ئەوەی سەردانی پەشێوی شاعیری كردبێت دڵنیام لە دڵی خۆیدا پرسیویەتی، ئەرێ گەلۆ دەبێ حیكمەت لەوەدا چی بێت كە رۆژانە ئەو شاڵاوە خەڵكە لەو سەرتا ئەو سەری كوردستانە ڕوو لەو ماڵە گچكەلانەیە دەكەن، كە شاعیری گەورە عەبدوڵڵا پەشێوی وەك باڵندەیەكی موبارەك لێ هەڵنیشتۆتەوە، لەو ماڵەدا خەڵكی ریز دەگرن بۆ ئەوەی پەشێو لە ئامێز بگرن، وێنەیەكی یادگاری لەگەڵدا بكشێن كە تا ئەبەد شانازی پێوە بكەن. ئەو شاعیرە كە دڵی بە قەد چیایێكی سپی وایە، دەبینم كە چەند بە تاسەوە ئامێزی پڕ لەمیهری خۆی بۆ یەكە یەكەیان واڵا دەكاو ماچی روومەتی گەورەو بچووكیان دەكات، ئەو كات ئەو رێبوارە ماندووە كە نە لە فنلەندای تەمومژو نە لە كوردستانی چاو پڕ لە فرمێسك ئارام دەگرێ دەڵێی لەئامێزی ئەواندا حەسرەتە پڕ سۆكانی كپ دەبن و چاوە ماندووەكانی دادەكەون، ئەو پیاوە ناهەقی نییە لەئامێزی هەریەك لەواندا بۆنی دایك و بۆنی باوك و بۆنی خاك بكات، خەڵكیش ناهەقی نییە لەو ئامێزە ئاگرینەدا دڵی ئاو نەخواتەوە، كە بۆنی غەریبی و بۆنی سوتماكی لێ دێت، پەشێو تا گەنج بوو ریش و سمێڵی ئاوا نەببوو بەكێوی بەفر لەسەر هەڵنیشتوو، شیعرەكانی ئەو دەست و ئەو دەستی ئاشقانی ئەو وڵاتەی دەكرد، ئەو ئاشقانە شەو تا بەیانی بە شیعری ئەو سەرینەكانی خۆیان بەفرمێسك تەڕ دەكرد و رۆژیان پێ دەكردەوە، لەحەفتاكانیشدا لەوەرزی راوكردنی كورداندا، پەشێو سەركێشی لەگەڵ ژیانی خۆی دەكردو لەدوانزە وانە بۆ منداڵەكاندا ئەو منداڵانەی فێری كوردایەتی دەكرد، هاواری لە برسان مردنی منداڵانی كوردی دەكرد لەسەر بۆڕیەكانی بابەگوڕگوڕ، لە بێ ئاڵایی كوردستان دەدوا لە یوئێن و سەر بوردەی نەهامەتی و بێكەسی كوردانی بۆ منداڵان دەگێڕایەوە، لەو ساوە تا ئێستاش برینەكانی پەشێو چۆڕاوگە شیعرییان لێ دەتكێ، ئیدی نەمن نە پەشێو نە ئێوەش نازانن تاكەی ئەو چۆڕاوگە شیعرانە جۆگە دەبەستن؟
حەیدەر عەبدولڕەحمان