سەدیق سەعید ڕواندزی
بە داخەوە لە ھەرێمی کوردستاندا، لە ماوەی سی و یەک ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی کوردی، ھیچ ھەوڵێک نەدراوە بۆ یەکخستن و بەرجەستەکردنی زمانی فەرمی دەوڵەت. یاخود زمانێکی ستاندارد کە لە نووسین وداڕشتن، وەک زمانی ھاوبەش و یەکگرتووی کوردی بەلایەنی کەمەوە لەوبەشەی کوردستان پەیڕەو بکرێت. بێگومان لە نەبوونی زمانێکی ھاوبەشیشدا، ئەوا شێوە جیاوازەکانی ڕێنووس و نووسین دەبنە دیاردە. لەو ڕوانگەیەوە دەبینین کە زمانی داڕشتن و نووسین لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان و بڵاوکراوەکانی ئێمەدا، زمانێکی یەک جۆر و یەک شێوە نییە. بەڵکو ھەریەکە و پەیڕەو لە شێوەیەکی ڕێنووس دەکات. تەنانەت زۆرجار ڕێنووسی یەک وشە بە جۆرەھا شێوە دەنووسن. لە ڕاستیدا، یەکخستنی زمان بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتە کە لە ڕێگەی نێوەندە ئەکادیمییەکان و لە چوارچێوەی پلانی ڕۆشنبیری وەزارەتی ڕۆشنبیری کاری لە سەر بکات. یاخود چەندین ڕێنمایی و ڕاسپاردە بە مەبەستی یەکخستنی زمانی نووسین و دەربڕین لە ڕاگەیاندنەکاندا دەربکات. بەڵام کاتێ گرنگیدان بە زمان لە پلانی حکومەت نابێت، ئەوا بەرپرسیاریەتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەزگا ڕاگەیاندنەکان کە کاربۆ بەستانداربوونی زمان بکەن. مەرج نییە ڕێکخستنی زمان ھەرتەنھا بە بڕیاری سیاسی بێت، بەڵکو دەتوانرێت لە ڕێگەی نووسینەوە زمانی ھاوبەش بێتە کایەوە. شکسپیری نووسەری گەورەی ئینگلیز و جیھان، لە ڕێی بەرھەمەکانییەوە، ڕۆِڵێکی ھەرە گەورەی لە پێشخستنی زمانی ئینگلیزیدا بینیوە. بەڵام دەزگاکانی ئێمە و بگرە بەشێکی نووسەرانیش، بە ھۆی نووسینەکانیانەوە، ئەوەندەی تر زمانی کوردی پەرپووتتر و وێرانتر دەکەن. بەو پێیەی کەمترین یاخود ھیچ شارەزایەکییان لە سەر زمان و بونیادی ڕێزمان و داڕشتنی ڕستە نییە. ئەمە وێرای نەبوونی زانیاری لە سەرئاماژە و ماناکانی وشە. چونکە مەرج نییە ئەوەی نووسەربێت، یاخود چەند کتێبێکی وەرگێڕابێت ئیدی شارەزایی لە ھەموو کە لە بەرێکی زماندا ھەبێت. بە تایبەتیش کە زۆرجار تەنھا دەنگێک یاخود پیتێک دەبێتە ھۆی گۆڕینی تەواوی مانای وشەکە. نووسین یاخود ھەواڵ، ھەر تەنھا داڕشتنی ڕستە و چەند دەربڕینێک نییە، بەڵکو گەیاندنی ماناو پەیامە. کاتێ بە وردی سەرنج لە زمانی ھەواڵ و داڕشتنی ھەواڵیش دەدەین لە میدیاکاندا، ئەوکات درک بەوە دەکەین، کە لە ھەردوو لایەنی زمانەوانی و ماناییەوە، بەشێکی یەکجار زۆری (ئەگەر نەڵێم ھەمووی) دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، بە ھەمووجۆرەکانییانەوە، لە ھەواڵ نەگەیشتوون و نازانن ھەواڵ چییە و پێویستە چ شتێک وەک ھەواڵ ببینرێت و بخرێتە بەرچاوی بیسەران و بینەران و خوێنەران. بێگومان، بە ھۆی زۆربوونی ھۆکارەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و لەلایەکی دیکەشەوە جەنجاڵی و ئاڵۆزیی ژیان، ئێمە ڕۆژانە بەر دەیان و سەدان دیاردە و ڕووداو دەکەوین و ھەندێک لەو ڕووداوانەش لە دەزگاکاندا، وەک ھەواڵی گرنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕووبەری