زانا دڵشاد دزەیی : کچە گۆرانیبێژ مەلەک رۆژھات، مانگی رابردوو بەسەردان گەڕایەوە تورکیا و لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆنسێرتێک و پێشکەشکردنی گۆرانییەک، کە لەوان بەڕێوەچوو، لەلایەن حکومەتی تورکیا مانگێک دەستگیر و سزادرا.
مەلەک رۆژھات، یەکێکە لە کچە گۆرانیبێژەکانی کوردستانی باکور و بەھۆی سەقامگیری ئارامی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە لە ھەولێر نیشتەجێیە، مانگی رابردوو بۆ سەردانی خێزانەی خۆیان گەڕایەوە تورکیا، بەڵام لەوێ مانگێک دەستگیرا کرا، دوای ئازادکردنی و گەڕانەوەی بۆ ھەولێر، لە چاوپێکەوتنێکی کورتدا، مەلەک رۆژھات چۆنییەتی دەستگیرکردن و ئازادکردنی بۆ (سڤیل) گێڕایەوە.
مەلەک دەڵێت “منیش وەک ھەموو ھونەرمەندێک پێویستە بگەڕێم بۆ ھەر مەبەستێکی ھونەری بێت، ھەروەھا سەردنی ماڵ و کەسوکارم کرد لە وان، مانگێک بە خۆشی و گەشتکردن بەسەرم برد، ئەو مانگەی کە لە وان بووم سەردانی ھاوڕێیانی خۆم دەکرد و بەیەکەوە بیرمان لە کۆنسێرتێک کردەوە، ھەستاین بە سازدانی کۆنسێرتێک”. مەلەک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو بڕوای نەدەکرد ئەو خەڵکە زۆرە ئامادەی کۆنسێرتەکە بێت، “بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە گۆرانی سیاسیان دەگوت و داوایان لەمن کرد سترانی (ھەڤالا) ببێژم، ھونەرمەندیش موڵکی خەڵکە، ھەرچی ئەوان داوا بکەن دەبێ بۆیان بڵێی، من گۆرانییەکەم گووت و دواتر ئارتێش و پۆلیسی تورک من و نۆ کەس لە کەسە نزیکەکانی منیان دەستگیر کرد، سێیان دوای رۆژێک ئازاد کران، بەڵام من و شەش لە ھاوڕێکانم لە زیندان ماینەوە”. دوای مانگێک مانەوەی لە زیندان، مەلەک دەڵێ “بەپارە و پارێزەرەکانم ئازاد کرام، بەڵام ئێستاش تەواو کۆتایی نەھاتووە، ھەر کاتێ دادگا داوام بکاتەوە دەبێ لەوێ ئامادە بم و بچمەوە تورکیا”. رۆژھات ئاماژەی بەوەشدا ئێستاش شەش لە ھاوڕێکانی ھەر لە زیندانن.
مەلەک بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی دەستگیرکردنەکەی، گوتیشی “ھەموو جارێک کە دەچمەوە بۆ تورکیا دەخرێمە ژێر چاودێری، بەڵام نەیاندەتوانی دەستگیرم بکەن، بۆ ئەمجارەیان ھەموو ئەو پرسیارانەیان لێکردم کە بۆ یەکەمجاریش ھاتم بۆ کوردستان چیم کردووە و چەند کۆنسێرتم کردبوو و چەند ئاڵای کوردستانم ھەڵگرتبوو و چەند سترانی نیشتیمانیم گوتبوو ھەموویان کردە پرسیار و لێیان کردم، بەڵام زیاتر بە بیانووی ئەو کۆنسێرتە بوو، کە لە وان ئەنجامم دا” مەلەک رۆژھات وەک خۆی باسی دەکات، ئەوە دووەمین جارە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە چاودێری و دەستگیر دەکرێت، “بەڵام جاری یەکەم زیندان نەکرام، بەڵکو چەندینجار چووم بۆ دادگا، بەڵام خۆشبەختانە ئەوکات ھیچم لەسەر ئیسپات نەبوو، بەس ئەمجارەیان مانگێک لە زیندان بووم”.
لەبارەی ئەو پرسیارەی ئامادەیە جارێکیتر بچێتەوە تورکیا، رۆژھات گوتی “بنەماڵەم و کەسوکارم ھەموو لە تورکیایە، بۆیە ناکرێ تورکیا تەرک بکەم، ھەندێکجار کێشەی زۆر قورسم بۆ دروست دەکەن کە ناتوانم لەگەڵ ئەو کێشانەدا بم، ویستوومە بەیەکجاری لە کوردستانی ئازاد بژم، بەڵام لەبەر کەسەکانم ناتوانم قەت نەگەڕێمەوە بۆ تورکیا”.
زۆربەی ھونەرمەندانی کوردستانی باکور لەبەر کێشەی سیاسی، تورکیان جێھێشتووە و لە ئەوروپا نیشتەجێن، بەڵام مەلەک ئامادە نییە بڕواتە ئەوروپا دەڵێت “نە دەتوانم لە وڵاتێکی دوور بژیم نەدەمەوێت لە ئەوروپا بژیم، بەڵام لەبەرنامەمدایە سەفەری ئەوروپا بکەم تەنیا بۆ کاری ھونەری”. رۆژھات پێی وایە دەبێ ھونەرمەند لەم کاتەدا تەنیا ھونەری تەرخان بکات بۆ ئەو رەوشەی ئێستای کوردستان “چونکە ئێستا رەش و سپی ھونەرمەندان بەدیار دەکەوێ کامە ھونەرمەند بۆ خزمەتی گەل و وڵات کار دەکات و کامەشیان بۆ بەرژەوەندی خۆی کار دەکات، ھەروەھا نابێت ھونەمەند ھیچکات بترسێ”. مەلەک رۆژھات دەشڵێت “من لە ناو دوژمن دەنگم بەرزکردەوە بۆ ئازادی، یەک مانگ چوومە زیندانەوە، بۆ ھەمان ئازادی پێم وایە خوێنەرانی سڤیل بڕیاری ئەوە دەدا کە وەک ھونەرمەندێک ھەڵویستم ھەبووە یان نا.. بەڵام دەمەوێ لێرەوە پەیامێک بۆ تورک و سوریا و ئێران بڵێم، دڵنیابن منیش بکوژن ھەزاران کچی وەک من زیندوو دەمێنن و ئازادی خاکەکەیان بەدەست دێنن”. لەبارەی ئەو پرسیارەی مەلەک گەشبینە لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا؟ گوتی “نەخێر، تورک ھیچ ھەنگاوێک ناھاوێژێت کە قازانجی کوردی تیدابێ، بەڵام گەشبینم بەوەی کورد چۆک دانانێ و تا دوا دلۆپەی خوێنی ئازادی بەدەستدێنێ”.
ئەگەر مەلەک نەگیر بوایە بەدوو کلیپی نوێ دەگەڕایەوە کوردستان و ئێستا لە کەناڵەکان پەخش دەکران، چونکە ئەو دەڵێت “لەبەرنامەمدا بوو دوو گۆرانیم لە تورکیا کلیپ بکەم، ئەگەر زیندان نەکرابامە ئێستا دوو کلیپی بەرھەمەکەم تەواو دەبوو، بەڵام ئێستاش ھەر خەریکم دەبێ تەواویان بکەم”.