بۆ کوڕانی شارەکانی دیکەی کوردستانیش گۆرانی دەچڕم.
لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنیدا بۆ ناو دنیای گۆرانی، میدیاکان زۆر گرنگیان پێ دا و لە زۆربەی ڕٍۆژنامە و گۆڤارەکاندا دیمانە و ھەواڵیان بڵاو دەکردەوە. ئەو جگە لەوەی ڕووخسارێکی جوانی ھەیە، سەمایەکی جوانیش دەزانێت.
خانمەگۆرانیبێژ (ناسڵی)، گۆرانییەکی بە ناوی “کوڕی ھەولێر”ـی بە کلیپەوە بڵاو کردەوە، بەڵام ئەو لە ڕێگەی ھەفتەنامەی “ھونەر”ـەوە، ئاماژە دەدات کەوا لە پڕۆژەکانی داھاتوویدا، بۆ کوڕانی شارەکانی دیکەی کوردستانیش گۆرانی دەچڕێت، بەڵام دەبێت کارەکە کارێکی جوان و باش بێت.
*دەکرێت بزانین ژیانی منداڵیت چۆن بووە و دواتر چۆن چوویتە ئەورووپا؟
ــ تەمەنم زۆر بچووک بوو کە بەرەو ئەورووپا ڕۆییشتین و لە وڵاتی سوێد گیرساینەوە، بەڵام من منداڵێکی تۆزێک بزێو بووم و بە منداڵی حەزم دەکرد ھەموو شتێک بزانم کە ڕوو دەدات.
*گۆرانییەکی جوانت پێشکەش بە کوڕانی شاری ھەولێر کرد و ئەو گۆرانییە بووە مایەی دڵخۆشی و ڕەزامەندیی کوڕانی ھەولێر، ئایا پێی وا نییە ئەم گۆراییە، کوڕانی شارەکانی دیکەی نیگەران کردوە بەوەی ئەوانت بێبەش کردووە؟
ــ من وەک لە سەرەتادا گوتم، خەڵکی شاری ھەولێرم، پێم خۆش بوو کارێک بکەم بۆ ئەو شارە، دواتریش مامۆستا (ھەڵکەوت)، بۆ خۆی تێکستەکەی نووسی و میلۆدی بۆ دانا، ئەو ڕای وا بوو کە من خەڵکی ئەو شارەم و پێویستە کارێکی وا بکرێت. من ھەموو لایەکم خۆش دەوێت و بۆ گەنجانی شارەکانی دیکەیش گۆرانی دەڵێم، بەڵام ئەگەر دەرەفەت ھەبێت و کارەکەیش کارێکی باش بێت.
*جوڵە و سەماکردن، تا چەند بۆ گۆرانیبێژی ئافرەت پێویستە؟
ــ کەوتووەتە سەر ستایلی ئەو ھونەمەندە، ئەگەر کارەکانی سەما و جوڵە بخوازێت، ئەوا گرنگە بکرێت، ئەگەرنا، پێویست ناکات.
*بەو ماوە کورتەی ھاتوویتە نێو گۆڕەپانی ھونەری کوردییەوە، لایەنگران و ھەوادارانی دەنگی خۆت چۆن دەبینی؟
ــ زۆر ڕازیم، زۆر نامە و دەستخۆشیم بۆ دێ و ھەمیشە دەپرسن، کاری نوێت کەی بڵاو دەبێتەوە؟ سوپاسی جەماوەری خۆشەویست دەکەم.
* لە کاتێکدا لە شاری ھەولێر ھەست بە لایەنگر و ھەوادارێکی زۆری دەنگت دەکەی، بیرت لەوە نەکردووەتەوە کە کۆنسێرتێک لەو شاردا ساز بدەی؟
ــ لە بەرنامەمدایە، بەڵام ئەوەیش کاتی پێویستە.
*پێت وایە ھونەرمەند لە کوێ دەتوانێت زیاتر پەرە بە ھونەرەکەی بدات؟
ــ بێگومان لە کوردستان.
*کام بەرھەمەت وات لێ دەکات کە ھەمیشە شانازی بە خۆتەوە بکەیت؟
ــ ھەموو کارەکانم بۆ من جێی شانازین، چونکە (ھەڵکەوت زاھیر) بە باشی کارەکانم بۆ دەکات،
بەڵام گۆرانیی “کوڕە ھەولێری” و “ڕەش و سپی”ـم زۆر خۆش دەوێن کە لەگەڵ گۆرانیبێژی دەنگخۆش کاک (میرا)ـدا بەیەکەوە گوتوومانە. زۆریش بە دەنگی کاک (میرا) سەرسامم.
*ئێستا ھەندێک لە گۆرانیبێژان جگە لە زمانی کوردی، بە زمانی بیانیش گۆرانی دەچڕن، ئایا تۆیش ئەو ھەوڵەت داوە؟
ــ لەبەرنامەمدایە و دواتر کاری لەسەر دەکەم.
*چۆن دەڕوانیتە ژیانی تاراوگە؟
ــ زۆر ناخۆشە لە لام.
*چۆن بوو ھەر لەگەڵ ھاتنت بۆ ناو گۆڕەپانی ھونەر، کارەکانت بە (ھەڵکەوت زاھیر) سپارد؟
ــ گۆرانیگوتن خەونی منداڵیم بوو، قەت گوێم لە گۆرانیی کوردی نەگرتبوو و بەھۆی کارەکانی مامۆستا (ھەڵکەوت زاھیر)ـەوە، حەزم چووە گۆرانیی کوردی، چونکە ئەو زۆر زیرەک و بەتوانایە و دەزانێ گەنجی ئەمڕۆ حەز بە چی دەکەن، نەک ھەر من، ھەزاران گەنجی لە ئەورووپا بە گۆرانیی کوردی و کوردستان ئاشنا کردەوە. من کە گوێم گرت، ھەستم کرد یەکێ ھەیە کار دەکات و لە ھەستی لە گەنجانی ئەورووپا نزیکە. گەڕام تا دۆزیمەوە، پێوەندیم پێوە کرد و زۆر یارمەتی داوم و تا ماوم، ناتوانم دڵسوزیی ئەو مامۆستا بەڕێزە لەبیر بکەم.
*کلیپ تا چەند بۆ ناساندنی گۆرانیبێژ پێویستە؟
ــ کلیپ بۆ ھەموو کاتێک پێویستە، بەڵام بە داخەوە میدیاکانی کوردستان، دژایەتیی نۆێخوازی دەکەن و ڕێگرن لەبەر دەم کلیپەکاندا.
*ئەگەر بێت و ئاوازدانەرێکی دیکە بێت داوای کارکردنت لێ بکات، ئامادەیی خۆت چۆن دەردەبڕی؟
ــ من تەنیا لەگەڵ (ھەڵکەوت زاھیر)ـدا کار دەکەم و ئاوازی کەسم ناوێت.
دیمانە: کارۆخ مەلائەسعەد
٠٠٩٦٤٧٥٠٧٧٦٧٠٣٦
Sam_gr_music@hotmail.com