لەناو بێدەنگی کۆڵانە تاریکەکانی ژیاندا، ھەر جارەو چرایەک دەکوژێتەوە… ھەرجارەو گوڵێک دەوەرێت… جەخار میدیاکانمان لە جیاتی ئەوەی باسی جوانی و بۆنی گوڵە وەریوەکە بکەن، تەنیا ئەو کرم و دەستە دێێننە بەرباس کە گوڵەکەی شکاندووە.
ئای لەمە بووە بە چ نەریتێکی قێزەون!!! کاتێک مرۆڤێک سەفەری دوا وێستگەی ژیان دەکات، لە جیاتی ئەوەی یادی جوانییەکانی بکەینەوە، دەکەوینە گێڕانەوەی چیرۆکی ئازارەکانی. لە جیاتی ئەوەی باسی رووناکی چاوەکانی بکەین کە رۆژێک لە رۆژان دنیای رووناک دەکردەوە، دەکەوینە باسی ئەو تاریکییەی کە لە کۆتاییدا ھەڵیلووشی.
ئاخر مردن تەنھا دەروازەیەکە، نەک چیرۆکی ژیان. بۆدەبێ نەزانین چۆن رێز لە نھێنییەکانی ژیان و مردن بگرین. ھەر یەک لە ئێمە چیرۆکێکی تایبەتی خۆی ھەیە، ھەندێک لاپەڕەی ئەم چیرۆکە دەبێت ھەر بە نھێنی بمێنێتەوە.
کاتێک باسی کۆچی دوایی کەسێک دەکەین، لە راستیدا باسی کۆتایی بەشێک لە چیرۆکی خۆمان دەکەین. وەک چۆن حەز دەکەین خەڵکی بە رێزەوە باسی چیرۆک و ئەزموونی ژیانی ئێمە بکات، دەبێت ئاواش بە رێزەوە باسی چیرۆکی ژیان و ئەزموونی ئەوانی تر بکەین.
(نەخۆشی)تەنھا وشەیەکە لە فەرھەنگی ژیاندا. بەڵام مرۆڤایەتی، کتێبێکی تەواوە. دەبێت فێربین چۆن کتێبی ژیانی یەکتر بخوێنینەوە، نەک تەنھا لاپەڕە تاریکەکانی…
میدیاکانمان ببێتە ئاوێنەی جوانییەکانی کۆمەڵگا، نەک تەنھا پەنجەرەیەک بۆ سەیرکردنی خەمەکان. و زیادکردنی بینەرو سەرنج و بەدڵبوون. دەبێت ئەوان نموونەبن بۆئێمە چۆن رێز لە نھێنی و تایبەتمەندی یەکتر بگرین، چۆن بە شێوەیەکی شارستانی و مرۆڤانە ھەواڵەکان دەگەیەنرێن.
بەڕێزان دوورنییە ھەر یەک لە ئێمە رۆژێک دێت و دەبینە بەشێک لەم ھەواڵانەی بەردەستی میدیا، ئایا حەز دەکەین چۆن باسمان بکرێت؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە ببێتە رێنیشاندەرێک بۆ رێگاو ھۆشیاریمان لێرەدا بەتایبەت دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو بابەتە بکەمەوە دیاردەیەکی نەخوازراو لە میدیای کوردیدا سەری ھەڵداوە کە جێی نیگەرانی و سەرنجی ھەموو لایەکە ئەویش دیاریکردنی جۆری نەخۆشی کەسە کۆچ کردووەکان لەوانە نەخۆشی(ژێرپەنجە) لەکاتێکدا چەندان نەخۆشیتری کوشندەھەن و دەبنە ھۆی مردنی مرۆڤ، بۆیە ھیچ پێویست بەئاماژدان بە نەخۆشیەکەی ناکات کەدەبێتە ھۆی ترس و نیگەرانی زیاتری ئەوانەی ھەڵگری ھەمان نەخۆشین و ئازاردانی دەروونی ئازیزانیان، دواتر بڵاوکردنەوەی راستەوخۆی دیمەنی پرسە و سەرەخۆشی، وێنەی گریان و شیوەن، دەنگی ھاوار و ناڵەی کەسوکار… ئەمە چ جۆرە میدیایەکە؟
لە کاتێکدا میدیای جیھانی و پیشەیی، تەنھا ھەواڵی کۆچی دوایی بە شێوەیەکی رێکوپێک و کورت رادەگەیەنن، بەداخەوە ھەندێک لە میدیاکانی ئێمە کەوتوونەتە داوی وروژاندنی ھەست و سۆزی خەڵک و بڵاوکردنەوەی دیمەنی ناشیاو.
