لەفارسیەوە ئازاد نجم: ئەندریە جیدی شاعیر و نوسەر و فەیلەسوف ، لە ٢٢ ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٨٦٩ لە پاریس ھاتۆتە دنیاوە. خاوەنی چەند بەرھەمێکی وەک: ئاھەنگی لادێ ، گەڕانەوە لەسۆڤیەت ، پرۆمیتە ، پەروەردەی ژنان ، یاداشتەکانی ڤاڵتەر ، بیانوی تازە ، دروستکەرانی پارە و چەندین بەرھەمی ترە … لەساڵی ١٩١٩ لەتەمەنی پەنجا ساڵیدا ئاھەنگیی لادێیی دەنوسێ. جید لەساڵی ١٩٤٧ توانی خەڵاتی نۆبڵ وەدەسبێنێ. لە ساڵی ١٩٥١ لەتەمەنی ٨٢ ساڵیدا چاوی لێکنا.
ئاھەنگی لادێ یەکێکە شاکارەکانی ئەندریە جید و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکان ، تەنیا ئێمەی کورد نەبێت ، کە تا ئەو شوێنەی من ئاگادارم ھیچ بەرھەمێکی ئەندریە جیدمان بەکوردی نیە ، لێرەدا ھەوڵ دەدەین بەکورتی بەخوێنەرانی بناسێنین.
پیرەژنێکی لانەواز و بێ پەنا لەلادێیەکی تەریک و دورەدەستی فەڕەنسادا لەحاڵی ئاویلەکە داندایە. کاتێ کەشیشی تاقە کلیسای شار ھەواڵی شپرزەیی باری تەندروستی پیرەژن دەیستێ ، ھەرچەندە پیرەژن لەمێژە قاچی نەخستۆتە نێو کلیساوە و نەچۆتە لای کەشیش دان بەگوناھکانیدا بنێ ، بەڵام ھەرچۆنێک بێت کەشیش ئەم ئەزیەتە دەخاتە بەرخۆی و لەپشت سەری پیرەژنی نەخۆش و کەلەلا دا ئامادە دەبێت.
پیرەژن ، بەبینینی کەشیش ، دەکەوێتەوە یادی ئەوەی کە چەند لەمێژە نەچۆتە کلیسا و دانی بەگوناھەکانیدا نەناوە و داوای لێخۆشبون و بەخشینی نەکردوە ، زۆر ھەست بەشەرم و خەجاڵەتی دەکات. سەرەنجام لەلای ئەو کەشیشە و لەوساتەدا دان بەگوناھەکانی خۆیدا دەنێ و دوای ئەوەی کە کەشیش داوای لێخۆشبونی بۆ دەکات ، بەبیرو خەیاڵێکی ئاسودە و ئارامەوە چاوانی لێک دەنێ و دەمرێ.
کەشیش لەقسەکانی پیرەژنرەکەوە بۆی دەردەکەوێت کە کچۆڵەیەکی بێکەس و کار و ھەتیو و نابینا بەنێوی ( ژرترود) لەلای پیرەژنەکە ژیاوە و ئەم پیرەژنە ھەمیشە وەک ئاژەڵێک ڕەفتاری لەگەڵدا کردوە. ئیدی کەشیش ئەم کچۆڵە نابینایە لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە ماڵی و بەخێوی دەکات.
ژرترۆدی نابینا ، لەئەنجامی پەروەردەو چاودێری ئەو کەشیشە میھرەبانەو ھاوکاریەکانی دکتۆرێکی دەرونی ھاوڕێی کەشیشەوە – کەبەھۆی بیروبۆچونی جیاوازەوە– ببونە ھاوڕێیەکی دڵسۆز ، فێری قسەکردن ، خوێندنەوە و نوسین بە بەخەتی بریل – خەتی تایبەت بەنابینایان- و ژەنینی پیانۆ دەبێت. لەکۆتاییدا کەشیش بە توانا و حەوسەلەیەکی زۆرەوە ، چەشنی باوکێکی میھرەبان و فیداکار ، خۆی بۆ پەروەردە کردن و فێرکردنی ئەو کچۆڵە لانەوازە بێ چارەیە تەرخان دەکات.
ژنی کەشیش ، ڕۆژ بەڕۆژ ئێرەیی و حەسادەتی زیاتر بە ژرترۆد دەبات – کە دێت جوانتر و سەرنجڕاکێشتر دەبێت.
