ئا: رۆشنە عومەر : ناسڕی ڕەزازی هونەرمەندێكی ناسراوی كوردستانە و خاوەنی شێوازێكی تایبەتی دەنگی خۆیەتی و دەیان ساڵە خەڵكێكی زۆر گوێ لەدەنگی دەگرن. لە چاوپێكەوتنێكدا هونەرمەند ناسری رەزازی بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری (گوڵان)ی دایەوە .
***
* تا چەند گرنگە هونەرمەند هەموو ساڵێ بەرهەمی تازەی هەبێ؟
-هەندێ شت مەرج نییە و پێویست نییە هەموو ساڵێ بەرهەمی تازەت هەبێ، گرنگ ئەوەیە ئەو بەرهەمەی كە بڵاوی دەكەیتەوە چی بێ. بە ڕای من ئەگەر هەموو رۆژێكیش گۆرانییەك و دوو گۆرانی تۆمار بكەیت و بڵاوبكەیەوە تاوان نییە و مافی خۆتە، بەڵام ئاخۆ ئەو بەرهەمانە دەچنە ناو دڵی خەڵك؟ هەر مرۆڤێك لە كاتی خۆیدا و لە سەردەمی خۆیدا دەتوانێ یان توانیویەتی بەرهەمێكی زۆر بخوڵقێنی و بڵاوی بكاتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە بەكەڵك بێن، كاتی خۆی هەر كام لەو گۆرانیبێژانە، بۆ نموونە حەسەن زیرەك، محەممەدی ماملێ، مەزهەری خالقی و هیدیكە رۆژانە چەند گۆرانییان تۆمار كردووە، بەڵام مرۆڤیش هەر ئەوەندی پێیە كە رۆژێك دێتە كۆتایی و ئیتر هیچی پێ نامێنێ. من ئاگادارم حەسەن زیرەك لە رادیۆی كرماشان رۆژ هەبووە چوار پێنج گۆرانیی تۆمار كردووە، بەڵام كە تەمەن چووە سەرێ ئیتر لەگەڵ تەمەنیش هەموو ئەندامەكانی لەشیش پیر دەبێ بە گەروویشەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانە گرنگ ئەوەیە ئەو بەرهەمەی كە بڵاوی دەكەیتەوە پوخت و پاراو بێ .
* ئەو ئافرەتانەی هاتوونەتە ناو بواری گۆرانی كوردی توانیویانە رێگەی ئایشەشان و مریەم خان بگرن یان جێگایان پڕ بكەنەوە؟
– ئەو سەردەمەی كە ئایشەشان و مریەم خانی تێدا دەژیان سەردەمێكی دیكە بوو، لە دنیای ئینتەرنێت و سەتەلایتدا قەت قەت دوو كەسی دیكەی وامان تێدا هەڵناكەون ئەگەریش هەڵكەون، جیاوازییان زۆر دەبێت. ئەو ژنانەی كە ئەمڕۆ هاتوونەتە ناو گۆڕەپانی گۆرانی كوردی كەسێكی وایان تێدا نابینم كە ئەو رەسەنایەتیەی جارانیان لە گۆرانییەكانیاندا لەبەرچاو گرتبێت یا پاراستبێت. ئایشەشان و مریەم خانیش گۆرانیی فۆلكلۆریان وتۆتەوە و هیچی دیكە، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە، لەو سەردەمەدا گۆرانیی بڵێن. ئەم ژنانەی ئەمڕۆ، هەر ئەوەندە كە توانیویانە گۆرانیی بڵێن بۆ خۆی كارێكی بوێرانەیە و جێگەی رێزە.
* هیچ لە گۆرانییەكانت لەلایەن هونەرمەندە گەنجەكانەوە وتراوەتەوە؟ ئەگەر وتراوەتەوە توانیویانە سەركەوتووانە بیڵێنەوە؟
– بەڵێ وتراون و زۆرن ئەو گۆرانیبێژانەی كە گۆرانی منیان وتۆتەوە، سەركەوتون، منیش بۆ خۆم گۆرانیی گۆرانیبێژانی بەر لە خۆمم وتۆتەوە تا توانیومە رێگەی خۆم ببینمەوە، ئەوە كارێكی ئاسایییە و دەبێ واش بێ، بەڵام هەتا كۆتایی هیچ گۆرانیبێژێك ناتوانێ هەر لاسایی بكاتەوە و خۆی بەرهەم نەخوڵقێنێ.
* مردنی خاتوو مەرزیە تاچەند كاری كردە سەر گۆرانییەكانت؟
– دەكرێ كۆچی دوایی ژنێك كە سێ منداڵت لێی هەبێ و(30) ساڵ لەگەڵی ژیابی و دنیایەك یادگاری و بیرەوەریت لەگەڵی هەبێ، لەبیر بكرێ و كار نەكاتە سەر بەرهەمەكانت؟
* خاتوو دڵنیا رەزازی گۆرانییەكانی خانمی كۆچكردوو مەرزیەخان دەڵێتەوە، بەڕای تۆ تا چەند سەركەوتوو بوو؟ ئاخۆ بەنیاز نییە بەرهەمی تازە تۆمار بكا؟
– بە رای من زۆر سەركەوتوو بوو، بەڵام بەرهەمەكان بەپێز نەبوون، بۆ بەرهەمی تازەش جارێ بڕوا ناكەم.
