بڕێك پرس/مەسەلە هەن، چارەسەریان ئاستەنگە، گەر لە هۆکارەکەی تێنەگەین. ئەو پرسانە، نە بە وتاری سۆزئامێز، نە بە هەوڵی تەمیسلیانەی ڕێکخراوە کارتۆنیەکان، نە بە راگەیاندنی دەزگا ڕاگەیاندنە دۆڕاوەکان، نە بە لێدوانی بەرپرسە دووڕووەکان، نە بە و پەرلەمان و حکومەتەی وەکو لاستیك، ڕایدەکێشن، بەپێی پێویست کورتی دەکەن و درێژی دەکەنەوە.
لە مەملەکەتی ئێمە، زۆربەی هەرە زۆری شتەکان دروست پێچەوانەی ڕاستیەکانن. تاوانەکان، هەموو دەمێ دووبارە دەبنەوە. تێکڕای شتەکان وەك خۆیان دەڕۆن، هیچ هێزێك نییە ڕێگەیان پێ بگرێت و بەرەنگاریان بێتەوە. دەزانن لە مەملەکاتی ئێمە:
١. لە هەر ڕوداو و تاوانێکی دژ بە ژن، ئەوانەی لە هەموو کەس زیاتر ژن دەچەوسێننەوە دێنە دەنگ و پەیام بڵاو دەکەنەوە.
٢. کاتێك باسی دزیی و گەندەڵی دەکرێت، ئەوانەی لە هەموو کەس زیاتر دز و گەندەڵترن، دێن لێدوان دەدەن و باسی بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن.
٣. لە باسکردنی کەیسی مافی مرۆڤدا، ئەوانەی لە هەموو کەس زیاتر مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن، دێن دەبنە سوپەر پارێزەری مافی مرۆڤ.
٤. لە هاتنەپێشەوەی هەر دۆخێکی سیاسی یان ئابووری نالەبار، ئەوانەی بە درێژایی تەمەنیان بونەتە هۆی کڵۆڵکردنی سیاسەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و وێرانکردنی ئابووری ووڵات، دێن خۆیان بە چارەسەرکەری قەیرانەکان دەناسێنن.
٥. بەڕێوەبەرایەتی دەزگاو فەرمانگە هونەریەکان، لەلایەن فاشیلترین/دۆڕاوترین کەسانی ناو بواری هونەری بەڕێوەدەبرێت
٦. لە زانکۆکان، زۆربەی هەرە زۆری ڕاگرەکان سەر بە هین و هینن. ئەوان وەکو قائد فەیلەق بۆ ئەفسەرێکی پلەنزمتر مامەڵە لەگەڵ مامۆستاکان ئەکەن. مامۆستاکانیش وەکو ئەفسەر بۆ سەربازێك مامەڵە لەگەڵ خوێندەڤانان ئەکەن.
٧. پێچەوانەی هەر ووڵاتێکی پێشکەوتوو، نەخۆشخانەکان کە دەبێت پاکژترین فەرمانگەی خزمەتگوزاری حکومی بن، کەچی پیسترینانن.
ئەمانەو دەیان پرسی زیندووی تر، کە دووبارەبوونەوەیان وەك ژەمەخواردنەکانیان لێهاتووە و بوونەتە بەشێك لە رۆتینیاتی ژیان لەو هەرێمە. تا ئەو دۆخە وا بەو شێوەیە بەردەوام بێت، هەرگیز چاوەڕێ پێشکەوتن و ژیانی خۆش و کۆمەڵگایەکی مەدەنی مەبن.
پەیوستترین خاڵ و چارەسەری سەرەکی بۆ ئەم پرسانە، یاسایە. هەموو ئەو شتانە پەیوەستن بە بوون یان نەبوونی یاسا. یاسا هەبێت، هەر هێچ نەبێت ڕێژەی ئەم تاوانانە زۆر کەمتر ئەبێت لەوەی ئێستا. یاسا هەبێت، گەندەڵی نابێت، خەڵك برسی نابێت، مرۆڤکوشتنیش وا ئاسان نابێت.
ئینجا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مدەنی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان، شاعیر و نوسەرە “هەست ناسکەکان” و لایەنە پەیوەندارەکان. بەر لەوەی هەر بەیاننامەیەك دەربکەن، هەر چالاکیەك ئەنجام بدەن، هەر شتێك بنوسن بزانن خۆتان لەسەر کام برینی ئەم نیشتیمانە زامدارەدا دانیشتوون. بیر لەوە بکەنەوە چۆن و چی بکەن تا یاسا سەروەر و بەرقەرار بێت لەم ووڵاتە!!!
هۆگر ڕەواندزی
١.٣.٢٠١