” ژیان شانۆگەرییەکى تا ڕادەیەک باشە کە پەردەى سێیەمى خراپ نووسراوە” ئەم پێناسەیە کاتێک لە زمانى “ترومان کاپوتى” نووسەرى لێهاتووى ئەمەریکاییەوە دەرچوو، هاوکات چەندین چیرۆکى درەوشاوە دەربارەى هەمان شانۆگەرى پەردەى سێیەمە لە دنیادا بڵاوکرابووەوە. چیرۆکەکانى ئەو دەربارەى ساتە نایابەکان، ڕۆژگارى شاد و غەمگین، ساڵانى تالڕ و شیرین و بەکورتى چیرۆکەکانى چۆنێتى بەسەربردنى سات بەساتى ئەم شانۆگەرییە مامناوەندیە لە کەنارى بەسەربردنى ژیان دەخاتە روو، هەروەها مەرگیش یەکێکە لەبابەتە گرنگەکانى داستانى ئەدەبیاتى دنیا. بەڵام ئەم ڕۆژانە نەک تەنها لەیەک وڵاتدا بەڵکو لەتەواوى ئەدەبیاتى جیهاندا مەرگ_ زیاتر لە ڕابووردوو نووسەران و شاعیران گرنگى پێدەدەن و باسى لێوەدەکەن.
لەم چەرخەدا کتێبخانەکان پڕبوون لە ژمارەیەکى ئێجگار زۆر چیرۆکى باش و هەندێ شاکار کەدەربارەى هەمان بابەتى خەمهێنەر، ناڕەحەت بار و ئازاردەرە واتا مەرگ هاتوونەتە بەرهەم. لێرەدا ناوى هەندآ لەو بابەتانە دەهێنین کەباس لەمەرگ دەکەن لەوانە:
ڕۆمانى ” گەڕان بەدواى زەمەنى لە دەستچوو” لەلایەن مارسیل پرۆستەوە بەبەرهەم هاتووە. مارسیل پرۆست دەربارەى مەرگ دەڵآ:” ئێمە بەخۆمان دەڵێین ناتوانین کاتژمێرى مەرگ پێشبینى بکەین، بەڵام کاتێک دەربارەى ئەم بابەتە دەدوێین وادەزانین کە ئەم کات و ساتە پەیوەندى بەئایندەیەکى دوورو نادیارەوەهەیە. ئێمە هیچ کاتێک باوەڕناکەین ئەمڕۆ کەدەستپێدەکات، پاشنیوەڕۆکەى بە مەرگ کۆتایى پێبێت! ئەم پاشنیوەڕۆیەى کە واهەستدەکەین زۆر ئاسایى دادێت.. بەڵام لەهەمانکاتدا کاتژمێرى ئایندەى لەپێش خۆ گرتووە”.
مەرگ لە ڕۆمانى “مادام بوڤارى” لەشاکارى گوستاڤ فلوبیرت کەیەکێکە لە نایابترین نمایشەکانى مەرگ لە ئەدەبیاتدا، بەتایبەتى کە باس لە”ئیما” دەکات جلى بوکێنی لەبەر کردووە و لەسەر سیستەمەکە ڕاکشاوە. فلوبیرت دەربارەى کاریگەرى مەرگى ئەزیزانى خۆى دەڵآ:” کاتێک کە کەسێکت خۆشدەوێت و دەمرآ، لەڕاستیدا بەشێک لەتۆ دەمرێت.” لەکۆتایى لاپەڕەکانى ڕۆمانى”سوور و ڕەش” نووسینى ستاندالڕ یش بەمەرگى پاڵەوانى ڕۆمانەکە”ژولین سڤرل” کۆتایى دێت، ئەم ڕۆمانە دوور و درێژترین بەرهەمە لە شاکارەکانى ئەم نووسەرە کە خوێنەر دەخاتە گومان وسەرسامیەوە. ستاندال دەربارەى پەیوەندى نیوان عیشق و مەرگ دەڵێت:” عیشقى راستەقینە، وەسوەسەى مەرگ زیاد و ئاسان و بێترس دەکات. عیشقى واقعیى هێدى هێدى بەپێوەرى مرۆیی دەگۆڕێت و بەهایەکە کە پێویستە بۆ زۆر شت بدرآ”.
