لەهەر هونەرمەندێکمان دەپرسى ناسکە لە کوێیە؟ دەیانگوت: لە دەرەوەى وڵاتە، دواى پرس و گەڕانێکى زۆر، ئەومان لە قوتابخانەیەکى شارى هەولێر دۆزیەوە، کە خەریکی وانەگوتنەوە بوو، سەرەتا رازى نەبوو، بەیەک وشە قسە بۆ راگەیاندن بکا،
دواى گفتوگۆیەکى زۆر، خاتوو ناسکە ڕازى بوو، تەنیا هۆکارى ونبوونى خۆى ئاماژە پێ بکات، بە(سڤیل)ـى گوت، “دەمێکە دەستم لە شانۆ و تەمسیل هەڵگرتووە، تازە نامەوێ ناوم بگەڕێتەوە ناو شانۆ و راگەیاندن و خەڵک، هێشتا تەعلیق و ئازارەکانى پێشووم لەبیر نەکردووە”.
ئاواز مەحموودى شانۆکار، کە لە تەمیسلى (هەبوو نەبوو)ـى ساڵانى هەشتاکان ناسراوە بە(ناسکەخان)، ئەو لە ساڵى 1963 لە شارى هەولێر لەدایکبووە و ئێستا لە یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانى شارى هەولێر مامۆستایە.
ئەو هونەرمەندە، کە بە رۆڵى (ناسکەخان) بەشدارى لە تەمسیلى (هەبوو نەبوو) کرد، کە لەساڵى 1980 لە شارى هەولێر بەرهەمهێنرا، لەوێشەوە ناوى چووە سەر زارى نەوەى هەشتاکان، بەجۆرێک تێیدا سەرکەوتوو بوو، کە بەهەموو کچێکی ژیر دەگوترا (ناسکەخان). وەک خۆیشى بۆ (سڤیل) دەڵێ “تەمسیلى (هەبوو نەبوو) کە لەلایەن هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان دەرهێنانى بۆ کرا، یەکەم و دواهەمین کارى تەلەڤزیۆنى من بوو، کە زۆربەى هونەرمەندە بە تواناکانى شارى هەولێر بەشداریان تێدا کرد، ئێستا هەست بەو خۆشحاڵییە دەکەم، کە دەبینم ئەو تەمسیلە وەک نموونەى کارە جوان و زێڕینەکانى تەمسیلى کوردى ناودەبرێ”.
ناسکەخان زۆر بە زوویى دەرکەوت و ونبووەوە، وەک ئەوەى تەنیا ویستبێتى تواناى نواندن و بوێرى خۆى لەبەردەم شاشەى کوردى نیشان بدا و بڕواتەوە، بەڵام ئەو ئاماژە بەوە دەدات، دوورکەوتنەوەى لە شانۆ هەروا لەخۆڕایى و بێ هۆکارى نەبووە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بە هەموو هۆکارەکان بکات، (ناسکەخان) گوتى “سەرەکیترینیان تەعلیقى دەورووبەرم و خەڵکى شارەکەم بوو، بە جۆرێک بێزاریان کردم، تەنانەت هەندێجار دەمویست بۆ هەر شوێنێک بچم، قیناع بۆ دەموچاوم دابنێم و خەڵک نەمناسێتەوە، ئیتر بەمشێوەیە چۆن دوورنەکەومەوە”. ناسکەخان ئێستا دایکى 6 منداڵە و یەکێ لە کچەکانیشى شووى کردووە، خۆشحاڵە کە دەبینێ رەخنە و تەعلیقەکانى دوێنێى خەڵک، ئەمڕۆ بۆ دەستخۆشى و رێزگرتنى ئەو پێچەوانە بۆتەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت “خۆزگە ئەوکات خەڵک لە مەبەستى ئێمە تێدەگەیشت، وەک چۆن ئێستا تێگەیشتوون، داواى بەرهەمى لەوشێوەیە لەهونەرمەندانى ئێستا دەکەن”.
هیچ ئافرەتێکى شانۆکار نییە لەکوردستان، کە پێش (ناسکەخان) دەستى پیاوێکى هاوپیشەى خۆى گرتبێ، ئەو وەک یەکەمین شانۆکارى ئافرەت لەکوردستان، لەبەردەم کامێرا دەستى پیاوە شانۆکارێکى هاوپیشەى خۆى گرت، کە کاکە رەجەب بوو، (سەعدون یونس).
ناسکەخان پێیوایە بەشێکى زۆرى قسە و قسەڵۆکى خەڵک بۆئەوە بوو، کە چۆن ئافرەتێکى غەریبەى بێمرد دەستى پیاوێک بگرێ بۆ خاترى تەمسیل، کە هەموو خەڵکى شار دەیبینێتەوە؟ بەڕاست ئەوە بۆ ئەوکاتە هەروا ئاسان و کەم بوو؟ ناسکەخان گوتى “کاتێک سەباح عەبدولڕەحمانی دەرهێنەر داواى کرد دەستى رەجەب بگرم (سەعدون یونس)، زانیم ئەو دیمەنە بۆ من قورسە و لەوانەیە خەڵک وا بەئاسانى قبووڵى نەکات، بەڵام هونەرمەند (جەودەت)ـى برام، کە پاڵپشتم بوو و پێیگوتم: ئاساییە دەستى رەجەب بگرە، ئەوە تەمسلیە، لەکاتێکدا من خۆشم ئەوەم دەزانى بۆ رۆژگار و سەردەمێکى وەکو ئەوکات دەبێتە بوێرى من، بۆ ئەمڕو باسى لێوە دەکرێتەوە”. بەڵام ناسکەى بوێر ئامادە نییە دیسان بگەڕێتەوە بۆ شانۆ، بەڵکو ئەو کارە هونەرییەکانى خۆى وەک یادگارییە شیرینەکانى ژیانى خۆى دەهێڵێتەوە، دەشڵێ “نێوانى من و شانۆ تەواو بووە، باوەڕیش ناکەم ناسکە دووبارە بێتەوە سەر شانۆ”. ئەو باس لە تەمسیلى (هەبوو نەبوو)ـى 30 ساڵ پێش ئێستا دەکات، کە وەک خۆیشى ئاماژەى بۆ کرد، ئێستاش لە کاتى پەخشکردنیدا لەگەڵ منداڵەکانى خۆیدا، وەک یادگارییەک تاتەواو دەبێت بە دیارییەوە دادەنیشن، ناسکەخان دەڵێ “لەبەرئەوەى بە تەمەندا چوومە و حیجابیشم کردووە، زۆرجار قوتابییەکانم پێمدەڵێن: مامۆستا ئەگەر توڕە نەبى، پرسیارێکمان هەیە، تۆ ناسکەى تەمسیلى (هەبوو نەبوو)ـى؟ دەورووبەرم دوودڵن، کە من ناسکە بم”.
