چاوپێکەوتن: توانا تەھا
نازە محەمەد- نووسەرو شاعیر، دانیشتووی وڵاتی ھۆڵەندا سەبارەت بە پرسەکانی ئێستای ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە چاوپێکەوتنێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجیدا تیشک دەخاتە سەر رۆڵی رێکخراو دامەزراوەکان لەبوواری ژنان و ھۆشیاری کۆمەڵگە”. لایوایە زۆرێک لەو چالاکییانەی ئێستا ئەنجام دەدرێت تەنیا روویەکی شکلین و نەی توانیوە بچێتە نێو کڕۆکی بابەتەکە،
لەبەر ئەوەی ساڵانە چەند رۆژێک بۆ ئەم پرسە دیاری دەکرێت، کەچی کێشەکان ھەر وەکو خۆیان و بەرەو زیادەش ئەچن”.
لە کوردستان، جۆرێک لە ھۆشاری کۆمەڵایەتی درروست بووە، بەڵام ئەم ھۆشیارە وەکو پێویست نەی توانیوە بچێتە نێو درزەکانی کۆمەڵگەو تەواوی لایەنەکانی ژیان پڕبکاتەوە، نازە وای وت. ئەم نووسەر – ھۆشیاری کۆمەڵایەتی بە گرنگ وەسف دەکات و لایوایە بوونی ھۆشیاری کۆمەڵایەتی زۆرێک لە گرفتەکانی ئێستا بنبڕدەکات و ئەوەش دەخاتەڕوو کە “ھەموو ئەوکاتانەی کە ژنێک دووچاری گرفتێک دەبێتەوە یا بەھەر ھۆکارێک بێت رووبەڕووی سووتاندن ببێتە راستەو خۆ تاوانەکەی پەردە پۆشدەکرێت یا دەخرێتە ئەستۆی پەرێمزو تەباغ، بۆ ئەمەش راست نییە، چونکە بکوژی سەرەکی دەسەڵاتی پیاو ساڵارییەو لەھەمانکاتدا دەسەڵاتی تاکە کەسی ژنانەکە خۆیەتی”. بۆ رێگە چارەو گرتنی رێوشوێنی تایبەت پێیوایە “دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان رێگە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە. چونکە حکومەتی ھەریمی کوردستان پێداچونەوەیەکی نەکردووە بۆ یاسایەک کە مافەکانی ژنانی تێدا پەیڕەو بکرێت، وەک من ئاگادار بم چەند رێخراوێکی مافی ئافرەتان لە کوردستان دروست بووە. بەڵام ئەگەر بە ووردی و پوختەکاری لێی بڕوانین ئەو یاسایە بەس وەک ناوێک ھەیە نەک وەک رێخراوێکی کارکردن. چونکە پیاوی کورد بەڵی ھەمیشە وەک ئامرازێکی سێکس سەیری ئافرەتی کوردی کردووە. بەڵام ئێمەی ئافرەتان واتە ئێمەی میھرەبان. چونکە ئافرەت ناخی لە ناسکی دروست بووە پاشان خوای گەورە بەھرەی دایکایەتی پێ بەخشیووە سیفەتی بەخشندەیی دایک زۆر پیرۆزە کە ھەموومان دەزانین ھەر ئافرەتە دەبێت بە دایک و وەچەی نێر دەخاتەوە ھەر ئەفرەتە لە عەشق و سۆزو میھرەبانی و خۆشەویستی دەدەن بە پیاوان ھەر ئافرەتە ھاوسەرگیری لەگەڵ پیاواندا دروست دەکەن جا بۆیە دەبێت ئافرەت بکەینە رەمزێکی گەوھەری لە سروشتدا.
لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا نووسەرو شاعیر نازە محەمەد- گووتیشی “چ پیاوان یان ئافرەتان کاتێک لە خێزانێکەوە پەروەردە دەبن لە کوردستان لە ناو ژینگەو نەریتی کوردەواریدا گەورە دەبن، ئەم جۆرە پەروەردە پەیوەستە بە جۆری خێزانەکەوە خێزانی وا ھەیە لە ئاستی رۆشنبیریدا یەکتر قبوڵکردن و متمانەیان داوەتە دەست کچان و کوڕانیانەوە. بەڵام لەم جۆرەمان زۆر کەمە. ئەگەر بە پێجەوانەوە بوو ئەوا ئەو کاتە دیمەنی سووتان و کووشتن وردکردنی مرۆڤایەتی تیدا دروست دەبێت، بۆیە ئەگەر ئەو ئەوەی کە لەکوردستاندا گەورە دەبێت ئەگەر ئاستی رۆشنبیری زاڵ نەبێت بەسەر کۆمەڵگەدا ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە وردە وردە دیاردەی لەم جۆرە بیرکردنەوانەی وەک کووشتن و سووتان ڕوو لە زیادی دەکەن.