هەروەها لە ڕۆمانى “تاوان وسزا” ى دۆستۆێیڤیسکى دا لەگەلڕ ئەو کوشتنەى کەڕوودەدات تا کۆتایى ڕۆمانەکە، مەرگى بکوژەکە لە زیهنى “ڕاسکلنیکف” دەمێنێتەوە و تا بەشێکى زۆرى ڕۆمانەکە هەر دەربارەى مەرگ دەدوآ. ڕۆمانى خودکوژى “ئاناکارێنینا” شاکارى تۆلستۆی دوایى ئەوبەشەى ئاناکارێنینا بەهۆى خۆخستنە ژێر شەمەندەفەرەوە کۆتایى بە ژیانى خۆى دێنآ، نووسەر تا کۆتایى ڕۆمانەکە بەتوندى هەر باس لە مەرگ دەکات.
هەروەها لەڕۆمانەکانى”دەماغ” و “شنێل” بەرهەمى نیکۆلاى گوگلڕ بابەتە سەرەکیەکەى هەر باس لە مەرگ دەکات. جگەلەویش لە ئەمەریکاى لاتین ژمارەیەک لە ڕۆمانەکانى “ماریۆ بارگاس یوسا” دەربارەى مەرگە و لەڕۆمانى ” بەزمى بزن” نمایشێکى درەوشاوەى لە مەرگ وێنا کێشاوە. مەرگى “تروخیو” دیکتاتۆر دۆمنیکۆ لە ڕۆمانى ” بەزمى بزن” ئەم ڕۆمانەى یوسا یەکێکە لە باشترین جۆرى نیشاندانى مەرگ لەنێو ڕۆمانە سیاسیەکانى جیهان. گابرێل گارسیا مارکیزیش لە ڕۆمانەکانى ” سەدسالڕ تەنهایى” و ” لە ئەوین و دێوەکانى تر” دا بەخەستى باسى لە مەرگ کردوە . خوزە سارامگۆ نووسەرى بەساڵاچووى پرتوگال کە خۆى ماوەیەک لەمەو پێش لەمەرگ ڕزگارى بوو،
ڕۆمانێکى دەربارەى مەرگ هەیە. ” هێرشى دووبارەى مەرگ” کە یەکێکە لە ڕۆمانە ناسراوەکانى ئەم نووسەرە و تێیدا مردن بابەتى سەرەکی چیرۆکەکەیە. سارامگۆ زۆر نیە لەنەخۆشخانە خەواندبوویان بەپێى قسەى پزیشکەکانى شانسێکى زۆرى بۆ ژیان نەمابوو بەڵام لەگەلڕ ئەوەشدا نووسەر بەئاسانى دەربارەى مەرگى خۆى گاڵتە و قسەیى دەکرد و دەیوت:” ئەو نەخۆشخانەیەى کە تێیدا خەوێنرابووم، ئامادەنەبوون وەرمگرن، چونکە دەیانزانى لە چ دۆخێکى خراپدابووم و حەزیان نەدەکرد من لە نەخۆشخانەکەى ئەواندا بمرم”. سارامگۆ دەربارەى ئەوەى کە نەمردووە دەڵی” من ناڵێم موعجیزە ڕوویداوە! بەڵام بەڕاستى شانسێکى زۆر کەمم هەبوو بۆ ژیان”. ئەمڕۆ لاى نووسەرانى ئەمەریکا بابەتى مەرگ بابەتێکى زۆر گرنگە. “فلیپ ڕاس” ئەم نووسەرە ئەمەریکاییە لەزۆربەى ڕۆمانەکانی کە لە ساڵى “2001 تا 2008 بڵاویکردۆتەوە دەربارەى مەرگ دواوە. بەتایبەتى لەم چوار ڕۆمانە تازەیەیدا هەرباس لەمەرگ دەکات “ئاژەڵى مردوو” و ” هەموو” و” گیان دەرچوون” و “کینە”.
ئاشکرایە لەجیهانى ئەدەبیاتدا مەرگ_ زیاتر لە هۆنراوەکاندا ڕەنگى داوەتەوە. ئامێڵى دیکنسون شاعیرى گەورەى ئەمەریکایى ژمارەیەکى زۆر هۆنراوەى لەم بوارەدا هەیە. بەناوبانگترینیان” بەهەشت چیە؟ چ کەسێک لەوآ دەژى؟، ئایا ئەوانیش جوتیارن؟، ئایا ئەوانیش بێڵکارى دەکەن” ئایا دەزانن “ئامهرست” لەکوێیە؟” (مەرگ، منیش دێم بۆلات..!.
هەروەها فروغى فەڕڕوخزادەش لەمڕوەوە چەندین هۆنراوەی جوانى هەیە لەوانە:” لەدواى تۆ ئێمە ڕوومان کردە گۆڕستانەکان” و”مەرگ لە ژێر چارشێوى دایەگەورەدا هەناسە دەدات” و “دواتر”.
سەرچاوە سایتى: http://sibegazzade.com/main/?p=306
و: کەژال عەلا