لەو بارەیەوە هونەرمەند سەعدون یونس (رەجەب)ـى تەمسیلى (هەبوو نەبوو)، لە لێدوانێکیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ناسکە کچێکى بوێر و زیرەک بوو، پێشیوایە زیرەکى ئەو ئافرەتە وایکرد، بە شێوەیەک ناسکە و رەجەبى لەسەر شانۆدا گونجاند، کە خەڵکانێکى زۆر وایاندەزانى ئەوە حەقیقەتە، نەک هەر تەمسیلێک بێت و بەس، گوتى “بەداخەوە لە ئەنجامى ئەو بیرکردنەوە تەسکەى کۆمەڵگەى کوردى، نەیانهێشت نە ناسکە و نەچەندین ئافرەتى وەک ئەو بمێننەوە و زوو بزر بوون، کە ئەوە پێویستى بە خەباتێک هەبوو، کە لەسەردەمى خۆماندا ئەو خەباتە لەخۆمانەوە دەستمان پێکرد، من خێزانم و منداڵەکانم هێنایە سەر تەختى شانۆ و ناو تەمسیل، خۆشەویستى شانۆ هەمووانى کۆکردبوویەوە، بەداخەوە ئێستا هەرچییەک هەبێ، خۆشەیستى هونەر و میللەت لەناو هونەرمەندەکان نەماوە”. رەجەب ئەوەشى گوت، کە لەبەر باڵکێشانى سیاسەت و حیزبایەتى بەسەر هەموو بوارەکانى دیکەوە، ناچار بە جێهێشتنى کوردستان بووە و گوتیشى “لە عێراق و کوردستان هەموو شتێک بووەتە سیاسەت. هونەر و رۆشنبیرى کەوتۆتە پشتەوەى هەموو بوارەکان، کە سیاسەت پەتکی لە ملی هونەر کردووە، بە دەیان هونەرمەندیش رازى نەبوون، ئەو پەتکە لە ملیان بکرێ و یەک لەوانیش من بووم، لە ناچاریش بوو کوردستانم جێهێشت و بە شێوەیەک لە شێوەکان بزبووم”. رەجەبى (هەبوو نەبوو) دێتەوە سەر باسى ناسکەخان و ئافرەتە هاوشێوەکانى، کە دڵیشى نایەت خێزانەکەى خۆى بە رەحمەتى ناوببات، دەشڵێ “سەمیرەخانى من، کە دڵیشم نایەت بڵێم بەرەحمەت بێ، یەکەم ئافرەتى کورد بوو، کە بە ناونیشانى ئەکتەر لە کوردستان دامەزرا، ئەو ئافرەتانەى وەک سەمیرەخانى من و هاوشێوەکانى ناسکەخان بە ئەخلاق و رەوشتێکى بەرزى هونەرییەوە شۆڕشیان لە شانۆى کوردى دروست کرد. کەچى ئێستا دەبینین زۆر ئافرەت هەیە، دێتە ناو تەلەڤزیۆن و تەمسیل دەکا، بەڵام ئایا جێگاى رێزلێنانیانە یان جێگاى گاڵتە پێکردنیانە؟! ئێمە بە شێوەیەک تەمسیلى (هەبوو نەبوو)ـمان دەکرد، تەنانەت قاسم محەمەد کە نووسەرى بەرهەمەکە بوو، لە سیمینارێکى بەغدا گوتى: ئەو هونەرمەندانە لە خەیاڵى من تەجاوزیان کرد و زیاتر تێپەڕین”.
سەبارەت بەو دیمەنەش کە (ناسکەخان) دەستى (رەجەب) دەگرێ و بەیەکەوە دەچنە کەلاوەکەیانەوە، رەجەب دەڵێ “ئیحراجترین دیمەن لاى (ناسکە) ئەوە بوو، کاتێک (ناسکەخان) دەستى گرتم و گوتم: ئەى.. ناسکە خان دەڵێ چییە؟ منیش دەڵێم: نەرمۆکە و گەرمۆکەیە.. ئەو دەڵێ چى؟ منیش دەڵێم دەستت دەستت. ئەو دیمەنە زۆر زوو چووە ناو خەڵک و تەنانەت کەوتە سەر شەقام، یەک دەستى یەکێکى دەگرت و دەیگوت: ئاى نەرمۆکە و گەرمۆکەیە، رەجەب لە کێى. بە هەڵە لەو دیمەنە تێیگەیشتن، کە ئێمە مەبەستمان خۆشەویستى و دەستبەرداهێنان بوو، بەداخەوە هەر لەبەرئەوەش (ئاوازخان) بەر تەعلیقى خەڵک کەوت و تۆراندیان”.