لەنێو دونیایی سەرمایەداریدا بینینیش ھۆکارێکە بۆ دەستخستنی سەرمایە بۆیە بەشێکی زۆری ئەوانەی ھیچ بەھرە و توانایەکیان نییە تاوەکو لەڕێگەی جوانییەوە بگەن بە ھەموو شتێک ئەمە وادەکات ھەموو ڕێگەیەکی ناشرین بەکاربھێنن بۆ دەستخستنی ھەندێک پارە و ناوبانگ، بۆ ئەمەش سۆشیال میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگەیەکی باش و ھاوکارێکی بەردەوامی ئەو جۆرە کەسانەن، دەبینین ھەزاران مرۆڤ لە لایڤێکی ڕاستەوخۆدا بەدیار کەسێکەوە دانیشتون کە دەیەوێت خۆکوژی بکات، بەڵام زانایەک ئەدیبێک کارێکی خۆی نمایش دەکات کەمترین کەس تەماشای دەکات و کاردانەوەیان بۆی دەبێت. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤەکان بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن چەند بەتامەزرۆییەوە دەیانەوێت بینەری مرۆڤێک بن کە دەستبەرداری خۆی دەبێت. ئەمەش وادەکات لە ئایندەدا ڕێژەی ئەوانەی کوشتن بەکارێکی ئاسایی تەماشابکەن و ئەنجامی بدەنەوە زۆر زێدەتر دەبێت . میدیا بەخۆی بزانێت یاخود نا کاریگەری لەسەر ئاڕاستەکردن و بیرکردنەوەی کۆمەڵگەھەیە .بەڵام میدیای کوردی دەرفەتێکی گەورەی ڕەخساندووە بۆ مرۆڤە نەخۆش و کەم عەقڵ و زەبوونەکانی نیشتیمان بەچاوپێکەوتن و ھێنانە بەردەم شاشە لێشاوێک لە بینەری زەلیل دروست دەکات بەجۆرێک کۆمەڵگە بووەبە دوو بەشەوە بەشێکیان نەخۆشی و ناخۆشی خۆیان نیشان دەدەن و بەشێکیشیان بینەر و ھاوکار و ھەندێکجاریش گاڵتەجاڕی ئەو دیمەنانەن ،ئەمەش وادەکات جێگەی مرۆڤ لەڕێز و خۆشەویستییەوە بگوێزێتەوە بۆ بەزەیی پێداھاتنەوە و گاڵتەپێکردن، لە دونیایەکدا کە گاڵتەجاڕی و بێبەھاکردنی مرۆڤەکان ببێتە سەرمایە و بەردەوامیدان بە کاری میدیایی و پڕ بینەرکردنی دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش، کاتێک ھیچ سنورێک نییە بۆڕاگرتنی شکاندی شکۆی مرۆڤ و پیرۆزییەکانی نەوەیەک دروست دەبێت ھیچ شتێکی بەلاوە گرنگ و پیرۆز نەبێت، سیستەم و دەسەڵات لەڕابردوودا لەڕێگەی نووسین و ڕۆژنامە و ڕادیۆو تیڤیەکانیانەوە فەرھەنگی کوردیان لە ستایش و شکۆوە گۆڕی بۆ جنێو زمانی پیس ئێستەش لەڕێگەی دروستکردنی ئەو ھەمووە میدیا بێ چاودێرییەوە کۆمەڵگەیەکیان دروستکردووە جنێو بەھەموو شتێک دەدات بەجۆرێک باشترینیان ئەوانەن تازەترین جنێو دەڵێن سەرکەوتوترینیان ئەوانەن گاڵتە بەھەموو سەرکەوتویەک دەکەن .
پێویستە تادەتوانین مرۆڤەکان بگێڕینەوە بۆ خوێندنەوە خوێندنەوەی مێژوو کەلتوور و تێپەڕبوونیان بە فلتەری فەلسەفەو دەروونشیکاریدا و ئەدەب و ھونەری میلەتەکەیان تاتێبگەن ئەوان فەرھەنگێکیان ھەیە دەوڵەمەند بە ھەمووشتێک کە دەتوانن ژیانی خۆیانی لەسەر بونیاد بنێن و بەئاسانی دەستبەرداری نەبن و بیگۆڕنەوە بەو ھەموو ناشرینیەی کە میدیا ھەر ڕۆژێک ناوێکیان بۆ دەدۆزێتەوە بۆئەوەی چاویان لێبکرێت .
دواجار پێویستە میدیاکارانمان تێبگەن:
– پرسە و سەرەخۆشی، بۆنەیەکی تایبەتە بەکەسووکارانی کۆچکردوو
– کامێرا نابێت ببێتە میوانی ناخوازراوی ساتە تایبەتەکانی خەڵک
– گریان و شیوەنی کەسوکار، مافێکی تایبەتە و نابێت بکرێتە کەرەستەی میدیایی
– ھەواڵ دەکرێت بە شێوەیەکی کورت و پوخت بگات
میدیای سەردەمیانە و پیشەیی ئەوەیە کە:
– رێز لە تایبەتمەندی خەڵک دەگرێت
– ھەستی مرۆڤەکان ناکاتە کەرەستەی راگەیاندن
– تەنھا زانیارییە پێویستەکان دەگەیەنێت
– ئەخلاقی پیشەیی و بەھا کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت
کاتی ئەوە ھاتووە میدیاکانمان خۆیان بپاڵێون و بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی راست.
ئیمان یادەوەر
Discussion about this post