شاشەی ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و تیڤیەکان دەگرن. ئەمە وێرای ئەو بە ناو ھەواڵە بە پەلانەی، کە زۆرجار دەگوازرێنەوە و نەک ھیچ بنەمایەکی ھەواڵی بە پەلەیان تێدا نییە، بەڵکو ناچنە خانەی ھەواڵی ئاساییشەوە، چ جای ھەواڵی خێرا!! ھەڵبەتە، دوو تایبەتمەندی گرنگ، لە بڵاوکردنەوەی ھەواڵدا ھەن، کە دەبێ ڕەچاو بکرێن و وەک بنەمای سەرەکی ھەواڵ دابنرێن، ئەوانیش: یەکەم: ئەم ھەواڵەی کە بڵاو دەکرێتەوە، چەند پەیوەندیدارە بە ژیانی گشتی خەڵکی جێگەیەکەوە، دووەمییان: چەند تازە و نوێییە. چونکە کاتێ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بۆ نموونە ھەواڵێک لە سەر شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا بڵاو دەکاتەوە، ئەوا لای مرۆڤی کورد، وەک ھەواڵی گرنگ و بایەخدار نابینرێت و گرنگی پێ نادات، چونکە ئەم شەڕە، ھیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی کۆمەڵایەتی و کەسی و گشتی ئەوەوە نییە، ئەگەر مەبەستیشی بێت شتێک لە بارەی ئەو شەڕەوە بزانێت، ئەوا میدیای کوردی بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی زمانێکی دیکە دەزانن و بژاردە ڕۆشنبیرییەکەن، نابێتە سەرچاوەی ھەواڵ، بەڵکو کەناڵێکی وەکو بی بی سی، یان حەدەسی عەرەبی، دەکاتە سەرچاوە . کەواتە ئەم شەڕە بێگومان ھەواڵە، بەڵام ھەواڵێک نییە پەیوەندیدار بێت بە ئێمە، تاکو دەزگا ڕاگەیاندنەکان بە گرنگییەوە و زیاد لە پێویست، بایەخی پێ بدەن. کاتبَ ھەمان ئەو میدیایە بە نموونە، ھەواڵێک لە سەر دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بڵاو دەکاتەوە، ئەو کات سەرنج و بینینی ھەموو خەڵک دەچێتە سەر ئەو ھەواڵە، بۆچی؟ چونکە مووچە پەیوەندیدارە بە ژیانی گشتی ھەمووانەوە و مەبەستییەتی بزانێت، لە نێو ئەو دۆخە سەختە ئابوورییەدا، حکومەتی ھەرێم چ پلانێکی ھەیە و بۆچی لە کاتێکدا نەوت بە سەد و ھەڤدە دۆلارە، بەڵام مووچە دابەش ناکرێت؟ لە ئاستی یەکەمییاندا، دەبێ ھەواڵەکە وەک ھەواڵێکی ئاسایی ببینین، بەڵام لەوەدی دووەمیاندا، دەبێ بە یایەخەوە لە ھەواڵەکە بڕوانین. کاتێ شەڕی داعش ھەبوو، قەیڕانی دارایی بوو، بە ئێستاشەوە، ژیانی مرۆڤێکی کورد، بۆ ئۆکرانییەک جێی بایەخ نەبوەو نییە، تەنانەت لە ڕوانگە مرۆڤدۆستیەکەشەوە، بۆیە کەمترین و بگرە لەوانەیە ھەر بایەخیشیان لە ڕووی ھەواڵ و ھەواڵسازییەوە بە خەڵکی کوردستان نەدابێت، چونکە ئەوان دەزانن، بۆ ئەوان ئۆکرانییەک گرنگترە لە کوردێک. بەڵام کاتێ ھەمان دۆخ بەراورد دەکەین لە کوردستان چی دەبینین؟ ئایا میدیای کوردی، ھێندەی بایەخ بە ھەواڵەکانی دنیا دەدات، ھێندە ژیانی فەرمانبەرێکی بێ مووچەی لا گرنگە؟ کەواتە دەبێ ھەواڵ پێگە و گرنگی و بایەخی خۆی ھەبێت لەلای ئەوانەی دەیخوێننەوە و دەیبینن، بە تایبەتیش لە سەردەمێکدا، کە سەرچاوەکانی ھەواڵ ھێندە زۆر و زەبەندن، کە ھەواڵێکی ئێستا، دوای چەند چرکەیەکی تر دەبێتە ڕابردوو. بێگومان کاتێ سەرنج لە بەشێکی زۆری ئەو بە ناو ھەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە لە میدیای کوردیدا دەدەین، تێ دەگەین کە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، وەکو پێویست، وێرای بە ناو کارکردنی پرۆفیشناڵانەش، بەڵام ھێشتا لە ھەواڵ نەگەیشتوون، بۆیە سادەترین و بێ بەھاترین شت، تەنانەت ڕووداوی زۆر ئاسایی و ڕۆتینیش، دەکەنە ھەواڵ و بە بایەخەوە بڵاویدەکەنەوە. دیارە بە ھۆکاری زۆری دەزگاکانی بڵاوکردنەوە، دەبێ بەردەوام ڕەگەزی ھەواڵ و بابەتی ھەمە جۆریش ھەبێت، وەک ئەو شەمەندەفەرەی بە خەڵووز کار دەکات و ھەر کاتێک خەڵووزەکە نەما، لە وەستان دەکەوێت. بەم شێوەیەش ئەو دەزگایانە، بۆ ئەوەی ئەڵقەی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ بینەر و خوێنەر بەردەوامی پێ بدەن، پێویستییان بەو خەڵووزەیە، خۆ ئەگەر خەڵووزیش نەبوو، ئەوا دەبێ بە ھەر شتێکی دیکە، تەنھا بسووتێت و دووکەڵ بکات، درێژە بە تەق و لۆقی ڕۆیشتنی شەمەندەفەرەکە بدەن. لێرەوەش دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، بۆ ئەوەی گوایا بە تێگەیشتنی خۆیان، کێبڕکێی یەکتری بکەن لەوەی کامییان ھەواڵێکی تازە و نوێ بڵاو دەکاتەوە، ھەموو شتێک وەک ھەواڵ دەبینن و بایەخی پێ دەدەن، بە بێ ئەوەی ھیچ داھێنان و گرنگی و بەھایەک لەو ھەواڵەدا ھەبێت، تەنێ ڕەش کردنەوەی شاشە و لاپەڕەکانە. لێرەدا، چەند نموونەیەکی بەرجەستە دێنمەوە، بۆ ئەوەی بە کرداری بزانین، ئەوانەی بە ناوی ھەواڵ بڵاو دەکرێنەوە و بایەخییان پێ دەدرێت، دەچنە خانەی ھەواڵەوە یاخود نا؟
نموونەی یەکەم:_
ڕووداو، کە خۆی پێ یەکەمی بێ ڕکابەرە و کورد وتەنی شا بەسەپان نازانێت، لە تایتڵی دوایین ھەواڵەکاندا، لە ڕۆژی ١٢/٣ ھەواڵێکی لە ماڵپەڕەکە بڵاو کردۆتەوە و نووسیویەتی:_( گەنجێکی زاخۆیی لە ئاسنی کۆنە چەقۆ دروست دەکات) ماڵپەڕەکە، ئەم کارەی زۆر بەلاوە گرنگ و داھێنەرانە و جێی سەرنج بووە، بۆیە بە بایەخەوە کردوویەتیە ھەواڵ و بڵاویکردۆتەوە. بێگومان، ھەر کەسێک ئەلف و بێیەک لە دنیای ڕۆژنامەگەریی و ھەواڵ بزانێت، تێ دەگات کە ئەمە کارێکی ھێندە گەورە و گرنگ نییە، تاکو وەک ھەواڵ بناسێنرێت، مەگەر ئەو گەنجە یۆڕانیۆمی دروست کردووە؟ کەس ھەیە نەزانێت کە چەقۆ ھەر لە ئاسن دروست دەکرێت و ئەمە ھونەرێکی ھێندە تازە و داھێنەرانە نییە و بە سەدان کەسی پیر و بە ساڵاچوو، ساڵانێکە چەقۆ لە ئاسن دروست دەکەن؟ من باپیرەیەکم ھەبوو، لە یەک کاتدا (چەقۆ، مشار، کارتیغ ، داس، مقەس) و چەندان بڕەڕی دیکەشی چەند ساڵێک لەمەو بەر دروست دەکرد. ئەم کارەی ئەو، بۆ سەردەمێک کە من منداڵیش بووم، ھیچ جێی سەرنج ڕاکێشان و داھێنانێکی تازە نەبوو، ئاخر چەقۆ، ھەر لە ئاسن دروست دەکرێت، خۆ لە دار و بەرد دروست ناکرێت! ڕەنگە ھونەرێکی کەمی بووێت، بەڵام کارێک نییە زۆر بایەخدار بێت، تاکو وەک دوایین ھەواڵی ئەو ڕۆژە دابنرێت و بیخوێنینەوە. ئەم گەنجە، ئەگەر لە بری چەقۆ، فڕۆکەیەکی دروست بکردایە، دەبووە داھێنانێکی گەورە و شایەنی ئەوە بوو، بە گرنگییەکی زۆرەوە کارەکەی بخرێتە بەرچاو و بناسێنرێت. ئەمە دەریدەخات، کە ڕووداویش کە خۆی پێ یەکەمی بێ ڕکابەرە، ھە موو شتێک بە ھەواڵ دەزانێت و ھەموو کارێک بە داھێنانی زانستی و مرۆییانە تێ دەگات. دروست وەک ئەوەی ھەموو سمێڵ سوورێک ھەمزە ئاغا بێت!
