زانا دڵشاد دزەیی :کچە بێژەری رادیۆی تواناسازی ئافرەتان میھرەبان رایگەیاند، چەندین کەناڵ داوای کردووە، بەڵام لەبەر قسەی خەڵک داواکەی رەتکردۆتەوە بێتە سەرشاشە.
میھرەبان رواندزی، ٢٧ ساڵ، کە بێژەر و پێشکەشکارە لەرادیۆی تواناسازی ئافرەتان لەلێدوانێکیدا بەگۆڤاری (سڤیل)ـی راگەیاندووە، ھەرچەندە ئاواتی ئەوە بووە کاری راگەیاندن بکان، بەڵام ھاتنی بۆ کاری راگەیاندن بە”ڕێکەوت” وەسف دەکات و دەڵێت “ھەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە رۆژێک لەرۆژان بێمە ناو راگەیاندن، بەڵام ئاواتم بوو، سوپاس بۆ خوا جێبەجێ بوو، ھێشتا ئاواتی دیکەم ماوە، بەھەموو توانامەوە کار بۆ بەدیھێنانی ئاواتەکانی دیکەم دەکەم”.
میھرەبان ئاواتێکی دیکەی بۆ (سڤیل) ئاشکرا کرد و گوتی “یەکێک لەئاواتەکانم ئەوەیە سەفەر بۆ وڵاتێکی ئەوروپا بکەم، مەحالیش نییە کە نەیەتەدی، بەتایبەت بۆ وڵاتی ئیتاڵیا، کە بەلای منەوە خۆشترین وڵاتە”.
ھەر بەپێی ھەواڵەکەی گۆڤاری (سڤیل) پێشتر میھرەبان لەھەردوو رادیۆی (زین و ئازادی) کاری کردووە و ئێستاش لەرادیۆی تواناسازی ئافرەتان بەردەوامە، نەیشاردەوە کە حەزی لەکاری تەلەفزیۆنیش ھەیە، ھەروەھا لەلایەن چەند کەناڵێکەوە داوای کارکردنی لێکراوە، بەڵام ئەو قبوڵی نەکردووە، چونکە میھرەبان دەڵێت “لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە تاوەکو ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کەسێک لە تەلەفزیۆن ببینن بە باشە باسی بکەن، ھەردەم کەسانەی سەر تەلەفزیۆن رووبەرووی تانە و قسەلۆک دەبێتەوە، لەوانەشە بنەماڵەکەشم لەوە نیگەران بووبن، جارێک لەجاران ئەگەر باسم کردبێ بچمە سەرشاشە”.