کارۆخ مەلائەسعەد:(نارینا کوردی) چەند ساڵێکە لە باشووری کوردستان نیشتەجێبووە، ھاوکات چەندین کاری ھونەریی بەرھەمھێناوە، بەڵام ئەو لەم دیمانەیەی “ھەولێر”ـدا دەڵێت: “بێزار بووم ئەوەندەی لە خانووی کرێدا ژیان بگوزەرێنم.” لە لایەکی دیکەوە زۆر حەز دەکات دووبارە دوێت لەگەڵ (عەزیز وەیسی)ـدا بکاتەوە.
* لە ھەندێک ڕۆژنامە و گۆڤاردا باست لەوە کردووە پەشیمانم کە دوێتم لەگەڵ (عەزیز وەیسی)ـدا کردووە، وایە؟
ــ بە ڕاستی لە ھەندێک ڕۆژنامە و گۆڤار زۆر تووڕە بوومە، بە ھۆی ئەم دەنگۆیانەیشەوە بڕیارمداوە جارێکی دیکە دڵی خۆم بۆ ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە نەکەمەوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا نەکەم، چونکە من ھەرگیز قسەی وەھام نەکردووە، چۆن دەبێت ئەوەندە ناپاک بم لە بەرانبەر یەکێک لە دیارترین ھونەرمەندانی کوردی وەک (عەزیز وەیسی)ـدا، لە کاتێکدا من لە باشووری کوردستان بەو دوێتە ناووبانگم پەیدا کرد، من ھەمیشە بە چاوی باوک و کچایەتی سەیری ئەو ھونەرمەندەم کردووە.
* دوایین گۆرانیت (دل برین)ـبوو، کلیپیشت بۆ کرد، بەڵام بۆ ناوی گۆرانییەکەت ناوە (دل برین) ئایا دڵی (نارین) برینی ھەیە؟
ـ تێکستەکە باس لە ھەندێک لەو بێوەفاییەی سەردەم دەکات، ھەموومان دەزانین لەو سەردەمەدا کوڕ ھەیە بێوەفایی لە بەرانبەر کچان دەکات، بەپێچەوانەیشەوە کچانیش زۆرجار ناپاکی بەرانبەر کوڕان دەکەن، بۆیە لەو کلیپەدا بە باشی نازانم ھەردوو ڕەگەز بەخێرایی بڕوا بەیەکتری بکەن.
* سەرچاوەی خەرجی و تێچووی ئەو کارانەت لە لایەن کێیە؟
ـ ھەمووی تا ئێستا لە ئەستۆی خۆم بووە، ھیچ ھاوکارییەکیشم نەکراوە، بەڵام لێرەدا داواکارم لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەگەر کارەکانم بە خزمەتکردنی ھونەریی کوردی دەزانن، پێم خۆشە ھاوکاریم بکەن، تا منیش زیاتر خزمەتی ھونەری میللەتەکەم بکەم، چونکە من ژیانی کوردستانی گەورەم لە پێناوی کوردایەتی ھەڵبژاردووە، زیاتر لە پێناوی ئەوەی کە بەبێ ھیچ ڕێگرییەک گۆرانیی بەزمانی خۆم بچڕم، لە کاتێکدا ماوەی چەند ساڵێکە تا ئێستا من لە خانووی کرێدا دەژیم و بە بێ وەرگرتنی ھیچ مووچەیەکیش.
* بیرت لەوە نەکردووەتەوە دووبارە دوێت لەگەڵ (عەزیز زویسی)ـدا بکەیتەوە؟
ـ زۆر حەزدەکەم کارێکی دیکە لەگەڵ ئەو ھونەرمەندەدا بکەمەوە، بەڵام جگە لەو ئامادە نیم دوێت لەگەڵ ھیچ کەسێکی دیکەدا بکەم.
* بەمزوانە کاری تازەت دەبێت؟
ـ کارێکی سینگڵم لە بەرنامەدایە، ئەویش گۆرانییەکە بەشێوە زمانی سۆرانییە، دەمەوێت ئەوەیش ڕوونکەمەوە چەند جارێک باس کراوە (نارین) حەزناکەت بە زمانی سۆرانی گۆرانیی بچڕێت، بەڵام لە ڕقی ئەو ناڕاستیانە، بەڵێنم داوە دوو تا سێ گۆرانیی بەسەر یەکەوە بەزمانی سۆرانی بچڕم.
کارۆخ مەلائەسعەد
Karox_gr_music@hotmail.com