میدیاکات تایفەیەکن لە ئاریایەکان کە پێش هەخامەنەشینیەکان لە بەشێکى پان و بەرینى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەراست دەوڵەت و پاشایان هەبووە، ماوەى حوکمرانى و پاشایەتى میدیاکان دوو بەرانبەرى هەخامەنەشینیەکان بووە، میدیاکان ئیمپراتۆریەتى گەورەى ئاشوریەکانیان تێک رووخاند، هەر لە سەر دەستى میدیاکان نەتەوە و تایفەیەکى زۆر لەچەوسانەوە و زوڵم و زۆری و نۆکرى شاهانى دیکە رزگاریان بوو، میدیاکان لە سەرەتاى سەدەى هەفتەم وکۆتایى سەدەى هەشتەم پێش زایین لە کوردستان و ئازربایجانى ئێستاکە نیشتەجێبوون،
ئایین لە ئادیۆلۆژى و بیروبۆچوونى دانیشتوانى رۆژهەڵاتى کۆن هۆکارێکى زەق بووە و سەبارەت بە هەڵسانگاندنى ئایین ودینى هەزارەى یەکەمى پێش زایین دەتوانین بە کەڵک وەرگرتن لە نووسراوەکانى ئاشوورى و ئەووێنانە و ناوانەن کە لە سەر تاشە بەردەکان هەڵکەندراون دەتوانین حوکم بدەین دەربارەى ئایینەکانى ئەو سەردەمە، لەو بارەیەشەوە نووسراوەکانى ئاشوورى زۆر کەم و سنوورداران ، بەڵام ئەوى پێش چاومان دەکەوێت لە نووسراوەکانیان ئەوەیە کە خواى ماننا ناوى هاتووە ( بە پێى لێکۆلینەوەى شوێنەوار ناسان لە قەڵاى زێوییە، ئەوە دەردەکەوێت کە ئەم قەڵایە شوێنى شاردنەوە ودەفنى نەتەوەى مانناکان بووە، ئەو قەڵایەش یەکێکە لە هەرە قەڵاکانى زۆر مێژوویى وگرنگى گەلى ماننا کە کە لە نزیک دەشتەکانى دیواندەرەو گروسى رۆژهەڵاتى کوردستان هەڵکەوتووە کە لە نووسراوەکانى ساڵانى (848 و 625 ) ناوى هاتووە، سەرچاوە ( مێژووى میدیا دیاکۆنۆف . ل، 2و 625 ) .
بەڵگە ودیکۆمێنتەکان ئەوە دەخنە روو کە ئایینى ناوچەکانى رۆژئاواى میدیاى کۆن زۆرتر باوەردارى ئایینى هۆریان بوون کە تا رادەیەک هاوشێَوەى ئایینى ئاشوریەکان بووە بە تایبەت لەو وێنانەى لە سەر تاشە بەردەکان هەڵکەندراون و لە شێوەى وێنەى سەیر سەیر دەچن وەک نێوەى جەستەیان مرۆڤ بێت و نیوەکەى دیکەیان ئاژەڵ، وەک ئاژەڵە باڵدارەکان کە لاشەى هێندێکیان شێرە و ئەوەى دیکەیان باڵى هەڵۆیە و گەلێک وێنەى دیکە کە لە ئەساتیر و ئەفسانەکانى ئایینى هۆریانى زۆر باو بووە، کە تایبەتمەندنى ئایینى وڵاتى میدیاش بووە. ئاینى کاسیەکان و تەنانەت ئایینى بابێلیەکانیش تا رادەیەک کاریگەرى بە سەر ئایینى گەڵانى میدیا دا هەبووە، کە لە ناوند و یێتەختى میدیاکان کە دواى بە ئەکباتان و ئیستاکە بە هەمەدان دەناسرێت، لە نووسراوەکانى ئاشووریەکان کە لە قۆناغى گەشەسەندن دابوون شاهیدى پەرەستنى مەردۆک خواى بابێلیش بووەن، سەبارەت بە روونکردنەوەى زیاترى ئایینى میدیاکان سەرچاوەمان زۆر کەمن، بۆیە دەتوانین تەنیا پشت بە سەرچاوەکانى ئاشوورى کۆن ببستین، ئاو ناوانەش کە زۆر لە سەرچاوەکانى ئاشوریدا ناویان هاتوە دەتوانین ئاماژە بە ناوەکانى ئەهورە و مەزدە کە هەمان ناوى ئاهورامەزدایە کە لە ئەڤستادا ناوى هاتووە، هەروەها ناوەکانى زیرت یان دیزتە و خواندەکانى هێندو ئەورووپایى.
لێرەدا بەگشتى ئایینى میدیاکان بە پێى نووسراوەکان وئەم بەڵگەو دیکۆمێنتانەى شوێنەوار ناسى کە لە بەر دەستمان دان دەتوانین بە دوو قوناغ دابەشى بکەین:
1. لە سەرەتاى نیشتە جێبوونی ئەم نەتەوەیە لە ناوچەکەدا تاکو سەدەى هەفتەمى پێش زایین.
2. لە سەرەتاى سەدەى هەفتەمەوە تاکو لە ناو چوون و رووخانى ئیمپراتوریەکەیان کە دگاتە 550 پێش زایین.
