حەسەن ـ سوید : باوەڕ ناکەم لە ھیچ شوێنێکی ئەم جیھانە ، میدیایەکی وەکو میدیای کوردی ھەبێت ئەوەندە خۆی بەشتی سادە و ساکار و ھیچ خەریک کردبێت ، نازانم ھۆکارەکەی بێ ئیشیە یان بێ بابەتیە یا نەبوونی میدیاکاری پرۆفیشناڵە ، بفەرموون بۆ خوێندنەوەی بابەتە ھەرە گرنگەکانی ڕاگەیاندنی کوردی لەم سەردەمی گڵوبالیزمە :
ـ بانوو حسێن ، نوێترین گۆرانیبێژی کچ.
ـ بانوو حسێن : دەبێتە ھونەرمەند.
ـ بانوو حسێن : دەبێتە ئەکتەر.
ـ بانوو حسێن : لەگەڵ ھەڵکەوت زاھیر کار دەکات.
ـ بانوو حسێن : لەگەڵ ھەڵکەوت زاھیر کارناکات.
ـ بانوو حسێن دایکی منداڵێکی (٦) ساڵانە.
ـ بانوو حسێن ، بانوو حسێن ، لە سایت و گۆڤار و رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن سوپەر ستارە بێ ئەوەی بزانین ئەو خانمە خەریکی چیە و دەنگی دێتە دەرێ یان نا .
ئەم خانم (بانوو) ە خۆی رایگەیاندووە کە من ھیچ قسەیەکم بۆ ئەو گۆڤار و سایتانە نەکردووە بەڵام گەر سەیرێکی گۆڤارەکان بکەیت ئەوە بێ سێ و دوو وێنەیەکی گەورەی ئەم خانمە بێ بەرھەمە دەبینی .
لەو بابەتە گرنگتر و زۆرتر لەسەر نووسراو ، خانم (مۆنیکا) یە کە دەکاتە خوشکی خاتوو (لۆکە زاھیر) و قوتابی مامۆستایەکەیان (ھەڵکەوت زاھیر) ئەمەش نزیکەی ساڵێک زیاترە بەردەوام ناوی لەناو ناوانە لە ئیعلامی کوردی بەبێ ئەوەی گوێمان لە دەنگی بێت , ئیتر نازانم باسی کامە میدیای کوردی بکەم کە ئەمە گرنگترین بابەتەکانی بێت ، لەوە خۆشتر چەند رۆژێک پێش ئێستا لە سایتێک نووسرابوو ، مۆنیکا دەفرێت سەرەتا وام زانی لەگەڵ سەیارەی مۆنیکایەتی چونکە ئەو سەیارەیە زۆر خێرایە وتم لەوانەیە ھی کوڕە مەسولێک بێت و فڕی بێت بەڵام دوای کە خوێندمەوە وا نەبوو بەڵکو خاتوو مۆنیکا بە ھەلیکۆپتەرە ئەمبوڵانسەکانی حکومەتی ھەرێم کلیپی کردووە وەک یەکەم گۆرانیبێژی بێ دەنگ …؟؟؟؟
دوای ئەوە شاکیرای کوردستان بەقەولی خۆی (دەشنێ موراد) ھاتەوە مەیدان و ئاماژەی بەوە کرد کە وەک یەکەم ھونەرمەندی کورد بە ھەلیکۆپتەر کلیپی وێنەگرتووە …. !!!!!
شاجوانی کوردستان دوا وێستگەمان دەبێت بیخەینە بەر باس ئەوە ھەر لە خولەکەکانی سەرەتا بووە بابەتی میدیا و فەیسبووکی بێ ئیشانی کوردستان بێ ئەوەی قسەیەکی تۆزێک زانستی لەسەر بکرێت … گرنگترین قسەکان ئەوە بوون (جوان نیە ، ھیچ نیە ، دووەم لەو جوانترە ، بەواستە دەرچووە ، شاجوان حەزی لە چیە ، شاجوان چۆن دەژی ، شاجوان شانی وا باڵی وا ، شاجوان دێتەوە ھەولێر بەیەکجاری ، شاجوان ئەکتەرە) …… ھتد
ئێستا خۆتان بڕیار بدەن ئەوە پێی دەڵێن بازاڕی کوردی یا میدیای کوردی ، کچ بۆ وا بازاڕی گەرمە لە ڕاگەیاندن بەڵام کوڕ بێ باسە ، ھەردووک دروستکراوی خودان بەڵام ئەم بازرگانی کردنە بە کچان و خانمان بۆ ؟؟؟؟؟؟ کوڕە کوردێک تەیارەی دروستکرد بۆ کەس باسی نەکرد …