نموونەی دووەم:_
لە سەرەتای مانگی ئازاردا، بەشێکی یەکجار زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، ڕوودانی سووتانی ژنە پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان (بەھار محمود) یان وەک ھەواڵێکی بایەخدار بڵاو کردەوە و مامەڵەیان لەگەڵ کرد. ھەڵبەتە، سووتانی ھەر مرۆڤێک، بۆ ھەموومان جێی نیگەرانی و ئازارە، چونکە دەبێ ھاوسۆز و ھەستێکی مرۆییانەمان بۆی ھەبێت و لە ھەر شوێنێک مرۆڤێک ئازار بچێژێت، دەبێ ھەست بە ئازار بکەین، چونکە دوا جار ھەموومان مرۆڤین و کەس لاری لەوە نییە، بەڵام پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە، ڕۆژانە چەندان ژن لە کوردستان، بە ئاشکراو بە نھێنی دەسووتێن و خۆیان دەسووتێنن، یان دەسووتێنرێن؟ بۆچی سووتانی ئەوانیش نابێتە ھەواڵێکی گرنگ و ھەموو دەزگا ڕاگەیاندنەکان سەرقاڵ بکات؟ بێگومان ھۆکارەکەی دیارە، چونکە ژنەکانی دیکە، وەک ئەم پەرلەمانتار نەبوونە و پێگەیەکی سیاسی و حزبی دیاریکراویان نەبووە، بۆیە کەس ھەست بە ئازارەکانییان ناکات و دەبێ بە دەم ئازارێکی جەستەیی و دەروونی زۆرەوە، لە چاوەڕوانی مردن دابن. ھیچ گومانم نییە لەوەی ئەگەر ئەم بەڕێزە، پێشتر ناسراو و پەرلەمانتار نەبووایە، کەس ھەواڵی سووتانەکەی بڵاو نەدەکردەوە. لێرەوەش بە بڕوای من، لەوە دەگەین کە میدیای کوردی، زۆر ناپرۆفیشنالانە و نا ئاکاریی ونا ئینسانییانە، مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەکات، کە دەڵێم نا ئینسانییانە، مانای وانییە، بێ ڕێزی بە ئینسان بکات، بەڵکو بەو مانایەی، بە داخەوە لە سەر بنەماو پێوەری (پۆست، پێگەی سیاسی و جەماوەریی، پایە و سیاسەت، بەرژەوەندی) مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەکات، کە بێ لایەنیبوون و پیشەیی بوون، دەبێ ئەتەکێت و ڕێسای ھەموو دەزگایەکی ڕاگەیاندن بێت. نیگەرانییەکە لەوە دابوو، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژانە چاودێری تەندروستیشیان دەکرد، داخۆ حاڵی چۆنە، تا دواجار ڕوون بووەوە کە بەشێکی کەمی جەستەی سووتاوە. ھەڵبەتە، وەک باسمکرد، من نیگەرانی سووتانی ئەو خاتوونە و ھەموومرۆڤێکیشم، بەڵام دژی ئەوەمە مرۆڤ لەسەر بنەمای پۆست وپایە و سیاسەت، مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، مەگەر ڕۆژانە، سەدان کەس لەو ھەرێمە، بە ھۆی ڕووداوەکانی نەوت وگازەوە ناسووتێن؟ بۆچی ھیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بایەخ بە خەم و کۆستەکانییان نادات؟ ئەگەر بڕیارە ڕاگەیاندنەکان، پیشەییانە کار بکەن و تەنێ مرۆڤبوون بکەنە پێوانەی کار و بڵاوکردنەوەی زانیاریی و ھەواڵ و بەرژەوەندی گشتی ڕەچاو بکەن، بۆچی تەنھا سووتانی ژنێک کە پێشتر پەرلەمانتار بووە و کەسێکی بە ناوە، لایان دەبێتە ھەواڵ و گوێ بە کەسانی دیکە نادەن؟ مەگەر ئەوانیش ھەست بە ئازاریی جەستەیی و دەروونی ناکەن؟ کەواتا، یان نابێت سووتانی ژنێک بە تەنھا ببێتە ھەواڵ، یان دەبێت بنەمایەکی دیکەی کاری ڕۆژنامەوانی، بۆ ھەواڵ و داڕشتنی ھەواڵ دیاری بکرێت.
