میوانەکانی پێشانگایەکی سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە وێنە دەکێشن .. دوای نیوەرۆی رۆژی یەکشەممە کاتژمێر ٣:٣٠ رێکەوتی ٢٧\٢\٢٠١١ لە ھۆڵی سەنتەری چالاکی گەنجانی رانیە زیاتر لە ٢٢ ستاندی شێوەکاری دانرابوو,
کە لەسەر بۆردەکانی تەنھا وەرەقەیەکی سپی سادەی پێوە بوو, ھەروەھا لەسەر زەویەکەش چەندین وەرەقەی سپی لەسەر روپەری فایلێکی درێژ دانرابوون ھەر یەکەیان قەلەمێکی رەساسی لە تەنیشت دانرابوو, دوای ھاتنی رێژەیەکی زۆری گەنجانء نوسەر و رۆژنامەنوسانی ناوچەکە لە لایەن مامۆستای بەشەکەوە( ریباز قادر) داوایان لێکرا کە لە سەر وەرەقە سپیەکە شتێک بە ئارەزووی خۆیان بنوسنء دواتر لە سەر ستاندەکان وێنەی مەبەستەکەیان بە تابلۆیەک بکێشن.
ئەم چالاکیەی بەشی شێوەکاری سەنتەری گەنجان ستایلێکی تازەی کارکردن بوو کە سەرجەم میوانەکانی تێکەڵی نیگار کێشان کرد. کە جێگای رەزامەندی ء سەرسامی میوانانی بوو. بەمەش پێشانگایەکی شێوەکاری لە رێی میوانەکانەوە کرایەوە.
جێگای ئاماژەیە دوای تەواو بوونی چالاکیەکە گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر چالاکیەکە کرا.