پێشیوایە زۆر بوونی سەرھەڵدانی ئەم گرفتەکان دەگەڕێنەوە بۆ چارەسەر نەکردنی کێشەی ژنان، چونکە لە کوردستان مافەکانیان وەکو پێویست چارەسەر نەکراون”. بەبۆچوونی نازە محەمەد- ھۆکاری زۆر بوونی تەڵاقیش دەگەڕێتەوە بۆ ناتێگەیشتنی ھاوسەران و ئاستی ھۆشیاری تاک گووتیشی “ئەگەر کەسەکە رۆشنبیربێت ئەوا قبوڵکردن دەدەنە دەستی تاکە کەسی کوڕو کچانیانە. بەڵام ئەگەر بە پێجەوانەوە بوو ئەوا ژنان و پیاوانیش رەوشیان بەرەو خراپی دەچێت بەمەش دیاردەی خیانەت زۆر دەبێت و پاشان دەبێتە ھۆکاری جیا بوونەوە ھۆکارێکی تری جیابونەوەشمان ھەیە کە ئەمەیان پەیوەستە بە جۆری تاکە کەسی کە ئەویش مادەییە لە نێوان ھاوسەرگیریدا ئەم چەشنە گرفتانەش زۆر جاریش لە ناو ژیانی ھاوسەر گیری دا دەمێنێتەوە، بەڵام لە ژێر چەتری خیانەت.
نازە-لە وەڵامی پرسیارێکی ھەفتەنامەی زاری کرمانجی سەبارەت بەوەی ئایا پیاوان لە کۆمەڵگەی کوردی برسین لە رووی سێکس و بینینی لەش و لاری ژنان، ئەو پێیوابوو ” ئێمەی کورد کۆمەڵگەیەکی برسین لە ڕوی سێکس و لەش و لاری مرۆڤدا کە پەروەردە دەکرێن لە رووی ئاستی رۆشنبیری و دەرونیەوە یەکێک لە خاڵەکانی سێکس وشەی قەدەغەی بۆ دانراوە بۆیە شتێک کە قەدەغە بێت بۆ شەخسیەتی تاکە کەسی ئەوا قەدەغە دەبێت بۆ خیزان و بۆ کۆمەڵ بەمەش ئاستی خاڵەکانی رۆشنبیری و نەخۆشیە دەرونییەکان روو لە زیاد بوون دەکەن بۆیە دەبێت چارەسەری بۆ کرێت و شەرم لە راستیەکان نەکرێن.
نازە محەمەد- نووسەرو شاعیر- دانیشتووی وڵاتی ھۆڵەنداو شارەزا لە بوواری کۆمەڵناسی، چەند نموونەیەک دەخاتەڕوو لەبارەی بوونی کێشەکانی ژنان لە کوردستان و دەڵێت “زۆربەی کێشەکان پەوەستن بە خودی ژنانەوە، لەبەر ئەوەی خۆیان خاوەنی کێشەکانن، ژنان دەبێت خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن لە بارەی توانج و دەست بردن بۆ لەشیان لە شوێنە گشتیەکان، نموونەشم بۆ ئەم پرسیارە خۆمم کە لەساڵی ٢٠٠٩، دا سەردانی کوردستانم کرد، لە شوێنە گشتیەکاندا دووچاری چەند کێشەیەک بووم وەک توانج و دەستبردن بۆ لەشم، بەڵام کاتێک کە تاکە پێڵاوەکەم یان ٢ شەقەزەلەی باشم دا دا بە رووی رەگەزی پێچەوان یان ڕەگەزی بەرامبەر، گوێم لە چەند ھاوڵاتیەک بوو کە شانازیان بە ھەڵوێستەکەمەوە کرد و ئەوەیان گووت “ئەگەر ئافرەتانی کورد لەم جۆرە رەتدانەوانەیان ھەبێت ئەوا دووچاری توانج و دەست بردن بۆ لەشیان لە ناوشوێنە گشتیەکاندا نابنەوە”. لەبەر ئەوە نازە پێیوایە ئەم جۆرە دەسترێژیانە دەکەونەوە سەر ژنان و دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی رەت دانەوەی ژنەکە یان کچەکە، ئەگەر کاردانەوەیەکی باشی ھەبێت ئەوا کەسی بەرامبەر بۆ ئەبەد وانەیەک وەر دەگرێت، چونکە لەبیری ناچێتەوە کە لەکەسایەتی خەڵکی داوەو خەڵکیش لە کەسایەتی دەداتەوە.