سەدیق سەعید ڕواندزی
ھەڵبەتە مردن، یەکێکە لەو چارەنووسە حەتمییانەی ڕووبەڕووی ھەموو بوونەوەرێک دەبێتەوە، وەک ئەوەی پەروەردیگاریش لە قورئانی پیرۆزدا جەخت لەوە دەکاتەوە کەدەبێ ھەموو نەفسێک بمرێت، بۆیە تا ھاوکێشەی ژیان مابێت، مردنیش ھەر دەبێت و ئیدی جیاوازی لە مردن بە مانا چارەنووسییەکەی لە نێوان مرۆڤەکاندا نییە و زۆر جار دەگوترێت، تاکە شتێکە دادپەروەری تێدا بێت. بێگومان نووسەران و ئەدیبانیش، وەک ھەر مرۆڤێک دەبی بمرن و جیاوازی لە مردن دا نییە ، ئەمە بەو مانایە نا، کە مەرگی نووسەرێکی دیار و کەسێکی ئاسایی وەک یەکبێت، بەڵکو بەو مانایەی ئیدی مردن چارەنووسی ھەردووکییانە وئەمە یاساو سرووشتی ژیانە. لەو سۆنگەیەوە، چەند ڕۆژێک لەمەو بەر، بە داخەوە یەک دوو نووسەر و شاعیری گەنج بە ھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایان کردوو مەرگی ئەوان بۆ ئێمە، لە تێڕوانینێکی مرۆییانە و ھاوسۆزانەدا، وەک مەرگی ھەر مرۆڤێک مایەی نیگەرانییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە و ھاوکات بۆچوونێکی نالۆژیکیشە ئەوەیە، کە کەسانێک مەرگی ئەم نووسەرە گەنجانە، بە ھەتیوکەوتنی کتێبخانەی کوردی لێک بدەنەوە، کە ئەمە یەکجار ھەڵەیە و جگە لە سازش و ڕووپامایی ھیچیتر نییە، چونکە کتێبخانەی کوردی ھەر دەمێنێتەوە و مەرگی ھیچ نووسەرێک ھەتیوی ناکات.
گەر کتێبخانەی کوردی، بە مەرگی خانی، مەحوی، حاجی قادر، دیلان و شێرکۆ بێکەس و دڵدار ھەتیو نەبووبێت، ئایا بە مەرگی شاعیرێکی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین ھەتیو دەکەوێت؟ گەر کتێبخانەی کوردی بە مردنی ( تۆفیق وەھبی، عەلائەدین سجادی، گۆران، کەمال مەزھەر و مارف خەزنەدار و دڵشاد مەریوانی ) و چەندان نووسەری دیکە، ھەتیو نەکەوتبێت، ئایا مەرگی نووسەرێکی ئاسایی گەنجی دوای ڕاپەڕین ھەتیوی دەکات؟ بێگومان نەخێر، من و سەدان نووسەری دیکەش دەمرین، وەلێ کتێبخانە و زمان و فەرھەنگی کوردی ھەر دەمێنێتەوە. گەر مەرگی شاعیرێکی پێشرەو و نەتەوەیی و نیشتمانی وەک شێرکۆ بێکەس، کە مێژووی برینداری ئێمەی لە شیعردا ھەڵگَرتووە، کتێبخانەی کوردی ھەتیو نەکات، ئایا مەرگی شاعیرێکی گەنجی سادە نووسی دوای ڕاپەڕین ھەتیوی دەکات؟ ئەم جۆرە بۆچوونانە، زێدەگۆیین و پاساوەکەیان ھەر شتێک بێت، بۆ نموونە وەک ھاوڕێیەتی، ھەڵەن و ناکرێ کەسانێک مردنی نووسەرێک بە نەمانی کتێبخانەی کوردی بزانن، کە ڕەنگە لە بەرانبەر نووسینەکانی چەندان پاداشتی ماددی وەرگرتبێت، لە کاتێکدا ھەزاران ساڵە مێژوو، فەرھەنگ و کتێبخانەی کوردی وێرای مەرگی نووسەران و ھەموو ھەوڵێکیش لەلایەن دوژمنانەوە بۆ سڕینەوەیان ھەر بە نەمری ماونەتەوە و ئەو کاروانە بەردەوامە و ناوەستێت.
ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ( ٩٥٨٨) لە ٢٧/١/٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە.










































































Discussion about this post