*خۆشترین بیرەوەریت چیە لەكاتی پێشمەرگایەتی؟
– بیرەوەری زۆرن و پێشمەرگایەتی بۆخۆی وانەگەی فێركردن و باوەڕهێنان بوو بیرەوەری (مام برایم)ی واوان لەساڵی 1983 كەهەموو پارت و رێكخراوە كوردییەكان ناوەندییەكان هاتبوونە چیای ئالان لەوێدا دەژیاین، دوژمن هێرشی هێناسەر چیای ئالان و تەنگی بەهەمووان هەڵچنی و ناچاربووین بەشەڕ بپەڕینەوە بۆ ئەوبەری چیای ئالان، كە دەبووە بەشی دیكەی كوردستانی عێراق، شوێنەكەشمان دۆڵی(سەقزو زەروون) بوو، بارودۆخمان زۆرناخۆش بوو، بەتەلیسی پڕ لە خۆڵ دیوارمان هەڵچنیبوو نایلۆنمان بەسەرداكێشابوو لە دوورتریشەوە بەتەختەو بە نایلۆن گەرم شۆرمان دروست كردبوو، رۆژێك كۆمەڵێك پێشمەرگە راوەستابووین دەمانویست گەرم شۆر بكەین، مام برایمش نازانم شەو شەیتانی پێكەنیبوو یان هەر دەیویست گەرم شۆر بكات، بوخچەیەكەی جلی دابووە بندەستی و لەدوورەوە بێ ئەوەی گوێ بەو راوەستانە بدا، خۆی كرد بەژووردا كاك (سابیری محەمەدی) سەرپەرشتی ریزەكەی دەكرد. هەركە دیتی مام برایم خۆی كرد بەژووردا، وتی «ئۆهۆی مام برایم، بۆكوی؟ نابینی ئەمانە بەریز راوەستاون گەرم شۆر بكەن، چییە لەدوورەوە بێ پرس خۆتی پێدادەكەی؟! مام برایمیش بەسووكی گەڕایەوە و وتی» دە دەخۆت هەڵدە من گەرم شۆر ناكەم، مەلەی دەكەم مەلە.
*سرووشت تا چەند كاریگەریی هەبووە لە سەر گۆرانییەكانت؟
-هیچ مرۆڤێك شك نابەم كە حەزی بە سرووشت نەبێ و ئەو خۆرسكە كاری تێ نەكردبێ، بەشێك لە گۆرانییەكانی من لەژێر كاریگەریی خۆزا (سروشت)دان و هەر لە منداڵییەوە هەتا ئێستا هەمیشە حەزم كردووە لەناو باخێكدا بژیم و خەریكی كشتوكاڵ بم و سرووشت لەلام باشترین شوێنە.
* ژیانی رۆژانەت چۆن دەبەیتە سەر؟
– من لە دوو لا دەژیم و ژیان بە سەر دەبەم، لە كوردستان زۆرتر بە كاری باخ و مۆسیقا و كاری ماڵەوە خەریكم، لە دەرەوەی وڵاتیش بێكارم و زۆرتر لە ماڵەوە خەریكی نووسینم و بەكاری هونەرییەوە سەرقاڵم. دەتوانم بڵێم لە هەر دوولا زیاتر خەریكی نووسین و خوێندنەوەم.
* بۆچی ئێستا لە راگەیاندنەكاندا كەم دەردەكەویت؟
– سەرئێشە و كێشەی زۆرە، بۆیە كەم دەردەكەوم، لەلای ئێمە رەخنەگرتن هێشتا جێی نەكەوتووە و ئەگەر رەخنە لە گۆرانیبێژ یان ژەنیارێك بگری، بە جنێو و كاری ناڕەوای دادەنێن، لە كاتێكدا رەخنە سازێنەرە نەك تێكدەر، ئەگەر رەخنە لە گۆڕێدا نەبێ هیچ كارێك پێش ناكەوێ.
* لەگەڵ هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس هاوڕێیەتیت چۆنە؟
– كاتێ خۆی لە سوید ساڵی ١٩٨٧ لە ئاهەنگێكدا دیومە ئەویش لە دوورەوە، ساڵی ١٩٩٩ لە ئەڵمانیا دیسان هەر لە دوورەوە بینیم، بەڵام پار لە هەولێر دووجار بەهۆی (كاك دارا بەگ)ەوە كە لەگەڵ كۆمپانیای (عادل المتحدە) كاری دەكرد، چاوم پێكەوت و پێكەوە گۆرانیمان وت، بەڵام برایم لەبەر ئەوەی كە دەوڵەمەندە كەپووی بەرزە و ئێستا زۆرتر بیر لە پارە دەكاتەوە، مافی خۆشیەتی، چونكە ئەو خزمەتی مۆسیقای داگیركەری كردووە و ئێستاش لە كوردستان خزمەت دەكرێ، لە كاتێكدا ئێمە چەندین گۆرانیبێژمان هەیە كە خزمەتی مۆسیقای نەتەوەكەی خۆیان كردووە، بەڵام دەسەڵات ئاوڕیان لێناداتەوە، چونكە بەرانبەر داگیركەران و دوژمنانی كوردستان هەڵوێستیان هەبوو و خەباتیان كرد، كەچی گۆرانیبێژی بێگانە ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو خەباتە دەخوا. پارەش بتەوێ و نەتەوێ زۆر نهێنی كەسی داپۆشیوە، من لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵیساس نە هاوڕێم نە برادەر، ئەو دەزانێ ئەمڕۆ گۆرانیی كوردیی پارەی تێدایە هاتۆتە مەیدان، دەنا ئەوكاتەی كە گرمە لە چیاكانی كوردستان بەرز بوو، ئەمانە بە وشەی توركی گوێی منداڵی كوردیان گۆش دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ ئاوەهایە!