ترێ تەحسین : هونەرمەند (نازێ عەزیزى) لە 2003 بە گۆرانى (چاوەڕوانى) دەرکەوت، لەوێوە ناوبانگێکى سەرتاسەرى لە کوردستان دروستکرد و زوو بووە خاوەن جەماوەرێکى تایبەت بە خۆى، گۆرانییەکەش وەک یەکێک لە “گۆرانییە جەماوەرییەکان” مایەوە، بۆ جارى دووهەم نازێ وەک ئافرەتە گۆرانیبێژێک بە گۆرانى (چێژوان) کە دوو مانگە بڵاویکردۆتەوە، گەڕایەوە هەمان پێکە جەماوەرییەکەى خۆى، کە ئێستا وەک دوا کلیپى نازێ عەزیزى لە کەناڵە کوردییەکان پەخش دەکرێت و لە ماڵپەرى فەیسبووک و یوتوب بووەتە خاوەن زۆرترین کۆمێنتە سەرنجڕاکێشەکانى ئەمساڵ.
هونەرمەند (نازێ عەزیزى) یەکێک لە خانمە گۆرانیبێژەکانى کوردستانى رۆژهەڵاتە، چەند ساڵێکە لە کوردستانى باشوور دەژیت، ئەوەش دواى ئەوە دێت کە دووەهەم ئەلبوومى خۆى بە ناوى (کوردستان) بڵاوى کردەوە، بووە مایەى دروستبوونى کێشەیەکى زۆر بۆ ئەو، کە لەلایەن حکومەتى ئیسلامى ئێران بڕیارى دەستگیرکردن و غەرامەکردنى بۆ دەرچوو، ئێستا (نازێ عەزیزى) هەموو ئامادەکارییەکانى بڵاوکردنەوەى سێهەم ئەلبوومى تەواوکردووە، کە واچاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە پڕفرۆشتنى ئەلبوومەکانى ساڵ.
گۆرانى”چێژوان” دوا گۆرانى کلیپکراوى (نازێ عەزیزی)ـیە، لە ئاواز خۆى و تێکستى میدیا مەعروفی، چەند مانگێکە بەردەوام لە کەناڵە کوردییەکان پەخش دەکرێت، تێدا نازێ عەزیزى بە ستایلێکى نوێ دەرکەوت، لەبەر سەرکەوتنى ئاواز و موزیکى گۆرانییەکە، وەک یەکێک لە جوانترین کلیپەکانى ئەمساڵ سەیر دەکرێت، هەروەها لە ماڵپەرى یووتوب کە کلیپەکەى تێدا دانراوە، زۆرترین کۆمێنتى بۆ نوسراوە، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە زۆرترینجار بینراوە، یەکێک لەو کۆمێنتانە کە بەناوى (یووسف ئاوارە) نوسراوە و دەڵێت “بەراستى کلیپ و گۆرانییەکى جوانە، ئەوە ستایلى نوێ و گۆرانکارییە، نەک ئەوانەى کە بە ناوى ستایلى نوێ کلیپى کردۆتەوە شوێنى نمایشکردنى خۆیان، سەرکەوتووبی نازێ خان”. هەروەها کۆمێنێتکى دى بەناوى (جەمال کەرکووکى) دەڵێت “نازێ خان دەستخۆشیت لێ دەکەم، تکایە زوو کلیپى نوێ بڵاوبکەوە، هیوادارم کۆنسێرت لە کەرکووک بکەى”. چەندین کۆمێنتى دیکە، هەر بۆ خۆشەویستى هونەرمەندى ناوبراو نوسراوە، یەکێک لەو کۆمێنتانە کە بە ناوى (کاروان جاف)ـە و دەڵێت “ئامادەم بەپێ هەموو رێگاکانى دنیات بۆ بکەم، تەنانەت ئەگەر بزانم هیچ رێگایەک بە تۆ ناگات”. هەروەها کۆمێنتێکى دیکە نووسیویەتى “دەستخۆش نازێ خان کلیپەکەتم بینى هەموو ساڵێک لەهەر کلیپێک جوانتر دەبى… لە نزیکەوەش هەروا جوانى یان جوانیان کردووى”. کۆمێنتێکى دیکە بەناوى دڵشاد بەروارى کە وەڵامى کۆمێنتەکەى پێش خۆى داوەتەوە دەڵێت “خوا ئافرەتى وەک بەهەشتى سەر دونیا دروستکردووە، نازێ یەکێکە لەو بەهشتانە”.
لەو بارەیەوە هونەرمەند (نازێ عەزیزى) لە لێدوانێکیدا دەڵێت “من رێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو جەماوەرى خۆم هەیە، لەبەر خۆشەویستى ئەو خەڵکە ئامادەم هەموو زەحمەتییەک بکێشم بەس بۆئەوەى کارێکیان پێشکەش بکەم، کە بە دڵی ئەوان بێت، ئەگەر هاوکارى مادى هەبێت، بە دڵنیایەوە بەڵێنى کارى جوانتریان پێدەدەم”.
هونەرمەند (نازێ عەزیزى) لەبەر میهرەبانى و پڕۆژە خێرخوازییەکانى، لەبەر خۆرووتنەکردنەوەى لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنى و کلیپەکانیدا، لاى خەڵک خۆشەویستە و بووەتە خاوەن جەماوەرێکى تایبەت. هەر ئەوەش وایکردووە نازێ بە دووربێت لە هەموو ئەو قسە و پرۆپاگەندانەى، کە کچە گۆرانیبێژ و پێشکەشکارەکانى دیکە پێوەى دەناڵێنن.