سەدیق سەعید ڕواندزی
بێگومان ھیچ مرۆڤێک نییە بە جۆرێک لە جۆرەکان و بۆ ساتێک لە ژیانیدا، بە ھۆی ڕووداو و کارەساتێکی دڵتەزێنەوە نەگریابێت. گریان، بەشێکە لە سرووشتی سایکۆلۆژی و بایۆلۆژییانەی ھەموو مرۆڤێک و مرۆڤیش بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێکھاتەیەکە لە ھەست و سۆز و ئاوەز و ماکەکان، بۆیە زۆر ئاسایە بگری، ئەگەرچی لە کۆمەلگەی ئێمەدا، گریانی پیاو وەک جۆرێک لە شوورەی کۆمەڵایەتی دەبینرێت. گریان ھەر تەنھا خاڵی کردنەوەی کەف و کوڵێکی ناخی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە ڕوحی و کەسی و دەرونیەیە، کە مرۆڤ ھەیەتی و لە بەریەککەوتن دابووە لە گەڵ ڕووداوێک یان کارەساتێک. دیارە لێرەدا مەبەستمان ئەو گریانە نییە، کە بە ھۆی دڵخۆشی و سەرکەوتنەوە دەبینرێت و ڕوودەدات، چونکە بە بڕوای من، ھەموو ڕەھەند و دەلالەتەکانی گریان، لەو کەشە غەمگینییە دایە کە مرۆڤ تێی دەکەوێت و ھەرگیزاو ھەرگیز، گریانی سەرکەوتن و خۆشی، بەراورد ناکرێت بە گریانی دڵتەنگی و ھەبوونی خەمێکی گەورە و قووڵ. گریان لە کەیەوە دروست بووە؟ یەکەم مرۆڤ کێ بووە گریاوە؟ ئەمانە ئەو پرسیارە ئەنتۆلۆژیانەن، کە ڕەنگە تا ئێستاش بێ وەڵام مابنەوە. دیاریکردنی مێژووێک بۆ گریان، ساغکردنەوەی مێژوویی و ئەنتۆلۆژی و بگرە سرووتیشی دەوێت، چونکە گریان وابەستەی ھەر یەک لەو ڕووانەی ژیانە. کتێبی (مێژووی گریان)، کتێبێکە لە بارەی دیاردەی سرووشتییانەی گریان و پەیوەندی مرۆڤ بە گریان و ھەموو ئەو فاکتانەی دەبنە ھۆکاری دروستبوونی گریان لای مرۆڤ. کتێبەکە، گەرچی لێکۆڵینەوەیەکی درێژ و چڕە، بەڵام لە ڕوانگەی من وەک خوێنەرێک، لێکۆڵینەوەیەکی تەواوکاری نییە، بەلایەنی کەمەوە لە بارەی مێژووی گریان. ناونیشانی کتێبەکە مێژووی گریانە، بێگومان ھەمووشمان دەزانین کە مێژووی ھەر ڕووداو کارەسات و دیاردەیەک، دەبێ لە ڕوانگەیەکی زانستی و ئەریکۆلۆژی، ساغبکرێتەوە. مێژوو، بە تایبەتیش ئەگەر بمانەوێت لە ڕەھەندێکی زانستییەوە لێی بدوێین، دەبێ بە ئەرگۆمێنت، بەڵگەکانی بخرێنە ڕوو. لەو ڕوانگەیەوە گەرچی ئەو کتێبە ناوی (مێژووی گریانە) بەڵام نووسەری کتێبەکە، نەیتوانیوە وەڵامی ئەو پرسیارە مێژووییە بداتەوە، کە گریان کەی دروست بووە. تەنانەت خۆی لەو پرسیارە دەدزێتەوە و بە ھەندێک بۆچوونی سادە و نا بڕواھێنەر، خۆی لەو بابەتە لادەدات. ئەو لە بارەی مێژووی گریانەوە دەنووسێت:_( یەکەمین مرۆڤ کێ بووە گریاوە، یەکەمین ھۆکار چی بووە بۆ گریان، وا باشە خۆمان نەخەینە نێو ئەم پرسیارە قووڵانەوە، ئەگەر خۆشمان تێخست، بە ئاسانی لێی دەرنایەین. لا ٨٣) لێرەدا دەکرێ بپرسین، ئەگەر نووسەری کتێبەکە نەتوانێت مێژووێک بۆ گریانی مرۆڤ دیاری بکات، کەواتا ناونانی کتێبەکەی بە مێژووی گریان ، نووسەر ناخاتە ژێر پرسیاری خوێنەرانەوە؟ مێژووی گریان وەک ئەوەی لە ناونیشانەکە ھاتووە، ئاخۆ بە مانای ئەوە نایەت، کە نووسەر سەرەتا مێژووییەکانی گریان باس دەکات؟ کەی و چۆن و کێ یەکەم کەس بووە گریاوە؟ گریمان ئەگەر ئەو پرسیارانە، پرسیاری فیکری ئاڵۆز و بێ وەڵام و مێژووێکی دیاریکراو بن، کەواتا ناونانی کتێبەکە بە مێژووی گریان، دەسپێکێکی ھەڵەیە. بۆیە دەبوو ناونیشانی کتێبەکە، بە جۆرێکی دیکە بووایە. چونکە ناکرێت بانگەشەی مێژووی گریان بکەیت و نەشتوانیت بە بەڵگەی مێژوویی ئەو مێژووە ساغبکەیتەوە و دەریبخەیت و تەنانەت خۆشت لە باسەکە بدزییەوە. ئەمە یەکەم ئیشکالییەتی بەرکەوتنی خوێنەرە بەو کتێبە. چونکە ئەو بەر بابەتێک دەکەوێت، کە ھیچ سەرەداوێکی مێژوویی تێدا نیییە و ڕوانگەی نووسەری کتێبەکەش، وەک ڕوانگەی ھەموو ئەوانیترە، کە نازانن گریان کەی سەریھەڵداوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، لە درێژەی باسەکەیدا دەربارەی مێژووی گریان، نووسەر ئەو بۆچوونەی خۆی ڕەت دەکاتەوە و ئەمجارەیان گریان دەبەستێتەوە بە چەند دیاردەیەکی سرووشتی و مرۆیی و ئەنتۆلۆژی و مێژووێکی بۆ دیاری دەکات، کە من بڕوام وایە ئەمیش خۆی لە خۆیدا ھەڵەیەکی دیکەی نووسەری کتێبەکەیە. نووسەر ئەمجارەیان دەنووسێت:_( لە دەستدانی وڵات و نیشتمان و ھاوڕێ و تووڕەبوونی خواکان، یەکەم سەرچاوە بووە بۆ گریانی مرۆڤ و وروژاندنی ھەستی گریان و فرمێسک ڕشتن. لا ١٩٣) ئەگەر لە پەراوێزی ئەو بۆچوونەوە بڕوانینە سەرەتاکانی دەرکەوتنی گریان، ئەوا نووسەر ئەمجارەیان مێژووێک بۆ گریان بە تێگەیشتنی خۆی دیاری دەکات، بەڵام بێگومان دیسانەوە ئەو بۆچوونە و ئەو مێژووە، بۆچوونێکی نالۆژیکی و نا مێژووییە. ئەگەر یەکەم گریانی مرۆڤ بۆ ھاوڕێ و لە دەستدانی خاک و نیشتمان بێت، ئێمە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، کە ئایا مرۆڤ لە سەرەتادا ھاوڕێ و نیشتمانی ھەبووە؟ بە دەربڕینێکی تر، ھەموو سەرچاوە ئەریکۆلۆژیی و شوێنەواریی و مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، کە مرۆڤ سەرەتا بە شێوەیەکی ساکار و بە تەنھا لە ئەشکەوتەکاندا ژیاوە و ژیانی بە ڕاوکردن گوزەراندووە و پاشانیش ئاگری دۆزیوەتەوە و لە شاخاکانەوە ھاتۆتە نێو دەشتەکان و کشتوکاڵی کردووە. لە دەرەنجامی ئەو گردبوونەوە کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوییە خێڵەکی و گشتییەوە، ئیدی زمان و ژیانی بە کۆمەڵ و پێداویستییەکانی دیکەی دۆزیوەتەوە و دەستەبەر کردووە. کەواتا مرۆڤ لە سەرەتادا نە ھاوڕێ، نە نیشتمانی ھەبووە، نە خوداشی ناسیوە. ئیدی نازانم نووسەری کتێبەکە بە پشت بەستن بە کام بەڵگەی زانستی و مێژوویی و ئەریکۆلۆژی، باس لەوە دەکات کە یەکەم جار مرۆڤ بۆ ھاوڕێکانی گریاوە؟ بێگومان ئەو بۆچوونە، بۆ چوونێکە ناتوانرێت لە ڕووی مێژووی و فەلسەفی و بوونیشەوە، پشتی پێ ببەسترێت و بکرێتە سەرچاوە، بەڵکو ھەر تەنھا ڕایەکی کەسی و تایبەتی و قسەیەکی ئاسایی نووسەری کتێبەکەیە. مێژوو، ساغکردنەوە و خستنەڕووی بەڵگەی باوەڕپێکراوە. بە تایبەتیش مێژووێک کە پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤ، وەک بوونەورێکەوە ھەبێت. بۆ نموونە: لە ئەشکەوتی نیاندرتاڵ یان شانەدرە، ئێسک و پرووسکی مرۆڤ دۆزراوەتەوە، کە مێّژووەکەیان بۆ ملیۆنان ساڵ دەگەڕێتەوە و سەلمێندراویشە. بۆیە ھەر کەسێک لە ئێمە، دەتوانێ مێژووێکی زارەکی و بێ ئەرگۆمێنت، بداتە پاڵ گریان، یان ھەر داھێنراوێکی دیکەی مێژوویی و زانستی و ئەو بۆ چوونەی نووسەر، بەھایەکی زانستی و مەعریفی نییە. ھەر لە درێژەی باسەکەیدا لە بارەی گریانەوە، نووسەر دەنووسێت:_(ھیچ کەسێک و ھیچ سەرچاوەیەک نییە بتوانێت، بە تەواویی دەست نیشانی ساتەکانی گریان لای مرۆڤێک بکات و ساتێک بۆ وروژاندنی ھەستەکانی دابنێت. لا ٥٣). بە بڕوای من، زۆر بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە ڕەھایەی نووسەرەوە، مرۆڤ زۆر بە ئاسانی دەتوانێت، ھەستەکانی بوروژێنێت و تەنانەت ب ەڕێگەیەکی زۆر سەرەتاییش، ھەستی بەرامبەرەکەشی بوروژێنێت. زەحمەتییەکی زۆری ناوێت، تا مرۆڤێک بگریێت و ھەستەکانی بوروژێت. مەگەر مرۆڤ، کە دیمەنێکی تراژیدی دەبینێت، فرمێسک ناڕێژێت؟ کە گوێبیستی ھەواڵێکی دڵتەزێن، کە پەیوەندی بە ڕووداوێکی تراژیدیەوە ھەیە دەبێت، زۆر بە ئاسانی ناگری و ناوروژێت؟ ساتە ناخۆشەکانی مرۆڤ، بە تایبەتیش لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێمەدا، ئەوەندە زۆرن و ئەوەندە کارەسات و ڕووداوی تراژیدی ھەن ڕوویانداوە و بە ئێستاشەوە ڕوودەدەن، کە زۆر بە سانایی مرۆڤ دەگریێنن و کاری لێ دەکەن. کاتێ ھەواڵی شەھیدبوونی پێشمەرگەیەک، دەدرێتە دایکی، چەند بە خێرایی و بە زوویی دەوروژێت و شین و لاوانەوە دەکات. بۆیە ئەوە نییە نەتوانیین دەست نیشانی سەرچاوەی ھەستەکانی مرۆڤ و گریان بکەین. تەنانەت ئەگەر ھەواڵێکی ناخۆش بە ھەڵە و تەنھا بۆ گاڵتەش بێت، بە بەرامبەرەکەتی بگەیەنی، دەوروژێت و دەکەوێتە پەشۆکان و دوودڵییەوە. بە پێچەوانەوە مرۆڤ سرووشتێکی کۆمەڵایەتییانەی ھێندە سەیر و ئاڵۆزی ھەیە، کە تەنانەت بە یەک قسە و کۆمێنت و گاڵتە پێکردنێک، ئەتمۆسفیری تووڕەیی دەفرێت و کورد گوتەنی دۆ و دۆشاو تێکەڵ دەکات. وروژاندنی ھەستەکانی مرۆڤی بەرامبەرمان، بە دیوێکی خۆشی یان ناخۆشی بێت، ئاسانترین کارێکە ئەگەر مەبستمان بێت، بیکەین. بۆیە ئەوە نییە کەس نەتوانێت بەرامبەرەکەی بوروژێنێت، وەک ئەوەی نووسەری کتێبەکە نووسیویەتی. دواجار دەلێم ئەم کتێبە گەرچی گەلێک باسی لە بارەی گریانەوە تێدایە، بەڵام گەلێک لە بابەتەکانیش، بۆ خوێنەر مایەی گومان و پرسیارکردنن، کە لە کتێبەکەدا بێ وەڵامن.
* پەراوێز: مێژووی گریان، نووسینی: سەڵاح حەسەن پاڵەوان، بڵاوکراوەی: وەشانخانەی مادیار _ کوردستانی ڕۆژھەڵات_٢٠٢٠.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارە (٣٤٧٩) ڕۆژی ٨/٦/٢٠٢١بڵاوکراوەتەوە.