چاوپێکەوتنی: زانا دڵشاد دزەیی : کچە گۆرانیبێژی لاو نازک سەلیم، لەدەڤەی ئامێدی دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە، ئەو دەڵێ بنەماڵەی ئێمە ھەموویان دەنگیان خۆشە، “بەڵام لەبەرئەوەی گۆرانیبێژی کچ لە دەڤەری ئامێدی نەبوو، ماڵەوە تەنیا ھاوکاری منیان کرد وەک کچە گۆرانیبێژێکی کورد لەو دەڤەرە دەرکەوم و گۆرانی بڵێم”. نازک بە مەبەستی بەشداربوونی لە فیستیڤاڵی “رێزگرتن لەھونەرمەند محەمەد شێخۆ” کە لە ھۆڵی پێشەوا سازکرا، دوو رۆژ لە ھەولێر مایەوە و بە جلە کوردییەکی رەنگ شین لەسەر شانۆ سێ گۆرانی پێشکەشکرد، دواتر لەگەڵ ھونەرمەندە بەشداربووەکانی دیکە خەڵاتی فیستیڤاڵەکەی وەرگرت و ھەر لەو سەردانەیدا بۆ ھەولێر، “سڤیل” ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ سازکرد.
نازک سەلیم، لە ١٩٨٩ لە دێرەلوک لە دایبکبووە، خاوەن چوار کلیپ و ئەلبوومێکی گۆرانییە، دەڵێ ئەلبوومێکی دیکەم ئامادەکردووە، کە دەنگ و موزیکەکەی تەواوبووە، گۆرانییەکی لەو ئەلبوومە لەلایەن دەرھێنەر عادل ئاکرەیی کلیپ کردووە، بەڵام ھێشتا بڵاوی نەکردۆتەوە، نازک ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات، بنەماڵەی ئەوان ھەموویان دەنگیان خۆشە، بەڵام لەناو بنەماڵەکەیان تەنیا نازک وەک گۆرانیبێژ دەرکەوتووە، وەک خۆی دەڵێت “بنەماڵەکەی ئێمە بە دەنگخۆشی ناوبانگی ھەیە، بەڵام جگە لەمن کەسی دیکە بەرەسمی لەسەر شانۆ گۆرانی نەگوتووە، ئەگەر پێیان بڵێم گۆرانییەکم لەگەڵ تۆمار بکەن دەیکەن، ھەر ئەوەندە گۆرانی دەڵێن ئەگەر بیانەوێ لە گۆرانییەک ھاوکاریم بکەن وەک کۆرس، بۆ نموونە خوشک و برام و خاڵم دەنگیان زۆر خۆشە، ھەروەھا دایکیشم دەنگی خۆشە، بەڵام دایکم بەس لە ماڵ گۆرانی دەڵێت و ھاوکاری منە”. نازک ئەوەشی نەشاردەوە سەرەتا خۆی حەزی بەوە نەکردووە گۆرانی بڵێت، بەڵام وەک ئاماژەی بۆ دەکات لەلایەن بنەماڵەکەیان زۆر پشتگیری و ھاندراوە گۆرانی بڵێت، نازک دەڵێت “لەبەرئەوەی لەدەڤەری ئامێدی کچی گۆرانیبێژ نەبوو، ماڵەوەمان زیاتر ھاوکاری منیان کرد، بۆئەوەی وەک کچە کوردێکی دەڤەری ئامێدی گۆرانی بڵێم و خزمەتی کوردستان بکەم”. نازک بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی خۆی، گوتیشی “بۆمن جێگەی شانازییە لە دەڤەری بادینیان دەرکەوتم و ھەر لەوێش ناوبانگی باشم دروستکرد، بەڵام تائێستا نە وەزارەتی رۆشنبیری و نە حکومەتی کوردستان ھاوکاری منی نەکردووە، خۆشم داوای ھاوکاریم نەکردووە”.
