پێناسەی تێکستی گۆرانی کوردی, ھەروەک مێژووەکەی کۆنە و تا ئێستا ھیچ پێناسەیەکی دی شک نابەین , جگە لەوەی کە دەڵێت:(تێکستی گۆرانی دەبێت کێش و سەرواداربن , ھەرچۆنێک بێت ئاوازەکان لەنێو ووشەکانیدا جێگای خۆیان بکەنەوە و دێڕو بڕگە و ووشەکانی ھێندە کورت بن تا بتوانین بە ئاسانی میلۆدی یەکی خۆماڵی یا بیانی بکە ین بە بەریدا).
ھەربەم ھۆیە گەرچی ئێستا لەسەدەی بیست و یەکداین ,کەچی زۆریک لە ھونەرمەندانی ئەمڕۆمان ھۆنراوەی کلاسیکی سەدەکانی ڕابردوو دەکەنە گۆرانی,یاخود ئەو پێناسەیەی سەروە بەکاردێنن,یا زۆرجار بە بیانووی نە بوونی تێکست نووسی گۆرانی یەوە بە ناچاری خۆیان تێکستی گۆرانی یەکان دەنووسن,یا ئاوازێک بەبەریدا دەکەن یا دەیکەن بەبەر ئاوازێکدا. بۆیە زۆربەی جار لەم پرۆسەیەدا یا ئاوازیکی جوان تێکستێک دەیکوژێت ,یاتێکستێکی ناسک ئاوازێک دەیکوژێت..من ناھەقیان ناگرم چونکە بەو پێناسەیەی سەرەوەبێت کە بۆتێکستی گۆرانی کوردی کراوە ئەم کێشەیە ڕەوایە گەر ڕووبدات.پرسیارگەلێک ھەیە کە پێمان دەڵێت:ئایا ڕەوایەیە کەمەوداکانی ھەست و سۆز و خەیاڵ و ئەندیشەی مرۆڤ بەم جۆرە لە قاڵب بدرێت؟یاپێویستە تا ڕۆژی حەشر تێکستی کلاسیک بکرێتەگۆرانی؟یاخود تێکستی ئەم سەردەمە خاڵی یە لە ھەست و سۆز, و ھیچی تیا بەسەر نیە,و گوناھەیشە سادەترین میلۆدی تێیدا خەسارکرێت؟یاخود بەکارھێنان و ھێنانە ناوەوەی تێکستی ئازاد (شعرالحر),مەترسیەکی گەورەیە لە سەر ئاسایشی تێکستی گۆرانی کوردی و پێناسەکەی؟! بیگومان نەخێر.. ھۆکارەکانی ئەم کەم بینی و کورت بینیە ھێندە زۆرن بۆیە بە ڕاگوزەرێک ھەوڵدەدەم بیانخەمە ڕوو,ھەربۆیە سەرەتا نابێت بێ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە مێژوو, وکاریگەریەکانی ھەنگاو بنێن ,بۆ وەڵام دانەوە و دیاری کردنی ھۆکارەکان.روونەکە گۆرانی کوردی ئێستا و ئایندەمان سەرچاوەکەی پاشماوەی مێژوو وکلتوورو فەرھەنگ و ڕۆشنبیری سەدان ساڵەی میللەتی کوردە,وەھەروەھا بوون و سەرھەڵدانی چەندین ئاین و ئاینزا بەتایبەت ئاینی زەردەشت وگاتاکانی کە کاریگەرترین ئاینە ئاسەواری ھێشتا بەڕوونی دیارە بەسەر گۆرانی کوردیەوە ,وە ھەموو ئەو بابەتانەی دی کەسەرنجامی ژیانی کۆمەڵایەتی یە ھاتوونەتە بوون.