راپۆرتی: زانا دڵشاد دزەیی
خاتوونی ھونەرمەند نازێ عەزیزی شووی بە کوڕە دکتۆرێکی بارزانی کرد، ئەمەش دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ھاوسەرگیرییەکەیاندا دێت.
دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر پرۆسەی ھاوسەرگیرییەکەیان، ھونەرمەند نازێ عەزیزی بۆ یەکەمجار لەڕێگەی گۆڤاری (سڤیل)ـەوە شووکردنەکەی خۆی ئاشکرا کرد، کە ماوەیەک پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکی بارزانی ھەبووە بەناوی “مەنشود بارزانی” کە دکتۆری پسپۆرە لەنەخۆشییەکانی ددان. لەچەند وڵاتێکی ئەوروپا ژیاوە و بەھۆی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ھونەرمەند نازێ عەزیزی ساڵی ٢٠١١ بەیەکجاری گەڕایەوە کوردستان و دوور لەچاوی کامێرای رۆژنامەنووسان ئاھەنگی ھاوسەرگیرییەکەیان ئەنجامدا.
لەبارەی درەنگ راگەیاندنی ھاوسەگیرییەکەکان لەراگەیاندنەکاندا نازێ عەزیزی گوتی “نەمن و نە مەنشود نەماندەویست لەراگەیاندنەکان ھاوسەرگیرییەکەمان باس بکەین، بۆ ھەردووکمان وا باشتر بوو، بەڵام ھەڵەتێگەیشتن لەنێو خەڵکدا دروست بوو، ھەر کەسێک کە ئێمەی پێکەوە دەبینی دەیانگوت ھاوڕێن ھەندێکیشیان دەیانگوت خۆشەویستن، بەڵام راستیەکەی ئێمە ھاوسەر بووین، بۆئەوەی کەس بە ھەڵە تێ نەگات بەباشمانزانی رایبگەیەنین ئێمە ھاوسەری یەکترین”. ھەروەھا گوتیشی “ئێمە جگە لەژن و مێرد، دوو ھاوڕێی خۆشەویستی یەکترین و سوپاسی دەکەم کە لەکاروباری ھونەری مندا ھاوکارمە”.
نازێ عەزیزی زیاتر باسی ھاوسەرەکەی دەکات و دەڵێ ھەمیشە یارمەتی داوە، پێویستی بەھەر کارێک ھەبووە بەبێ دوودڵی بۆی جێبەجێ کردووە، ئێستاش وەکو دوو ھاوڕێ وان. زۆربەی جار پێکەوە دەبینرێن، “لەزۆربەی کارەکاندا لەگەڵمدایە و بەتەنیا جێم ناھێڵێ”.
دڵنیا قەرەداغی یەکەم ھونەرمەند بوو پیرۆزبایی لەھاوڕێکەی نازێ عەزیزی کرد، دواتر ئەژدەر وەھبی و ھەڤاڵ ئیبراھیم لەو کەسانە بوون کە زوو پیرۆزبایی خۆیان لەنازێ کرد، بەڵام ھەڤاڵ ئیبراھیم لەبەرئەوەی یەکێک لەھاوڕێیە ھەرە نزیکەکانی نازێیە و لەزووەوە یەکتر دەناسن، بۆیە ھەڤاڵ داوای لەھاوسەرەکەی نازێ کرد “زۆر ئاگاداری نازێ بێت”. دڵنیا قەرەداغیش بەنازێی گوتووە “ھاوسەرەکەت کوڕێکی زۆر باش و رۆشنبیرە، دەتوانێ بەختەوەرت بکات”.
نازێ عەزیزی دەڵێ “مانگی ھەنگوینی ئێمە لەدەڤەری بارزان بوو، بەڵام پێکەوە سەفەری تورکیا و ئێران و قەتەر و روسیا و ئیتالیا و ئینگلیستان کردووە”. نازێ و مەنشوود زوو زوو سەفەر دەکەن و ھەردووکیان حەز بە سەفەر و گەڕان دەکەن، بەڵام خۆشترین سەفەری ئەوان وەکو خۆیان باسی دەکەن سەفەرەکەی وڵاتی روسیا بوو، پاشان ئەنتالیا کە بە سەیارەکەی خۆیان سەفەرەکەیان بۆ ئەنتالیا ئەنجامدا.
دوای دوو ساڵ لەھاوسەرگیرییەکەیاندا نازێ عەزیزی رایگەیاند، جارێ بەنیازی خستنەوەی منداڵ نین، بەڵام گوتی “ئەگەر خوا منداڵێکی کچی پێبەخشیم ناوی دەنێم مرواری”.
دکتۆر مەنشود بارزانی، ھاوسەری نازێ عەزیزی باسی یەکەم رۆژی یەکترناسینی خۆی و نازێ دەکات و دەڵێت “ساڵی ٢٠١١ کاتێک نازێ عەزیزی سەرقاڵی بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکەی بوو، رۆژێ ھات بۆ ئەو کۆمپانیایەی کە کاری ریکلامی ئەلبوومەکەی گرتەئەستۆ، منیش لەوێ بووم، چونکە کەسانی کۆمپانیاکە ھاوڕێم بوون، نازێ یەکەم کەس ریکلامەکەی بەمن نیشاندا بۆئەوەی رای خۆم بدەم، تاوەکو مانگی تر نەمبینیەوە، جارێکی تر ھاتەوە ئینجا پەیوەندیمان دروستکرد”.
ناوبراو گوتیشی “بەڵام پێشئەوەی پەیوەندی دروست بکەین، نازێم نەدەناسی و گوێم لەگۆرانییەکانی نەببوو، چونکە من لەدەرەوە دەژیام، تەنیا جارێک لەرێستورانێکی دەرەوەی وڵات گوێم لەدەنگی بوو”.