فۆتۆ- رەوا عەلی : بەبۆنەی 34 ساڵ تێپەڕبوون بە سەر خەباتی رێكخراوەیدا و لەساڵیادی دامەزراندنیدا كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان لقی زانكۆی سلێمانی كۆڕێكی شیعری بۆ هەردوو شاعیری لاو ( مەریوان قەرەداغی و هاوكار نامۆ) ساز كرد لەو ئێوارە كۆڕەدا كە لەهۆڵی راپەڕینی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو
ژمارەیەك لەخوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و عاشقانی شیعر و ژمارەیەك لە كارمەندانی كەناڵی كوردسات و گەلی كوردستان و كوردستانی نوێ ئامادەی بوون ، هەردوو شاعیری لاو مەریوان قەرەداغی و هاوكار نامۆ بەهاوكاری گروپی موزیكی گەشە چەند دەقێكی شیعری ناسكیان خوێندەوە و بەتێكستە ناسكەكانیان كەلێوان لێوبون لە ساتە جوانەكانی عیشق و خۆشەویستی ئامادەبوانی كۆڕەكەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو ساتانەی كەعیشق هەموو سنورە داخراوەكان دەبڕێت و مرۆڤەكان دەگەیەنێتە كەنارەكانی خۆشەویستی بەڕادەیەك كە تێیدا عیشق سەرتاپای رۆحی مرۆڤەكان بەووشەناسكەكان دادەپۆشێت و خۆی دەگەیەنێتە كەنارەكانی خۆشەویستی و لەوێوە پەیامی عەشقێكی پاك دەدات بە گوێی هەموو عاشقاندا. دەربارەی سازدانی ئەو ژوانە شیعریەش هەردوو شاعیری لاو هیوایان خواست توانیبێتیان لە رێگەی شیعرەكانیانەوە كەمێك ئارامیان بەخشی بێت بە دڵی ئامادەبووان و بەرزترین ئاستی خۆشەویستی و وەفا و راستگۆییان گەیاندبێت بەهەموو عاشقان .