بەڵام کەشیشی خۆپارێز و بەئیمان ، کەسەرەتا بەھۆی ئەرکی مرۆڤایەتی و دینیی خۆیەوە پارێزگاری و پەروەرردەی ئەو کچۆڵە لانەواز و ھەتیوەی گرتبوە ئەستۆ ،بەڵام دواتر وردە وردە ئەم ھۆگری وپەیوەندیەی لەگەڵ کچەدا دەگۆڕێ بۆ عیشقێکی پاک و دور لە ھەواوھەوەسی جەستەیی. ئەم ھۆگریەی کەشیش ، دەبێتە ھۆکاری زیادبونی ڕق و ئێرەیی ھاوسەرەکەی کەشیش. ژنە ، ئەوپەیوەندیە پاکەی ھاوسەرەکەی لەگەڵ ژرترۆد دا بە گوناە دەزانێ.
لەم ھەلومەرجەدا کوڕە لاوەکەی کەشیش ، کە نێوی ( جاک) ە و لەشارێکی تر سەرگەرمی خوێندنە ، خوێندن تەواو دەکات ودەگەڕێتەوە ماڵێ و شانبەشانی باوکی ھەوڵدەدات لەبواری پەروەردە و فێرکردنی ژرترۆددا ھاوکاری باوکی بکات.
جاک ، بەھۆی تێکەڵ بونیەوە لەگەڵ ژرتروددا ، وردە وردە کاری تێدەکات و خۆشی دەوێت. باوکی ، واتا کەشیش لەم عیشقەی کوڕەکەی سەبارەت بە ژرترۆد ئاگادار دەبێتەوە و سەرزەنشتی کوڕەکەی دەکات. بەڵام جاک گوێ بەقسەکانی باوکی نادات و ناخۆشی و زویر بونێکی نەخوازراو دەکەوێتە نێوان باوک و کوڕەوە. چونکە ھەردوکیان بەشێوەیەک دەکەونە ژێر کاریگەری عیشقی ژرترۆدەوە.
کەشیش کە واھەستدەکات جاک نیەتی خراپی بەرامبەر ژرترۆد لەمێشکدایە ، بیرۆکەی دورخستنەوەی کوڕەکەی دەکەوێتە مێشکەوە تا بەھۆی دوریەوە عیشقی ئەو کچەی لەمێشک بەرێتە دەرێ. جاکیش فەرمانی باوکی جێبەجێ دەکات و بەدڵێکی شکاوەوە لەژرترۆد دور دەکەوێتەوە و دەچێتە جێگایەکی دور و مەیدان بۆ باوکی چۆڵ دەکات.
کەشیشیش ، کە بەدورخستنەوەی کوڕەکەی لە ژارترود ، بیرومێشکی ئاسودە دەبێ ، کاتێ لەھاوڕێکانی دەبیستێ ئەگەری چاکبونەوەی چاوەکانی ژرترود ھەیە ، بەیارمەتی و ھاوکاری ھەندێک لە ھاوڕێ و ئاشناکانی و ھەندێک لە کەسانی چاکەخواز ، بڕە پارەی تێچونی نەشتەرگەری بۆ کچەی داماو کۆدەکاتەوەو سەرەنجام بەھۆی نەشتەرگەریەکی سەرکەوتوەوە ، دوای چەندین ساڵ نابینایی ، تین سۆما دەزێتە چاوەکانی ژرترود و دەتوانی دنیای دەوروبەری خۆی ببینێ.
ژرترود ، لەتەواوی ئەو ماوەی کوێریەیدا کە لەژێر چاودێری کەشیشدا فیری خوێندنەوە و نوسین دەکرا و وردە وردە گەورە دەبو ، لە مێشکی خۆیدا ، کەشیشی بە بونەوەرێکی ئایدیال و شتێکی جوانتر و باڵاتر لە مرۆڤێکی ئاسایی وێنا کردبو. ھەربۆیە کاتێ ڕوناکایی دەگەڕێتەوە چاوەکانی و دەبینێ ئەو کەسەی کەئەوی ڕزگار کردوەو پەروەردەی کردوە نەک بونەوەرێکی باڵاتر نیە بەڵکو مرۆڤێکی ئاسایی و پیر و تاڕادەیەک ناشیرن و دزێویشە ، بۆیە توشی پەشۆکان دەبێت. ئەو بونەوەرە باڵایەی کە ئەو لەمێشکی خۆیدا وێنای کردبو زیاتر لە کوڕەکەی کەشیشدا بەرجەستە دەبێت ، نەک خودی کەشیش. بوًیە وردە وردە لەکەشیش دور دەکەوێتەوە و عیشق و خۆشەویستی کەشیش لە دڵ و دەرونی خۆی دەردەکات.
جاکییش ، دوای نائومێدبون لە خۆشەویستی ژرترود ، لە مەزھەبی کاسۆلیکییش – کەباوکە کەشیشەکەی پەیڕەوەی لەو مەزھەبە دەکرد – نائومێد دەبێت و دەڕەنجێ. بۆیە ڕودەکاتە مەزھەبی پرۆتستان و خۆی لەدێرێکدا گۆشەگیر دەکات و خۆی تەرخاندەکات بۆ نزا و پاڕانەوە و پەرستن.