نموونەی سێیەم:_
بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان، ھەواڵی مردنی دایکی ھونەرمەند(حەمە دەمبڵیان) وەک ھەواَێکی گرنگی ڕۆژی ١٣/٣. بڵاوکردەوە. ھەڵبەتە، ئەو ھونەرمەندە یەکێکە لە ھونەرمەندە ھەرە دیار و خۆشەویستەکانی کوردستان و بە جووڵە و کردەکانی، بزە دەخاتەسەر دەمی ھەزاران و کەس و مناڵ، بۆیە ئەمە ھونەرێکی جوانە و کارەکانی شایەنی بە سەرکردنەوە و بە ھەواَلکردنە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، دایکی ئەو ھونەرمەندە، ھیچ پەیوەندییەکی گشتی بە ئێمەوە ھەیە؟ مەگەر ڕۆژانە، ھەزاران کەس و منداڵ بێ دایک نابن و دایکییان نامرێت؟ بۆچی ئەوان نابنە ھەواڵ و مردنی دایکی ھونەرمەندێک دەبێتە ھەواڵێکی گرنگ؟ مەگەر ئەمەش دیسانەوە پۆلێنکردنی مرۆڤ نییە، لە میدیای بێ زانیاریی کوردی؟ ئەم ھەواڵە ئەو کاتە دەبووە ھەواڵێکی گرنگ و جێی سەرنج و نیگەرانی، ئەگەر مردووەکە (ھونەرمەندەکە _ کە ھیوادارم سەد ساڵی دیکە بژیت) خۆی بایە، چونکە ئەو لە ڕووبەرە کۆمەڵایەتی و ھونەرییەکەوە، پەیوەندی بە ئێمەوە لە گۆشە نیگایەکی ھونەریی و سەلیقەی کاری کۆمیدییەوە ھەیە و مردنی بۆشاییەکی گەورە لە ڕووی ھونەری کۆمیدیاوە، لە نێوەندی ھونەری کوردی دروست دەکات. بەڵام مردنی دایکی شتێکی زۆر ئاساییە و نابێ وەک ھەواڵێکی گرنگ لە نێوەندەی میدیای کوردیدا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە ڕۆژانە سەدان کەس دایکیان دەمرێت و ئەمەش یاساییەکی فیزیکییانەی ژیانە و تا ژیان ھەبێت، کوردەواری وتەنی (دەبێ یەکمان یەکێکمان بشارینەوە).
