاپ بکرێت؟!
پەراوێز: ناوی کتێب، مرۆڤێکی تەنیا لە کەوشەنی کتێبدا، جووتیار قارەمان، بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم، ساڵی چاپ _ ٢٠٢٣.
*ئەم بابەتە لە ژمارە (٣٥)ی گۆڤاری دیوان ئایاری ٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post