كارۆخ مەلائەسعەد “گۆرانیبێژ (ناسلی) ئێستا لە كوردستانە و سەردانی ئەم جارەیشی بە مەبەستی چەند پڕۆژەیەكی هونەرییە، ئەو بۆ “هەولێر” گوتی: “دیارە هەمیشە سەردانی كوردستان بۆ من زۆر خۆشە و دڵخۆیشم دەكات، سەردانی ئەم جارەیشم بە مەبەستی بڵاو كردنەوەی دووەم سیدییمە بە ناوی (نۆتی).”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: “دووەم ئەلبوومم تەواو بووە و لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا دەكەوێتە بازاڕەوە و، كۆی تراكەكانی ناو ئەو بەرهەمە تازەیشم لە 11 گۆرانیی پێك هاتووە و سەرجەم میلۆدی گۆرانییەكانیش لە لایەن مامۆستا (هەڵكەوت زاهیر) دانراون، كاری دەنگ (كاوە شێخ) ئەنجامی داوە و، دابەش كردنیش لە لایەن (هێمن حوسێن)ـەوە جێبەجێ كراوە و، كۆمپانیای ( ڕەنج ) ئەركی كلیپ و بەرهەمهێنانی گرتە ئەستۆ.”
لەبارەی تێكستی گۆرانییەكانیش دەڵێت: ” تێكستی گۆرانییەكانم لە لایەن چەند شاعیرێكەوە دانراون، وەكوو (بەرهەم عەلی، كاوە حوسێن، حەمە سەعید ئیبراهیم، زانا جەبەلی، (ئاكام ئاكرەیی) هەروەها 5 تێكستیش (هەڵكەوت زاهیر) نووسیویەتی.”
زیاتر قسەی لەسەر ئەو كارە تازەی كردوو و گوتی: “دوو گۆرانیم بە شێوەی دوێت لەگەڵ گۆرانیبێژ (میرا ) گوتووە و، هەردوو گۆرانییەكەیشم كلیپ كردووە. وەلێ بە زاراوەی كرمانجیش دوو گۆرانیم چڕیوە، هەروەها چەند گۆرانییەكی تایبەت و نوێم بە بیرۆكەی سەردەمییانە بەرهەمهێناوە.”