ژرترود ، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر کرانەوە و بینینی چاوەکانیدا ، بەھۆی ئێرەییەکانی ھاوسەری کەشیشەوە دنیای لێ وێک دێتەوە و بێئومێدی و دڵتەنگیەکی قورس دایدەگرێت و چارەسەری ئەم ھەل و مەرجە نالەبارەی ژیانی تەنیا لەخۆکوشتندا دەبینێتەوە. لەڕۆژێکی خۆشی بەھاریدا جوانترین جلوبەرگەکانی خۆی لەبەردەکات و بەبیانوی چنینی گوڵە نیلوفەڕەکانی کەنار زێیەکە لەماڵ دێتە دەرێ و بەرەو کەناری زێیەکە دەکەوێتەڕێ. ساتێکی کەمی دور لە ئێرەیی و نەفرەتەکانی ھاوسەری کەشیش و یادکردنەوەی ئەو ساتە خۆشانەی کە لەوشوێنەدا و لەگەڵ جاکدا بەسەری بردبو ، بەڕێ دەکات. دواتر لەسەر تاشەبەردێکی بەرزی کەنارەکەوە خۆی ھەڵدەداتە زێیەکەوە.
لەولاشەوە جاک ، لەدوای بیستنی ھەواڵی چاکبونەوەی چاوەکانی ژرترۆد ، شاگەشکە دەبێت و ھەوڵدەدات ھەرچۆنێک بوە بەدزی دایک و باوکیەوە ئەگەر لەدوریشەوە بێت بۆ دواھەمین جار بتوانێ ژرترۆد ببینێ و دواتر خۆی ئامادە بکات بۆئەوەی ئیدی بۆ ھەمیشە لەگەڵ براکانیدا خۆی لەدێرێکدا بەند بکات و تەرکی دنیا بکات. ئیدی دەکەوێًتەڕێگا و دروست لەو ساتەدا دەگاتەوە زێدی خۆی کە ژرترۆد بە بیانوی چنینی گوڵە نیلوفەڕەکان و بە مەبەستی خۆ کوشتن ھاتۆتە کەناری زێیەکە.
جاک دەیزانی ئەگەر ژرترۆد پیاسە بکات و بڕواتە جێگایەک ، حەتمەن دەبێ بچێتە ئەو جێگایەی کەپێشتر ھەردوکیان پێکەوە پیاسەیان لێکردوە و تێدا گەڕاون. بەخێرایی خۆی دەگەیەنێتە ئەو جێگایە. دروست لەکاتێکدا دەگاتە ئەوێ کە ژرترۆد لەسەر تاشەبەردەکەوە خۆی ھەڵدەداتە ئاوەکەوە. جاکیش بەبینینی ئەم دیمەنە ، بێ دواکەوتن خۆی ھەڵدەداتە ئاءەکەوەو دوای ململانێیەکی سەخت لەگەڵ لەگەڵ ئاوە بەتین و تاوەکە ، خۆشەویستەکەی لە مەرگ ڕزگار دەکات و دەیگەیەنێتەوە کەنار.
کاتێ دواتر کەشیشی پیر لە نیازی خۆکوشتنی ژرترۆد و ڕزگار کردنی پەرجو ئاسای لەلایەن جاکی کوڕیەوە ئاگادار دەبێتەوە ، ڕەزامەندی خۆی لە زەماوەندی ئەو دو ئاشقە دەردەبڕێ. چونکە لەڕاستیدا ئەویش بۆی دەرکەوتبو کە خۆشەویستی ئەو بۆ ژرترۆد ، ھیچ کات بەراورد ناکرێ بە عیشقی جاک.
جاک ، بەم کارەی دەیسەلمێنێ کە ئامادەیە گیانی خۆی لەپێناوی خۆشەویستەکەیدا بخاتە مەترسیەوە. کە کەشیش ھیچ کاتێک ئەو ئامادەییە لەخۆیدا بەدی ناکات.
سەرەنجام کەشیش مل بۆ زەماوەندی ئەو دوانە دەدات و ھاوسەرە بەخیلەکەشی کە لەو ڕەفتارانەی پێشوی خۆی تەواو پەشیمان دەبێتەوە و بۆی دەردەکەوێ ھەمو ئەو بۆچون و تێڕوانینانەی کە پێشتر سەبارەت بەو دوانەو ھاوسەرەکەی خۆشی واتا کەشیش ھەیبون ، ھەمویان نادروست و ناڕەوا بون.
سەرچاوە / گۆڤاری جوان خانوادە