لەھەمان کاتدا ئەو بارە جوگرافیایەی کە تێیداژیاوین ,کۆی ئەمانەکاریگەری ڕاستەخۆو ناڕاستەوخۆیان ھەیە لە سەر چۆنیەتی داڕشتن و درووست بوونی گۆرانی ,کە دەتوانیرێت کۆی ئەمانەش لە چوارچێوەی ووشەی فۆلکلۆردا کۆبکەینەوە, کەئەویش, بۆتە بناغەی موزیکی و گۆرانی کوردی,کەکارگەرترین و گەورەترین کێشەیە لە ئێستای تێکستی گۆرانی کوردیدا , چونکە تا ئێستا ھونەرمەندو گۆرانی بێژ, یا موزیکزانی کورد, ھێندەی چاوی بڕیووە تەگەنجینەی فۆلکلۆر, نیوئەوەندە چاوی نەبڕیووەتە داھێنان,ھەر بۆیە زۆرینەی تێکستی گۆرانی کوردی لە فۆلکلۆری کوردی یەوە وەردەگیرێت, یان ووشەکانی لە سەرھەمان ڕیتم و قالب و ستیلدا داڕێژراوەتەوە,بۆیە ھەمیشە ھەست بەدوو بارەی لەوێنە و ماناکانی تێکستەکانی دوێنێ و ئەمڕۆماندا دەکرێت بەم ھۆیەوە گەر وابڕوات ھەتا ماوین دەبێت کارەکانمان لەناو واتاکانی فۆلکلۆردا بسوڕێتەوە.لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین خۆمان لەو ڕاستی یە بدزینەوە کە دەڵێ :(سەرچاوەی گۆرانی و موزیکی ھەموو گەلان فۆلکلۆرەکەیەتی) , بەڵام بڕواناکەم ھیچ نەتەوەیەک وەک کورد فۆلکلۆری خۆی بەھەدەردابێت و بەردەوام خەریکی بۆیاخ و پۆڵیش و مەعجون کاری بێ تێیدا, بەڵکو لەلایەن ھەموو میللەتانی دنیاوە تەنھا کۆدەکرێنەوە ,چونکە فۆلکلۆر وەک توحفەی مۆزەخانەیە نەک کاڵایەکی ئاسایی و پێوستە بەڕەنگ و بۆی خۆیەوە بیان پارێزن .بەداخەوە کارگەریەکانی ئەم ستایلە بەردەوام بە شێوازە نەرێنی یەکەی ڕەنگی لە زۆریک لەموزیک وگۆرانیەکاندا داواتە تاڕادەی ئەوەی کە لە ساتی گوێگرتنی لە زۆرێک لە گۆرانی یەکانماندا وا ھەست ئەکەیت بەردەوام لە مۆزەخانەی فۆلکلۆریداین.گەرچی بەردەوام کاردەکرێت کەچی نەمان توانیەوە باشتر تێکستی گۆرانی کوردی لە چوارچێوەی فۆرم و واتای دیدا جاریکی دا بنەخشێنین و ھونەری گۆرانی سەردەمیانە دا بڕێژین و خۆمان قورتارکەین لەڕابردوو, ڕووە و ئایندەو سەردەمێکی دی ھەنگاو بنێین. ھەربۆ ئەم باسە تۆکاتێ پرسیار لە تازەترین ڤێرژنی گۆرانی بێژی ئەمڕۆمان دەکەی و پێی دەڵێیت: گوێ لە کێ دەگریت ؟بێ بیر کردنەوە دەڵێت:مامۆستا حەسەن و ماملی و مەردان و خاڵە تایەرو…. دەگرم کە ئەمە باشترین بەڵگەیە کە نەتوانراوە گۆرانی کوردی خۆی ئەبدەیت بکاتەوەو ئەم کەلێنانە پڕبکاتەوە ,کە لەدوای نەمانی ئەم ھونەرمەندە ناوازانە دروستبوون. واتای ورد ترەکەی ئەوەیە کە ئێمە ھێشتا لە نیو ھەست و سۆزی سەردەمی ئەوانداین نەک سەردەمێکی تر .