هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان ناسری ڕەزازی ڕۆژی سێ شەممە ٢١.٦.٢٠١١ ڕۆژی لە دایکبوونێتی و دەبێت بە ٥٦ سال، هیوای تەمەنێکی درێژ و پڕ لە تەندروستی و سەرفرازی بۆ خۆشەویست ناسری ڕەزازی دەخوازین هەروەها بە ناوی ستافی چرا وە خوێنەر و هونەردۆستان لە دلەوە جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی کاک ناسر و خانەوادەکەی دەکەین.
هیوای بەردەوامی لە کارە هونەرییەکانی و هەردەم خزمەت لە پێناو هونەری ڕەسەنی کوردی دەخوازین.
ژیانی ھونەری هونەرمەند ناسری ڕەزازی : ساڵی ١٩٦٨ لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا بۆ یەکەمجار چووە سەر شانۆ و گۆرانیی «دەسماڵێ و دەسماڵێ» بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ڕادیۆی شاری سنە تۆمار کرد.
یەکەم بەرھەمی کاسێتی بڵاو کراوەی بریتی بوو لە چەند گۆرانییەکی لاسایی گۆرانیبێژە کوردەکان، بۆ وێنە گۆرانیی «ئای چەندەم خۆش ئەوێی»ی عەلی مەردان مەقامی بەیات تورک. بەڵام ناسر ڕەزازی لە مەقامی ماھووردا خوێندوویەتی. یەکەم کەسێک کە لە ژیانی ھونەری دا یارمەتی داوە کاک تۆفیق رەزایی گۆرانیبێژی شاری سنەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە شاری سنە تیپی مۆسیقا نەبوو، ناچار ئەبێ پەنا بباتە شاری سەقز لە فەرھەنگ و ھونەری ئەو شارە لەگەڵ ڕەشید فەیزنەژاد و حەبیبوڵڵا نیکبین و چەند کەسێکی دیکە درێژە بە ھونەری گۆرانی وتن بدا و لەگەڵ پەروین مۆشیروەزیری چەند کاروانی شیعر و گۆرانییان لە تەلەفیزیۆنی شاری سنە تۆمار کرد. ناسر ڕەزازی جگە لە کاری گۆرانی وتن شارەزایی زۆری ھەیە لە ئەدەبیاتی کوردی و چەندین بەرھەمی ئەدەبی ھەیە کە بریتن لە ھۆنراوە چوارینە، و ئەمەش یەکێکە لە بەرھەمە شیعریەکانی:
خەمم سەربەرز و شاییم بێ دەماخە
دڵم بۆیە بەشی ھەر ئۆف و ئاخە
بڵێسەی ئاگری جەرگم وەھایە
ئەڵێی کەسی مردووە، ھێندە بەداخە.
لە لایەکی تریشەوە ناوبراو توانی چەند ئاوازێک بۆ گۆرانییەکانی خۆی دابنێ، وەک: پەپوولە، دێوانەخۆم، ماچی خودایی، سەرەمەرگی ھیوا، نیشتمان.
ناسری ڕەزازی لە ژیانی گۆرانی وتنیدا لەگەڵ تۆفیق ڕەزایی، موحەممەد ماملێ، عەزیز شاھڕۆخ، جەماڵ موفتی، نەجمەدین غوڵامی و مەرزیە فەریقی گۆرانیی تۆمار کردووە.
ساڵی ١٩٧٨ خۆپیشاندانی خەڵک لە ئێران و ھەروەھا لە کوردستان دژی ڕژێمی موحەممەدڕەزا شا دەستی پێکرد، ڕەزازی بە سروودی شۆڕشگێڕانە لەگەڵ ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەشداری کرد، دووای ماوەیەک بوو بە پێشمەرگەی کۆمەڵە و لەگەڵ فەریبۆرز فەخاری، نەجمەدین غوڵامی، کاک کاڵێ، ڕەزا بچکۆل و مەرزیە تیپی بانگەوازیان دانا و لەو ھەلومەرجەدا توانی بەھونەری خۆی درێژە بدات.
یەکەم سروودی «ئەمڕۆ چ ڕۆژە ڕۆژی نۆرۆزە» کەھۆنراوەکەی عابدین موفتیزادە یە، سروودی دووھەم «دێم و دێم» شیعری مامووستا ھێمن و پاشان چەندین سروودی دیکە لەوانە: ئەی شەھیدان، کارگەرین جەنگاوەرین، سەدەی بیستەمە، ھیوا، پێشەنگی زەحمەتکێشان، دەس لەچەکم ھەڵناگرم و ھتدی.
ئیمکاناتی پێشمەرگایەتی ئەوەندە نەبوو کە وڵامدەری کاری ھونەرەکەی ب ێت، سەرەنجام ساڵی ١٩٨٥ ئاوارەی ھەندەران دەبێت، و تووانی زیاتر گەشە بە ھونەری گۆرانی وتن بدات. ساڵی ١٩٩٠ ھاتەوە بۆ کوردستان و لەو بەشە ئازاد کراوەی باشووری کوردستان لەنێو خەڵک دا گۆرانی تۆمار کرد. ناسر ئەگەرچی لە سەرەتای گۆرانی وتنیدا بە لاسایی کردنەوەی دەنگی گۆرانیبێژانی کورد دەستی پێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بوو بە خاوەن مەکتەب لە گۆرانیی کوردیدا. لە مەقامدا شێوازی مامۆستا تاھێر تۆفیق، ھەروەھا قەتارەکانی موحەممەد ماملێ، و لەبەستەش دا زیاتر لەدەنگی حەسەن زیرەک کەڵکی وەرگرتووە.
ناسر رەزازی یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی سەدەی بیستەمی کوردستان بوو کە بەدووپات کردنەوەی ئاوازی گۆرانیبێژانی کۆن و زیندووکردنەوەی فولکلۆری ڕەسەنی کوردی زیاتر توانییان گەشە بە مۆسیقای کوردی بدەن و مۆسیقای کوردییان لە مردن ڕزگار کرد.
ناسری رەزازی لە ھەڵبژاردنی شیعری شاعیران لەنێو گۆرانیەکانیدا دەستێکی باڵای ھەیە و زیاتر بایەخ بەشیعر دەدات. کاتێک کە ھەڵبەستی شاعیرێک دەکا بە گۆرانی لەباری ڕەوت و قافیە، شیعرەکان بەجۆرێک ڕێک دەخات کە بیسەر چێژی لێ وەردەگرێ.