لە سەردەمى دەسەڵاتدارى و ئیمپراتۆریەتى میدیاکان لە ناوچەى دەسەڵاتداریان نەتەوە و تایفەکى زۆر نیشتەجێبوون وەک هۆریەکان، کاسیەکان، سکاکان، گوتییەکان، لۆلۆییەکان، کە هەر کامیان لە شوێنێک لەم ووڵاتەدا نیشتە جێبوون
( کەوا پێدەچێت تایفە و عەشیرەتە کوردییەکان وەک هەوارمییەکان سۆرانیەکان بادینیەکان و…) پاشماوەى ئەم تایفە ونەتەوانە بن. لە وانەشە کە بوونى ئەم نەتەوانە لە ناوچە و جوگرافیاى میدیاکاندا لە گۆرانى فەرهەنگ و کلتوور و ئایینى ئەو سەردەمە کاریگەریان هەبووبێت، لە پێرستى ناوى خوداوەندەکان کە لەکتێبخانەى ئاشوور بانى پاڵ ( 688 _26 ) پێش زایین دۆزراونەتەوە سەبارەت بە رب لنوع و خوداوندى میدیایى دوو ناومان پێش چاو دەکەوێت کە یەکێکیان میترایە و ئەوەى دیکەیان ئەسرامەزاش کە پێدەچێت هەمان ئەهورامەزدا بێت.
رێورەسمى ئایینى:
لە سەردەمى دەستەڵاتدارى میدیاکاندا، رێورەسمى ئایینى لە لایەن پیاوانى ئایینى بناوى ( مۆخەکان) بەرێوە دەچوو، هەروەها هەر ئەو گروپە بوون کە لە سەردەمى هەخامەنەشییەکان کارتێکەرى رامیارى و ئایینیان هەبوو.
دیاکۆنۆف دەڵێت: مۆخەکان ئەو تایفەیە بوون کە بیر و باوەرى ئایینى و رێورەسمى ئاینى تایبەتیان هەبوو، پارسەکان پیاوانى ئاینى خۆیان لە تایفەیەهەڵدەبژارد، مۆخەکان یەکێک لەو شەش تایفەى میدیاکان بوون،÷ بەڵام چ ئایینێکیان هەبووە ئاشکرا نییە. زۆریەک لە توێژەران لەو باوەرەدان کە لەوانەیە ئایینى میدیاکان ئایینى هۆرمزپەرەستى بوبێت کە مۆخەکان ئەو ئایینەیان تێکەڵ بە سحر و جادو خورافات کردبێت.
لە راستیدا دیار نییە کە ئایینى زەردەشتى لە سەردەمى میدیاکاندا بووبێت و بڵاوبووبێتەوە، چونکە وا پێدەچێت کە لە سەردەمى کۆندا ئلریاییەکان زۆرتر رووناکى ورۆژیان دەپرست و واش پێدەچێت کە رۆژ پرستى تێکەڵ بە ئایینى میدیاکان کرابێت، حەزرەتى زەردەشت کە خەڵکى ووڵاتى میدیاکان بووە، زۆر هەوڵیدا کە چاکسازى وریفۆرم لە ئایینى میدیاکاندا بکات، بەڵام مۆخەکان پێشیان پێگرت و نەیان هێشت و ناچاریان کرد کە ووڵات بە جێبەهێلێت چۆتە ووڵاتێکى دیکە و ئایینى خۆى پەرە پێداوە. ئەو شوێنەوارانەى کە لەوڵاتى میدیاکاندا دۆزراونەتەوە بەڵگە و دیکۆمێنتن بۆ ئەوى کە گەلانى میدیا ئایینى خواپرستیان هەبووە.
هیرۆدۆت سەبارەت بە ئایینى میدیاکان زانیارى ناداتەدەست تەنیا زۆر بەکورتى باسى مۆخەکانى کردووە کە پیاوانى ئایینى ووڵاتى میدی بوون و پێشبینى زۆر شتیان دەکرد. هەر لە شوێنێکى دیکەدا هیرۆدۆت سەبارەت بە مۆخەکان و بیر و باوەریان و رێورەسمى ئایینیان باس دەکات و ئەوە روون دەکاتەوە کە رێو رەسمى کلتورى مۆخەکان لە گەڵ پارسەکان جیاواز بووە.
لە کۆتایى سەردەمى پارتەکان و ساسانیەکاندا، رۆمەکان و یەونانیەکان پیاوانى ئاینى زەردەشتیان بە مۆخ ناویان دەهێنان. بەگشتى زانیارى لە سەر دانیشتوانى کۆنى ئەم ناوچەیەزۆر کەمە، بەڵام دۆزینەوەى شوێنەوارەکان لە ناوچەجیاجیاکانى ناوچەى میدیا بیر و بۆچونى ئاینى و خواپەرستى ئەم نەتەویە دەسەلمێنن، هەروەها دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە دانیشتوانى ئەم ناوچەیە رووناکى رۆژ ومانگ و و ئەستێرەیان بەلاوە پیرۆز بووە هەر وەک ئبستا کە ئیزەدییەکان کە لە باشوورى کوردستان نیشتەجێن بەلایانەوە پیرۆزە. لە نووسراوەیەکدا کە پەیوەندى بە 1400 ساڵ پێش زایین هەیە ناوى خوداوەندەکانى هێند و میزۆپوتامیا وەک میترا و رۆژ .. هاتووە کە لە سەر تاشە بەردەکان هەڵکەندراون.
سەرچاوە: شوش بەهەشتى ووڵاتى عیڵام