(باوەڕبکەن گەر ئەوان بگەڕێنەوە سەر زەمین و ئەم سەردەمە بێگومانم ھەست بە نامۆی دەکەن کەچی زۆر سەیرەئێمە لە سەردەمی ئەوانداین و بێ ئەوەی ھەست بە نامۆی بکەین). ھەر ئەمانە وای کردووە بازنەی ووشەو تێکستی گۆرانی ئێستا شمان لە نیو ھەمان بەندو بالۆرەو چەند ووشە یەکی قەڕنێ لەمەو بەر دا خول بخواتەوە, کە ئەوانیش ووشە وماناکانی (مەڕۆ ,جێت ھێشتم,سوتام,دەڕۆی ,دەبڕۆ,دابڕن, پەشیمانی,بێزارم,بەجێت دێڵم,بێ وەفا….) گەرچی زۆر دووبارەن کەچی نەتوانراوە ئەم بابەتانە لە دووتوێ ی ووشە وباکگراوندی فەلسەفەیی دیدا وێنابکەینەوە,بۆیە لەزۆرنەی تێکستی گۆرانی ئەم ڕۆماندا کە زۆرینەیان کێش و سەروادارن, زۆر کەم ھەست بەم باکگراوندانە دەکرێت, کە پێویستە ھەموو تێکستێک پڕبێت لە وێنەو فەلسەفەو دنیایەک لە ئەندێشە… تا لەگەڵ ئاوازەکەدا ئەو مانایانە بدەن بەدەستەوە کە مرۆڤ پێویستێتی بۆتێرکردنی ڕۆح و ھەستەکانی, چونکە (سەرەتا لە گۆرانیدا پێوستمان بە ھێزی تێکستەکەیە تا دواتر بتوانین میلۆدیەک پڕ بە مانای تێکستەکەی لەسەر بنیات بنێین) .جگەلەماتەش نەبوونی ئاوازدانەری باشە تا خۆی ماندوو بکات بە تێکستەکانەوە بە تایبەت( شعری نۆێ و ئازاد) کە مامەڵکردن زۆر گرانە لە گەڵیدا, چونکە ئاوازە کە, ھێندە قوڵ خۆی حەشارداوە کەم سەلیقەی دانەر ھەیە پەیان پێ ببات و بیان دۆزێتەوە,بە پێچەوانەی شعری کلاسیک کە ھەزان ئاواز ملەقوتیت لە گەڵ دەکەن,کە تەنھا ھێندە گرنگەکام دانەری بەسلیقە,جوانترین ئاوازیان لێ ھەڵدەبژێرت ھەر ئەمە وایکردووەزۆریک گۆرانی بێژان بێ ئەوەی لە ئامێرێکی موزیکی بزانێت یا دانەریش بێت,بێ دوودڵی خۆیان ئاوازیان بۆدا ئەنێن. بۆیە بە بڕوای من داھێنان ئەمڕۆ لەوەدا دەبینرێتەوە کار لە سەر شعرە ئازادەکان بکرێت نەک کێشدارەکان چونکە کارکردن تیاندا سانایە پێویست ناکات ھەرچی دانەر و ھونەر مەندەخۆیان بە زۆرێک لەوتێکستی بێ مانا یا ھەزاربارەوەخەریک بکەن.کێشە من لەگەڵ تیکستی کلاسیکدا نی یە ھەرچەندە لەساتی گوێگرت ئەمەشدا پێویستت بە فەرھەنگێکی عەرەبی_ کوردی یا فارسی کوردی ھەیە بەڵام مەبەستی من ئەو تێکستانە یە کە لاوازن وبێ ناوەرۆکن وکەچی بەرداوام دەکرێنەگۆرانی .