ئەحمەد سەنگاوی : گوفتاری نییە، ڕەفتاری ھەیە، لە میدیاوە دەرناکەوێت، لە گۆڕەپاندا سینگ دەردەپەڕێنێت, ھێرشێک نا بینیتەوە ئەم بەشداری تێدا نەکرد بێت,گۆڵی کەمی تۆمارکردووە، کەچی زۆرترینی سازاندووە, مۆسقارە وەک (مۆزارد), جەنگاوەرە وەک (ئەسکەندەری مەکدۆنی), ئارام و نەرم و نیانە وەک (غاندی) , بەژن و باڵایەکی بەرزی نییە, وەلێ ئیرادەیەکی بڵندی ھەیە, ڕەنگە ئەمە خەسڵەتە سەرەکییەکانی ناسینەوەی ( چاڤی ھێرناندز) بێت، ئەم پیاھەڵدانە ڕژاندنی مەرەکەب نییە لەسەر کاغەز, ئەو ناوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێدان ھەریەکە و لە بوارەکەی خۆیدا باڵادەستییان نیشانداوە و مێژوو قودرەتی لەیادکردنیانی نییە! (غاندی) بە فەلسەفەی ناتوندوتیژی, (ئەسکەندەری مەقدۆنی) بەجەنگ و داگیرکاری و (مۆزارت) بە توانای ئەفسوناوی لە بواری میوزیکدا. ئەمیش لە تۆپی پێدا ئەم ھەقەی پێڕەوا دەبینرێت.
(چاڤی) ئەو دەنگە زوڵاڵەیە کە گوێی زۆربەمان ناوەکە ژنەفتووە و چاوی وەرزشدۆست وێنەی ڕوخساری گرتووە،توانای سەرسوڕھێنەری بە شێوەیەکە دژبەر و ڕکابەرە ئەزەلی و ئە بەد یەکەیشی ھەست و سۆزیان بۆی دەجوڵێت، بەچاوی خۆمان بینیومانە لە یاریگای مەدریدا بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێکراوە لەلایەن ھەوادارانی مەدریدەوە, ئەم ئەستێرە زۆردیار و کاریگەرەی ھەڵبژاردەی (ئیسپانیا) و یانەی (بەرشەلۆنە) دەستێکی باڵای ھەیە لە بەرەو پێشبردنی ئاستی تیپەکەی, بەردەوام لەپشتی زۆرێک لە ھێرشەکانەوەیە و توانایەکی بەرزی ھەیە لەڕاگرتنی ھاوسەنگی، ھەرکاتێکی جۆرێک لەناڕێکی یان پەرشووبڵاوی درووست بووبێت ئەم ئەستێرە کارتێکەرەی (بلوگرانە) ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە لەپێناو دووبارە ڕاگرتنەوەی تیپەکەی، بەجۆرێک مامەڵە لەگەڵ یاریزانانی ھاوەڵیدا دەکات, بۆ ئەوەی شێوە یاریکردنی بەرشەلۆنە لەڕیتم وڕیچکەی خۆی لانەدات، ئاخر کارێکی فرە سەخت و زەحمەتە بتوانیت ھاوسەنگی تیپ ڕابگریت, بەچەشنێک جارێک چاڤی -ئینیەستا و کەڕەتێک چاڤی – میسی و جارێکی دی چاڤی -ڤیا, واتا بەردەوامە لە مامەڵەکردن لەبازنەیەکی فراواندا، پاشان یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازە و دەگمەنەکانی ئەم یاریزانە تەمەن٣٢ساڵە بریتیە لە سەرکەوتوویی لە گەیاندنی تۆپدا، بەشێوەیەک %٩٥ تۆپەکانی بەسەرکەوتوویی دەگەنێت بە یاریزانانی ھاوڕێی.
گرنگییەکی دیکەی چاڤی لەڕووی تەکتیکیەوەیە، کە لە یاریگادا چوار ڕۆڵی پێدەسپێردرێت کە ئەرکەکەی لەسەرجەم یاریزانانی بلاوگرانا سەختترە، بۆنموونە لەناوچەی جێگیربوون کۆمەکی (سێرجیۆ بوسکێس) بکات، ھەروەھا لە پاشەکشەکردن بە یاریزانانی تیپی دژبەر، لەگەڵ دابەشکردنی تۆپەکانە لەنێوەندی یاریگا و بیناکردنی ھێرشەکانە، دواھەمین ئەرکیشی گۆڵسازانە و دەبێت لەپشت ھێرشەکانەوە بێت، بەجۆرێک دواگەیەنەرە دەبێت بڕێکی زۆری ئەوتۆپانەی گۆڵی پێ دەھێنرێت لەڕێگای ئەم یاریزانەوە بگوازیرَتەوە، ئەمە ئەو چوار ئەرکە گرنگەیە کە خراوەتە سەری، ئەویش بە بەرپرسیارێتییەوە ھەڵدەستێت بە ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە.ئەم ئەستێرە دانسقەیە بووە بەکلیی ھەموودەرگاداخراوەکان,ئاخر ھەربەبێ ھۆ لەسێ بارشترین یاریزانی جیھاندا دەستنیشان ناکرێت ئەگەر ھەگبەکەی لێوانلێونەبێت لە تایبەت مەندیەتی جۆراوجۆر
بەھەرحاڵ نووسین دەربارەی (چاڤی) پێویستی بە ڕووبەرێکی زۆرفراوان ھەیە، چونکە ھاتنەگۆ دەربارەی ئەم سەربازە ونە پێویستی بە زیاد ڕاوەستانە لەسەر لێھاتوویی و ئەفسانەی ئەفسوناوی ئەم ئەستێرە لێوەشاوەیە, ھەوڵ دەدەم لە داھاتوودا لەر ِێگای ڕۆژنامەی (ئاوینە)وە لەڕووبەرێکی فراوانتردا لەوخاڵەوەدەستپێبکەمەوە کەلێی ڕاوەستام