نازک باسی لەوەشکرد، ئەو بەردەوام حەز دەکات بەرھەمی نوێ بڵاوبکاتەوە و “کچێکی پڕبەرھەم” بێت، ھەمیشە کلیپ و گۆرانی نوێ لە کەناڵەکان پەخش بکرێت، نازک ئەوەشی گوت “بەڵام مەبەستم ئەوە نییە ھەر حەزبکەم ژمارەی گۆرانییەکانم زیاد بکەم، من دەمەوێت خزمەت بکەم و کچە شۆڕشگێرێکی کورد، بەڵام بەداخەوە زۆر شت ھەیە بەحەزی مرۆڤ نابێت، بەتایبەت کاری ھونەری زۆر سەختە، ئەگەر ھاوکارییەکی باشی مادی لەپشت کارەکانتەوە نەبێت”. نازک سەلیم ھێندە گوێگری گۆرانییەکانی شەھریبانا کوردییە، ئاوات بەوە دەخوازێت ھونەرمەندێکی وەک شەھریبانی لێ دەرچێت “پێم خۆشە رۆژێک لەرۆژان بێمە ئاستی ھونەری ھونەرمەند شەھریبانا کوردی، ھونەرمەندێکی دەنگخۆش و کوردپەروەرە، زۆر گوێ لەگۆرانییەکانی دەگرم” نازک دەشڵێ “بەردەوام بە تەلەفۆن لەگەڵ شەھریبانا کوردی قسە دەکەم و ھەر کارێک بکەم بۆچوونی ئەو وەردەگرم و ئامۆژگاریم دەکات، دەڵێت نازک کچێکی خۆڕاگربە و خزمەتی کوردستان بکە، بەردەوام بە جلوبەرگی کوردی وەرە سەر شاشە”. نازک حەزی بە لاوکە، ھەمووش دەڵێن نازک لاوکمان بۆ بڵێ، چونکە نازک دەڵێ “خەڵک پێم دەڵێن دەنگت خۆشە بۆ لاوک، بۆ ھەر پرۆگرامێک بچم داوای لاوکم لێ دەکەن، خۆشم گەلەک حەز بە لاوک دەکەم، بەڵام ھەموو کەس ناتوانێ بە جوانی لاوک بڵێت و بڵێ من لاوکبێژم، ئەگەر مرۆڤ بە جوانی لاوک بڵێ بە دڵنیاییەوە دەتوانێ بە سەرکەوتوویی گۆرانیش بڵێ، بەڵام مەرج نییە ئەوەی بتوانێ گۆرانی بڵێ لەلاوک گوتن سەرکەوتوو بیت”
نازک ئاماژەی بەوەشدا، بەبیستنی بڕیندارکردنی گۆرانیبێژی ناودار ئیبراھیم تاتلیساس زۆر دڵگران بووە، نازک دەڵێ غەمباری من لەوەدایە “لەبەرئەوەی رۆژێک لەرۆژان گۆرانیم لەگەڵ ئیبراھیم تاتلیساس گوتووە، ئەوە یادگارییەکی خۆشی لە ژیانی من تۆمارکرد، کە لە ئاھەنگێک لە ھوتێل خانزادی شاری ھەولێر پێکەوە گۆرانی (وەلاتە ناگرم)ـمان گوت، ئینجا گوتی نازک دەنگی تۆ کچێکی زۆر جوان و دەنگخۆشی، حەزدەکەم لەگەڵ خۆم بێی بۆ تورکیا، منیش پێمگوت سوپاست دەکەم، بەڵام حەزدەکەم لە وڵاتەکەی خۆم کوردستان خزمەت بکەم، نازک دەڵێ سوپاس بۆ خوا ئێستا ئیبراھیم سەلامەتە و ھیوادارم بە زووترین کات جارێکی دیکە دەست بە گۆرانی وتن بکاتەوە.
نازک، ئەوەشی شکراکرد جگە لەکاری ھونەری لە لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان کادیرە، “بەڵێ راستە لە لقی ١٨ پارتی کادیرم، بەڵام زۆر دەوام ناکەم، لەبەرئەوەی دەزانن سەرقاڵی کاری ھونەریم زۆر ھاوکاریم دەکەن، لێرەوە سوپاسیان دەکەم”. بەڵام نازک ئەوەک خۆیشی ئاماژەی بۆ دەکات، ئامادە نییە نە ئەڤینداری بکات و نەشوو بکات، کە بە قسەی خۆی تەنیا لەبەر پێشکەوتنی ھونەرەکەی ئەو بڕیارەی داوە، گوتی ” لە ئێستادا نە ئەڤینداری دەکەم نە شوو دەکەم، جارێ بچووکم و رێگای زۆرم لەبەردەم ماوە، حەزدەکەم زیاتر پەرە بە کارە ھونەرییەکانم بدەم، ئەگەر خۆم بە ئەڤینداری و شووکردن گرێبدەم دەبەسترێمەوە و لە کاری ھونەری دوادەکەوم، خۆم بە ماڵی باوکم و ھونەرەکەم گرێبدەم باشترە نەک شووکردن، زۆر داخوازیم بۆ ھاتووە و کەسی زۆر باش و رۆشنبیر داوای زەواجیان لیکردووم، بەڵام وەک گوتم ئێستا شووکردن لە مێشکی مندا نییە و نامەوێ نە ئەڤینداری بکەم نە شوو بکەم”. ئەو کچە گۆرانیبێژە خۆیشی دان بەوەدا دەنێت کچێکی زۆر شەرمنە، دەڵێت “بۆ ئاھەنگ و پڕۆگرامێک دەچم، لەبەر شەرمەکەم نان لەگەڵ ھیچ کەسێک ناخۆم و ئیلا دەبێ بە تەنیابم، بەڵام لەفیستیڤاڵی محەمەد شێخۆ زۆر ھونەرمەند تێیدا بەشداریان کرد کە خۆشم دەویستن، پێم باش نەبوو لەوێش ھەر شەرمن بم، لەو رۆژەدا شەرمەکەم فڕێدا” نازک ھەر لەبارەی بەشداریکردنی لەفیستیڤاڵی ھونەرمەند محەمەد شێخۆ و وەرگرتنی خەڵاتی فیستیڤاڵەکە وتی “جێگەی شانازی من بوو، وەک کچە ھونەرمەندێکی کورد خەڵاتی فیستیڤاڵی رێزگرتن لە ھونەرمەند محەمەد شێخۆم وەرگرت، بەشداریکردنم لەو فیستیڤاڵە گەورەیەک بوو کە بەمن بەخشرا، ئەو رۆژەم لەبیر ناچێت، ھەر لەو رۆژەدا گەڵێک ھونەرمەندی باش و شاعیری بە توانام لەو فیستیڤاڵە ناسی”.