بەبڕوای من ئیتر پێویستە ماناو مەوداکانی تێکستی گۆرانی کوردی فراوانتر بکرێت, ناکرێت ھەمیشە خۆمان ببەستینەوە بە یاساوڕیسا گەلێک کە کەسمان نازانینین کێ دایتاشیون . بۆیە پیویستی دەزانم جارێکی دی چاکسازی و فۆرمەلە و ئەبدەیتی پێناسەی تێکستی گۆرانی کوردی بکەینەوە چونکە( تێکستی ئازاد ,گۆرانی ئازاد دروست ئەکا)( تێکستی سەردەم ,سەردەمێکی دی دروست دەکات )و تێکستی باش گەر کێشداریش بن مەوداکانی دەربڕین و ئەداکردنی گۆرانی لە یاری کردن لەو سێ تا چوار پلە دەنگی یەی ئێستادا نا ھێڵێتەوە.بۆ باشتر ڕوونکردنەوەو مەبەستەکانم دوو نموونە ھەن لە کوردستانی باشووردا (کەلەوانەیە کەسانی دیش لەم جۆرە ھونەرمەندانە لە لێرەو پارچەکانی دیشدا ھەبن) دەکرێت پیان بووترێت داھێنەر لە ھەڵ بژاردنی تێکستی گۆرانی کوردیدا کە بە تەواوەتی ھەموو سنورەکانی دەربڕین واتاکۆن و سواوەکانیان بەجۆرێک بەزاندووە کە زۆر زوو ھەست بە ئاوازو ڕیتم و سەلیقەی جیاوازو تێکستی سەیر دەکەی, کە ئەتوانرێت پیان بووترێ تێکستی جوان, گۆرانی سەردەمیانەی باش بەوانیش بڵێیت داھێنەر, وە ئەمانە نموونەیەکی باشن بۆگەیاندنی پەیامەکەم و تابابەتەکە ھیچ تەفسیرێکی ھەڵە لە خۆ نەگرێت . (سەرینەکەم بۆ دووکەسە.. دوو کورسی تامەزرۆم ھەیە …دوو پیاڵەشم ھەیە بۆچا), پرسیار لێرەدا ئەوەیە شێرکۆ تاڵب چۆن توانیوو یەتی جارێکی دی پیاڵەو کورسی و چا بەم فەلسەفە و واتا و ڕۆمانسیەتەوە لە نیو ئاوازێکی کوریدا جێبکاتەوە وەڵام بۆئەمە, زۆرکەمن ئەوانە ی بێ سڵمینەوە خۆیان بەم دەریا قوڵەدا دەدەن بێ ئەوەی لە نێو ئاوازەکاندا گیانی ھونەرمەندیان بسپێرن,یاخود ساڵانیکی زۆرە لە غوربەتدا چاپ کراوە, و لە چاپە نوێ کانی تێکستی( نامەیەکی پایزی) کە لە ھەمان سەردەمدا نوسراون خرایە ناو ئەم دیوانەوە بەڵام (کەس وەک شێرکۆ نەیتوانی پەی بە( ئەوکچەی پایزانیش بەرگ سەوزە)ی نامەیەکی پایزی یدا بەرێت لە ئاوازێکی سەوزدا لە نیو گەڵا ڕیزانی گۆرانی کوردیدا بەدەنگێکی فلات و بێ خۆسەغلەت و کردن و ھاوارکردن بەگوێماندا بخوێنێ و قوڵتر لەماناکانی تێکستەکە ئاوێتەی پایزمانکات تەنانەت توانیوویەتی دێویکی مەرگ دۆستی ناو تێکستەکەش دەسکاری بکات ھێندەی تر ژیان سەوز تر بکا لە نێو ئاوازێکی کوردیدا ئەویش بەگۆرینی ووشەیەک لەناو دێڕێک لە تێکستەکەدا (ئەگەر ھاتوو بیستت (خۆم کووشت)…. ) بە گۆرینی بۆ ( ئەگەر ھاتوو لە (گۆ کەوتم) بزانە کە نەم توانییووە…شعری بڵێم ئازارمی تیا …) ئەم دەسکاری و گۆرانکاریە ھێندەی تر جوانی سەلیقەی