نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئەگەر چی لەم رۆژانەدا کە کوردستانی باشوور بە چەند قەیرانێکی سەخت و دژواردا دەڕوات کە بەرۆکی تاک بە تاکی ئەم وڵاتەی گرتوەوە و کاربەدەستان ودام و دەزگا فەرمیەکانیش لە ئاستیاندا دەستەوەستانن و پێشمەرگە قارەمانەکان نەبێت گیانی خۆیان خستووەتە سەر دەستیان و زۆر بە سەخاوەتەوە قوربانی خاکی نیشتمانی دەکەن و سەرەڕای ھەموو گلەیی و گازندەکان بە دوژمنانی دڕندەو تاریک پەرستان دەڵێن جارێکی تر داگیرکەر پێ ناخاتەوە خاکی کوردستان .
لە ئاوا ڕۆژگارێکدا یادی ساڵڕۆژی ٩/ تشرینی یەکەم ١٩٥٦ ە کە ٥٩ ساڵ پێش ئێستا یەکەم مەلیکی کوردستان شێخ مەحمودی نەمر کۆچی یەکجارەکی و ماڵئاوایی لە کوردو کوردستان کرد .
بەڵێ یادی مەلیکێک کە عەرش و تاجی شاھانەی جێنەھێشت بۆ نەوەکانی و بۆ گەلەکەشی بەڵکو مێژوویەک لە خەبات و بەرخۆدان وبەگژاچوونەوە و ململانێ ی سەختی لە گەل داگیرکەرانی وڵاتەکەیدا بۆ جێ ھێشتین کە لە لاپەڕەکانی دیرۆکی کوردا تا ھەرمان نەوەکان بۆ یەکتری بگێڕنەوە .
لەم یادەدا پێمباشە دووخاڵ بخەمە ڕوو لە ئاست گەورەیی و ھەول َو ھیمەت و کۆششەکانی شێخی نەمر بۆ بە مەنزڵ گەیاندنی کورد جگە لە نووسینی نامەیەک بۆ فلادیمێر ئیلیچ لینین ڕابەری ئەوسای پارتی کۆمۆنستی سۆڤیەت و سەرۆکی یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیەتی جاران کە داوای کۆمەک وپشتیوانی لێدەکات بۆ دۆزی ڕەوای کورد و بە پشت و پەنای گەلانی چەوساوەو بندەست وەسفی دەکات :-
١. یەکەم ئەم سێ نیوەدێڕە یە لە شیعری جەنابی شێخی نەمرخۆی وەکو ھەڵوێستێک لە لوتکەدا کە بە دوژمنان و داگیرکەران دەڵێت :
نامەوێ ژینی ئەسارەت بەسمە عومری گومڕەھی
نایکەمە سەرخۆم بە دەستی مودەعی تاجی شەھی
قەت بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فەرمان ڕەھی
٢.نووسین و لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژھەڵاتناسی ھۆڵەندی مارتن ڤان برونەسن کە دکتۆر کۆردۆ علی لە ئەڵمانیەوە وەری گێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی ( لە کتێبی شێخ و ئاغاو دەوڵەت
) کەباس لە سەرۆک ھۆزو خێڵە کوردەکان دەکات دەڵێت زۆر جار فەرمانڕەوایانی ئینگلیز لە عێراقدا توانیویانە گەوجانە زۆر ھۆز دژی یەکدی ھانبدەن . چونکە ھێجگار لە تواناو دەستەڵاتی خۆیان رازی و دڵنیابوون ,بە پێبەندی و دانە پاڵی پراگماتیکانەی ھەندەک سەرەکھۆز دەستخەڕۆ بوون و بە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ ئینگلتەرە تێگەیشتوون . تا ھەڵگەڕانەوەو یاخیبوونی ئەو سەرۆکھۆزە بە نێو دڵسۆزو وابەستانە ڕایچەڵەکاندوون و بە ھۆشی ھێناونەتەوە . دیارترین نموونە شێخ مەحمودبوو , شێخی تەنھا تینووی دەستەڵات نا , بەڵکە سەرکردەیەکی لە دڵ و دەروون و باوەڕەوە نیشتمانپەروەر ,سەرکردەیەک کە ئینگلیز قەت نەیبەخشی , چونکە لە بریتی ئەوە وڵاتەکەی تەسلیمی ئەوان بکات و خۆشی خەریکی دەستکەوت چنینەوە بێت ھەوڵیدەدا ئەوان بۆ دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد ھەڵسووڕێنێت .
ئەوەی سەرەوە جوانترین و باشترین گەواھیە لە زاری ڕۆژھەڵاتناسێکی ئەوروپیەوە بۆ شێخی نەمر.
جوانترین شت کە کۆتایی وتارەکەمی پێ بێنم کۆپەڵەیەکە لە شیعری بازیانی خوێناوی کامەران ی نەمر :
زیندانەکانی ھیندستان
خۆڵەمێش گەرووی بازیان
خوێناوی چەمی کەناروێ
زامی دوژمن کە دێتە سوێ
ئاوباریکی دابێژراو
بە گوللەی دەسڕێژی بەتاو
ئەتناسن گەورەی کۆچ کردوو
ئەی تێکۆشەری نەمردوو .