دیــــدار نانەکەلی / زانکۆ پرێس
یەکێتی تۆپی پێی جیھانی (فیفا) بە ھاوکاری لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەڕەنسی کۆتایی ھەموو ساڵێک ھەڵدەستن بە رێکخستنی ڤیستیڤاڵێکی رێزلێنان کە خەڵاتەکەی تۆپێکی زێرین و ملیۆنێک دۆلارە و بە پێوەری ھەڵسەنگاندن و دەنگدانیش براوەکان ھەڵدەبژێردرێن.
بۆ دەستنیشانکردنی باشترینەکانی تۆپی پێی ساڵی ٢٠١٢ چاڵاکی و بەشداربوون و بەدەستھێنانی نازناو وەکو ھەمیشە کرابوونە پێوەری ھەڵسەنگاندن و زیاتر لە ٢٠٠ کاپتن و راھێنەر و ئەستێرەکانی تۆپی پێ و ھەڵبژاردەکانی جیھان بەشداری لەو دەنگدانە دەکەن بۆ ھەڵبژاردنی باشترین ٥٥ یاریزانی جیھان و سەرکەوتووترین ١٢ راھێنەری جیھان کە بەشدارن لە خول و پاڵەوانیەتیەکانی ئەوروپا دەکەن.
تا لە کۆتاییدا تەنھا ٣ یاریزان ھەڵدەبژێردرێن بۆ کاندیدی کۆتایی .کە زۆرترین ئاماژەکان بۆ ھەریەک لە یاریزانان لیۆنێل میسی ئەستێرەی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین و یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی و کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و یانەی ریال مەدرید و ئەندرێس ئینێستای ئەندازیاری تۆپی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بەرشلۆنە ، لە نێو راھێنەرانیش ھەریەک لە مۆرینھۆی راھێنەری پورتوگالی یانەی ریال مەدرید وپیپ گواردیۆلای راھێنەری پێشووی یانەی بەرشلۆنە و دیل بۆسکی راھێنەری بە ئەزموون و ناوداری ھەڵبژاردەی ئیسپانیا، کاندید کران بۆ ھەڵبژاردنی باشترین راھێنەرەکانی جیھان.
بۆ ھەڵبژاردنی کاندیدی کۆتایی باشترینەکانی تۆپی پێ کە پێکدێت لە باشترین یاریزانی کور و کچ و باشترین راھێنەر ٩ ی مانگی داھاتوو کە دەکاتە سەرەتای ساڵی نوێ دەستنیشانکراوە.
بە پێی ئامار و پێشبینیەکانیش ئەستێرەی ناوداری یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانیا و کاپتنی ھەڵبژاردەی ئەرژەنتین لیۆنێل میسی بەھێزترین پالێوراوی خاوەن خەڵاتی تۆپی زێڕینە.چونکە توانیوویەتی لەگەڵ ھەڵبژاردەکەی سەرکردایەتی چەند بردنەوەیەکی پڕ بایەخ بکات و لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەش وەکو ئەستێرەی تەواوی یاریەکان و گۆڵکەری پاڵەوانیەتیەکان ، توانیوویەتی ژمارە پێوانەییەکانی رێژەی گۆڵ تۆمارکردن بە ناوی خۆی بنوسێتەوە و لە ماوەی تەنھا وەرزێکدا نزیکەی ٨٥ گۆڵ تۆماربکات.خاوەنی پێڵاوی زێڕینیشە بۆ باشترین یاریزانی ئەوروپا لەساڵی ٢٠١٢
بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا شارەزایانی بواری تۆپی پێ ئەندرێس ئینێستای یاریزانی ھەمان یانە و ھەمان نازناو بە شایستەی ئەو نازناوە دەزانن. لەبەر ئەوی ئینێستا لە توانای دابووە سەرکردایەتی یانەکەی بکات لەنێو تەواوی یاریگا.بە جۆرێک توانیوویەتی وەکو قەڵایەک ببێتە پاڵپشتی یاریزانەکانی ناوەڕاست و بە جوانترین شێوە ھێلی بەرگری و ھێرشبردن بەیەکەوە ببەستێتەوە. سەڕەرای ئەوەی چەندین گۆڵی جوانی تۆمارکردووە و بەشداری تەواوی ھێرشەکانی یانەکەی کردووە.بە پێی ئامارەکانیش خاوەن توانایەکی سەرسوڕھێنەری پەیوەندیکردنە بە ھاوەڵەکانی و لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ یانەی بەرشلۆنەدا لە ساڵی ٢٠١٢ توانیوویەتی لە ھەر یاریەکدا ٦٥ پاسی دروست بە ھاوەڵەکانی بدات کە دەکاتە رێژەی ٩٧ % پاسی بەبێ پچڕان.
لە نێویشیاندا بە لیھاتووی خۆی توانیویەتی ٥٧% پاسەکانی بۆ یاریزانانی ھێڵی پێشەوەی ھێرشبردن ببێتە ھۆی تۆمارکردنی گۆڵ. لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئیسپانیاش رۆلی سەرەکی بینیووە لە سەرکەوتنە مێژووییەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیھان.
لە بەرامبەریشدا کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید چانسی
بەدەستھێنانی ئەو نازناوەی ھەیە بەھۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەکەی لە خولی ئیسپانیدا لەم وەرزەدا پێشکەشی کردووە بۆتە جێی سەرنج و بایەخی زۆربەی شارەزایانی تۆپی پێ.
شایەنی باسە پارساڵ لە ھەمان بۆنە و ڤیستیڤاڵدا لیۆنێل میسی بە باشترین یاریزانی ئەوروپا و جیھان و مۆرینھۆش بە باشترین راھێنەر ھەڵبژێردران.