شێرکۆ لە ھەڵبژاردنی تیکستی نایابی گۆرانی ڕوونتر دەکاتەوە کە بە چ شێووەیەک مامەڵە لەگەڵ تەواوی ووشەکانی نیو تێکستەکە دەکات کە ھەر ئەمەشە وای کردووە بە تەنھا ئەلبومێک و چەندکارێک بگاتە پلەیەکی زۆر باشی نیو دەنگە جدی یەکانی ئەم سەردەمە دواجاریش توانی لەسەر باڵی گۆرانی یەک ھەموو مانی (گەرانەوە بۆ مناڵی) .ھاوڕێ جگەرەیە داگرسێنە تاوێ بڕوانە ئابوون)ئەمە دیاری قەرەداغی بوو بەبەر چاوی باوکی گۆرانی کوردی یەوە جگەرەکی لەناو ئاوازیکدا داگرسان و کەچی کەسێ نەی ووت بەیارمەتی بیکوژێنەوە, نەکەسیش ووتی دانەیەکیش بۆ من داگرسێنە ,چونکە بەو تێکستە و کزەی ئاوازەکەی زۆر دووری خستینەوە لە دووکەڵی ڕەشی گۆرانی و تێکستە دوو بارەکانی ئەمڕۆ.( ھەناسەکانم بۆتۆ ئێسقانەکانم بۆ مردن) ئێسقان جگە لەماناکانی مردن و ئەنفال ھیچی دیکە لەنێو تیکستی گۆرانی لە خۆ ناگرێت, کەچی لەم ئاوازەدا ئەوپەڕی وێناکانی خۆبەخشی وەفاداریەکی ئاشقانە, ھیچی دیکە ناکەوێت بەردیدە,کەچی زۆر سەیرە ئەم ئێسقانە ووشک و داماوانە بەدیووە مردوەکەشیدا لە ناو یەک تێکستی گۆرانی کوردیدا بەدی ناکرێت .بۆیە بە بڕوای من گەر گۆرانی کوردی کار لەمجۆرە تێکستانەدا بکات و بیانکاتە بناغەی گۆرانی ئەم سەردەم وقۆناغە نەک ھەنگاوێک.. سەدان ھەنگاو تێکستی گۆرانی کوردی دەچێتە پێشەوە.لەکۆتایدا, ئەمانەو چەندین کێشەی دی ھۆکارن بۆ بە ناوچەی مانەوەی گۆرانی کوردی و لەدەستدانی ھەزاران گوێگری کوردی بە تایبەت (ئەوانەی کە زمانی بێگانە دەزانن )چونکە بێگومانم کە ھەزاران مانای دیان لە گۆرانی ئەوزمانەی کە دەزانن پێی بئاخفن دۆزیوەتەوە, بۆیە پێویستیان بەم بالۆرەو قەوانە کۆنانەی ئێستای ئێرەنی یە .بۆیە گەربمانەوێت ئەوگوێگرە ئاوارانەی ,کە ھەڵھاتووی دەست تێکستی بێ ناوەڕۆک و بێمانان. بگەڕێنینەوە و گۆرانی کوردیش بە لیڤڵیکی بەرز بخەینە ناو گۆرانی یەکانی میللەتانی دنیا وە ,پێویستە مەوداکانی تێکستی گۆرانی لە نێو ئەم بازنە بچکۆلەیدا چی تر قەتیس نەکەین و پێویستە جۆرێک لە تێکست و گۆرانی دی بخوڵقێنین کەئیدی لە ساتی گوێگرتندا بیسەرێکی ڕاستە قینەی یبین ,نەک ھەمیشە لە ناو ووشە و ئاوازە نامۆ وبێگانەکانی میللەتێکی دیدا, بە خۆمان وقامووسێکەوە بگەڕێین بەدوای دێڕیکی جوان و مانایەکی تر..و..وێڵی دوای واتا تازەکانی ناو گۆرانیەکانی ئەم سەردەمەدابین…