نموونەی چوارەم:_
ماڵپەڕی سپی میدا، ھەواڵێکی لە بارەی ھونەرمەندێکی ئێرانی بڵاو کردۆتەوەو ھەواڵەکەش ئەوەیە کە ھونەرمەندەکە (شووی) کردووە. ئەم ھونەرمەندە و ژیانی تایبەتی ھیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی گشتی و کۆمەڵایەتی کۆمەلگەی ئێمەوە ھەیە؟ مەگەر میدیاکانی وڵاتی ئێران، ئامادەن ھەواڵێک لە سەر ھونەرمەندێکی کورد، ئەگەر زۆر داھێنەر و بە تواناش بێت، بڵاو بکەنەوە؟ ئەم جۆرە ھەواڵانە، نیشانەی ھەژاری دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمەن، لە پەراوێزی دەستخستن و مامەڵەکردن لەگەڵ ھەواڵدا. بێگومان ئێمە ناڵێین با ڕووبەرێک لەو میدیایانە، بۆ بڵاوکردنەوەی ھەواڵێکی ھونەری جیھانی نەبێت، بەڵام دەبێ بزانرێت، ناوەڕۆکی ھەواڵەکە گرنگە یان نا؟ دواتریش ناشێ ماڵپەرێک، فۆڕمی کارکردنەکەی سیاسی و ھزریی بێت، کە چی ھەواڵی مەیک ئەپ و مۆدێلەکان بڵاو بکاتەوە. ئەمە بۆ ڕاگەیاندنێکی ھونەری ڕووت باشە. ئەم نموونانەی باسکراون، ھەڵاوێردکردنی چەند میدیایەک نییە بە تەنھا، بەڵکو نموونەیەکە لە شێوازی ئەو مامەڵەیەی کە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە بە گشتی، لەگەڵ ھەواڵ دەیکەن. ئەوان وا دەزانن ھەموو کردەیەک و ڕووداوێک، دەشێ وەک ھەواڵ ببینرێت و بە گرنگییەوە باس بکرێت، لە کاتێکدا ھەواڵ ئەو کاتە بایەخ وگرنگی خۆی ھەیە، کە پەیوەندیدارە بە ژیانی گشتییەوە و گۆڕانکارییەک و پێشھاتێکی تازە دێنێتە ئاراوە. ئەوەی بەلای مرۆڤی کوردەوە گرنگە، ئەوە نییە لە ئۆکڕانیا چی ڕوودەدات، ژنە ھونەرمەندێکی ئێرانی شووی کردوە یان نا؟ ئەوە گرنگە، بەنزین و مووچە چی لێ دێت، ئێران بۆ ھێڕشمان دەکاتە سەر؟ بۆچی ژن کوشتن نابڕێتەوە؟ ئەمانە گرنگن. جارێکیان لە ماڵپەڕی ئێن ئارتی، کە یەکێکە لە دەزگا پیشەیی وھەرە دیارەکانی ڕاگەیاندن لە ھەرێمی کوردستاندا، ھەواڵێک لە بارەی پاسەوانەکانی پۆتین بڵاو کرابوەوە، تەنھا دە ھەزار کەس ھەواڵەکەیان خوێندبووەوە، بەڵام لە ھەمان ماڵپەڕ، ھەواڵێک ھەبوو لە بارەی مووچەی فەرمانبەران، نزیکەی دوو سەدو چل و چوار ھەزار کەس، خوێندبوویانەوە. ئەم نموونە سادەیە، دەریدەخات کە کاتێ ڕاگەیاندن ھەواڵێکی پەیوەست بە ژیانی گشتی، یاخود توێژێک بڵاو دەکاتەوە، چەند گرنگی پێ دەدرێت. پرسەکە لێرە تەنھا مووچە و پارە نییە، بەڵکو پەنجە خستنە سەر بابەتێکە، کە بۆ خەڵکی گرنگە و بە بایەخەوە دەیخوێننەوە. دوا جار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە لە سەرووبەندی کۆتایی ھاتنی ئەو وتارە دابووم، کاتێ گاڵتە جارییەکی دیکەی سەیر و ھەزەلیم لە میدیای کوردی کەوتە بەرچاو، ئەویش، سازکردنی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی بوو، بۆ پزیشکێک، کە گوایا تۆمەتبارە بە دەست درێژیکردنە سەر پێنچ ژن، بە جۆرێک کە لە بەر مایکەکانی بەردەمی، بە ئاستەم سیمات دەدیت! لە کوێوەی ئەم دنیایەدا، کەسێک دەنگۆی ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیەی لە سەر بێت، زەمینەی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنرێت خۆی وەک پاڵەوانی شاشەکان پیشان بدات؟ ئەم جۆرە کەسانە، دەبێ ڕابگیرێن و لەلایەن داواکاری گشتییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت ، یان کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییان بۆ ساز بکرێت و ڕۆژنامەنووسان بە پڕتاو ئامادەبن؟ بە داخەوە کاری ڕۆژنامەنووسی لە نێو ئێمەدا، بێ ئەرزش و بێ بەھا بووە، بەشێکی زۆر لە میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕۆژنامەنووسانیش، نازانن ماھیەتی کۆنفرانسی ڕۆژنامەنووسی چییە ودەبێ کێ کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی ساز بکات، چونکە کارەکتەرەی بوارەکە نینە و پڕۆفیشناڵ و شارەزا نین، لە کاری ڕۆژنامەنووسی. وا دەزانن ھەر کەسێک مایکێکی بە دەستەوە گرت، ئیدی ڕۆژنامەنووسە!
(ڕواندز _٢٢/٤/٢٠٢٢ ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی)
سەرنج: ئەم وتارە تایبەت بۆ ماڵپەڕی دەنگەکان و لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا نووسراوە.