چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : مۆنیکا خوشکی ھونەرمەند لۆکەیە، پێشتر وەک کچە شیعرنووسێک ناوی دەھات، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیک دەست بە گۆرانیگوتن دەکات و ئەویش دەچێتە ریزی کچە گۆرانیبێژەکانی ھەڵکەوت زاھیر، بە (سڤیل)ـی راگەیاند ئەلبوومێک گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بەڵام جارێ چەند بەرھەمێکیان ئامادەیە، ئاشکراشی کرد “تەمەنم ١٩ ساڵە و بەشی
یاریدەری دکتورم خوێندووە”.
سڤیل: وەک دەزانین لەگەڵ ھونەرمەند ھەڵکەوت زاھیر دەستت بە گۆرانی گوتن کردووە، کارەکان بە کوێ گەیشتوون؟
مۆنیکا: بەڵێ من لەگەڵ مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر دەستم بە پڕۆژەی یەکەمین ئەلبوومم کردووە و ئێستا خەریکی کارەکانین، چەند بەرھەمێکمان ئامادە کردووە، بەڵام ھێشتا کاری ماوە بۆ تەواوبوونی ئەلبوومەکە.
سڤیل: تێکستی گۆرانییەکانت ھی کێن و بەچ ستایلێک گۆرانی دەڵێی؟
مۆنیکا: تاوەکو ئێستا تێکستەکان لەلایەن مامۆستا حەمە سەعید حەسەن و کاک بەرھەم عەلی و کاک ئەحمەد محەمەد و مامۆستا ھەڵکەوت زاھیر نوسراون، ستایلی کارەکانیشم “رێگیتۆن، پۆپ، میرەنگی، لاتینۆ رۆمانیتک، ھاوس”ـن.
سڤیل: بەڵام خۆت حەز بە چ جۆرە ستایلێک دەکەی؟
مۆنیکا: ئەو ستایلانەی کە باسم کرد لەسەر پێشنیاری خۆمە و مامۆستا ھەڵکەوت زاھیریش ھەمان رای ھەیە.
سڤیل: بەکام گۆرانی دێیە سەر شاشە، ناوی گۆرانییەکە چییە و باس لەچی دەکات؟
مۆنیکا: وەک یەکەم بەرھەمم کارێکی رێگی تۆنە، دواتر قسە لەسەر ئەو کارە دەکەم، گۆرانییەکی زۆر جوانە.
سڤیل: تاوەکو ئێستا گوێمان لەدەنگت نەبووە، دەنگت خۆشە؟
مۆنیکا: کاتێک گوێتان لێبوو ئێوە دەتوانن بڕیار لەسەر دەنگم بدەن.
سڤیل: لەبەرئەوەی شاعیریش دەنووسی، بەنیازی لەئایندە تێکست بۆ گۆرانیبێژە ھاوڕێکانت بنووسی؟
مۆنیکا: ئەوەیان کات و زەمەن دیاری دەکات، بەڵام بۆ خۆم بەدڵنیایی شیعر بۆ گۆانییەکانم دەنووسم، زۆر گرنگە ئەگەر گۆرانیبێژ بتوانێ شیعریش بنووسێت.
سڤیل: تۆش وەک کچە گۆرانیبێژەکانی دیکە بەشێوەیەکی وروژێنەر کلیپ دەکەی؟
مۆنیکا: کاری نوێخوازی ئەو رێچگەیە، کە بڕوام پێیەتی و کاری لەسەر دەکەم، دەبێ ھەنگاوی گەورەتر بۆ پێشەوە بنێین.
سڤیل: ئێوە چەند خوشک و بران؟
مۆنیکا: یەک برا و پێنج خوشکین.
سڤیل: بۆچی لەگەڵ لۆکە دەستت بە گۆرانی گوتن نەکرد؟
مۆنیکا: ھەموو کارێک کاتی خۆی ھەیە، ھونەرمەند “لۆکە”ـی خوشکم بۆ من وەک کردنەوەی دنیای ھونەر بوو، بۆ ئێمە بەتایبەت و بۆ گەنجان بەگشتی.
سڤیل: تۆ و لۆکە زۆربەی ئیش و کارەکانتان لە کوردستانە، بیریتان لەوە نەکردۆتەوە تۆ و لۆکە بە یەکجاری بێنەوە کوردستان؟
مۆنیکا: ئێمە ھەموومان حەز بە کوردستان دەکەین حەز و ئاواتمان ھەمووی لە کوردستانە.
سڤیل: ھونەرمەند لۆکە ھەم بە تەمەن لەتۆ گەورەترە و ھەمیش تەجروبەی گۆرانی گوتن ھەیە، نەسیحەتی تۆ دەکات؟
مۆنیکا: ھونەرمەند “لۆکە” بۆمن قوتابخانەیەکە و خوشکی گەورەمە، بێگومان پرس و رشای پێدەکەم بۆ ھەموو کارەکانم، لەگەڵ ئەوشدا کاری منیش لەگەڵ پادشای موزیک و میلۆدی کورد مامۆستا ھەڵکەوت زاھیرە و ئەو وەک مامۆستای ھەموومانە.
سڤیل: تۆ و لۆکە وەک دوو خوشک، حەز دەکەن چ لە نازناوێکی دووانەیی بەئێوە ببەخشرێ؟
مۆنیکا: ئەمڕۆ لۆکە ئەمیرەی گۆرانی کوردییە، ھیچ پێویستییەک بە نازناوی دووانی ناکات، ئەو لە جێگایەکە بۆ من و خانەوادەکەم جێگای شانازییە بۆ ھەموومان، ئەمڕۆ لۆکە یەکێکە لە دیاترین و ناودارترین ھونەرمەندی کورد، جێگای ئەو لە بەرزترین لوتکە دایە و من ھێشتا سەرەتام.