وشیار ئەحمەد ئەسوەد : زۆربەی ھونەرمەندە گەنجەکانی ئێمە کە لە سەرەتاکانی ڕێگەدان و بەتایبەتیش بواری گۆرانیگوتن، ئەوەندەی وەک مامۆستا و ڕێنوێنیکار خۆ دەنوێنن،
دەگمەنن ئەوانەی وەک قوتابییەک ھەڵسوکەوت دەکەن، ئەم کێشەیە لە ھونەرمەندانی ھەموو شارەکاندا دەبینرێت.. گەنجێک لە سەرەتای کاری ھونەریدایە و گۆرانییەک یان دوو گۆرانیی تۆمار کردووە و زۆربەشیان بەکرچوکاڵی، کەچی ڕێنوێنیی گەنجانی تر دەکات، ڕاگەیاندنیش پشکێکی ئەم کێشەیەی بەردەکەوێ ئەو دەمانەی لە دیمانەکاندا پرسیار ئاراستەی گەنجێکی سەرەتای ڕێگە دەکەن و دەڵێن “ڕات چییە بەرامبەر گۆرانیبێژە گەنجەکان؟ یان ڕێنوێنیت بۆ گەنجان چییە؟” خۆبەزلزانین لێرەوە دەست پێ دەکات کە یەک لە کێشە ڕژدەکانی زۆرترین ژمارەی گەنجانی ئێمەیە لەنێو ھونەرمەنداندا.
لە ماڵپەڕی “سروشت”دا دیمانەیەکی خاتوونە گۆرانیبێژ (موژدین)م خوێندەوە، ئەویش ھەمان ھەڵوێستی لە ھەڵسەنگاندنی کلیپە کوردییەکاندا نوواندووە.. بێگومان من یەک لەوانە بووم داکۆکیی ڕژدم لە موژدین کردووە، بەڵام داکۆکیکردنەکەم لەو ڕیسکە بووە کە لە کلیپی کوردیدا کردوویەتی و بوێریی خۆڕووتکردنەوەی نوواندووە، ھاوکات ئەو ڕیسکەش ئەوە ناھێنێ موژدین وەک مامۆستا و ڕێنوێنیکار لە توخمە جیاجیاکانی گۆرانیدا خۆی بنوێنێ وەک ئەوەی لە دیمانەکەی “سروشت”دا کردوویەتی، چونکە موژدین جارێ لە سەرەتادایە و زۆری ماوە لە ھەسەنگاندنەکاندا خۆی قاڵ بکاتەوە، خۆڕووتکردنەوەی لە کلیپێکدا کە بەبەراورد لەگەڵ زۆر لە کلیپەکانی تر جۆرێکە لە داھێنان، بەڵام وا دەزانم ئەو تەنیا خاوەنی بوێری و بیرۆکەی خۆڕووتکردنەوەکەیە، نەک وێنە و گرتە و ڕووناکی و توخمەکانی تری کلیپ، ئەگەر نا، پێموانییە ئەو خاتوونە توانیبێتی نیشان بپێکێ کاتێک بەکلیپە کوردییەکان دەڵێت “پڕۆفیشناڵ نین”، بەپێی لێدوانەکەشی ھەست بەوە دەکرێ خۆی لەوانی تر جیا کردووەتەوە، ئەم خۆجیاکردنەوە و ھاوکات ڕێنوێنیکردنە، کاتێک شوێنی خۆی دەگرێ کە کەسەکە کلیپی “پڕۆفیشناڵ”ی پێشان دابین.
لە ڕاستیدا من تەنیا کلیپە ڕووتەکەی ئەو خاتوونەم بینیوە، جیا لە خۆڕووتکردنەوەش، شتێک لەو کلیپەدا نابینین جیا لەوانەی لە زۆربەی کلیپە کوردییەکانی تردا دەیبینین.. دەکرێ بڵێین ڕیسکەکەی موژدین ڕیسکێکی ئەرێنییە، تا ئاستێک دەنگیشی وەک گۆرانیبێژ ئەگەر بکەوێتە بەر بایەخەوە، دەکرێ بەیەک لە دەنگە باشەکان ھەژمار بکرێ، بەڵام لە ڕووی جووڵەی وێنەیی و گرتەکان و ڕووناکی و جووڵەی گۆرانیبێژیش کە ھاوکات وەک ئەکتەرێک ڕۆڵ دەبینێ، موژدین نەیتوانیوە لە ئاستێکدا لە کلیپەکانی تر جیا بێتەوە کە وەک بەرھەمی “پڕۆفیشناڵ” قسەی لەبارەوە بکرێ، ئەمە جیا لەوەی نەیتوانیوە تێمان بگەیەنێ لە پڕۆفیشناڵیدا چیی مەبەستە؟.. خۆ ئەگەر جووڵەی ئەکتەریش بێت کە گۆرانیبێژەکە ڕۆڵی تێدا دەبینێ، دەتوانین چەندان نموونە لەنێو گۆرانیبێژاندا بێنینەوە کە توانایەکی لە موژدین باڵاتریان ھەیە لە ڕووی نواندنەوە.. نموونەی زیندووش تەواوی گۆرانییەکانی (ئاراس-بەتایبەتیش خەپەگیان) و ھەروەھا (دەشنێ- ھۆم شیکە واوا).
کێشەی گەنجانی ئێمە لە ھەموو بوارەکانی ھونەر و بەتایبەتیش گۆرانی، ئەوەیە چاوەڕێ ناکەن شارەزایان ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن و خۆیان ھەڵسەنگاندن بۆ خۆیان دەکەن، بەوەش ناوەستن و ھەڵسەنگاندن بۆ کەسانی تر و بەرھەمەکانیان دەکەن، بەبۆچوونی من ئەمە نەک خزمەت بەکەسەکە ناکات، بگرە زیانی پێدەگەیەنێ، لانیکەم لەو کاتانەدا کە دواتر بەرھەمی کرچوکاڵمان پێشان دەدات.
جەخت دەکەمەوە، دەھێنێ ڕیسکەکەی موژدین لە کلیپدا بەرز ڕابگرین، ھاوکات وەک دەنگی گۆرانیگوتنیش دەتوانێ لە پەروەردەکردندا ئاستێکی جوانتر بنوێنێ، بەڵام کاری ئەو نییە ھەڵسەنگاندن نەک بۆ کلیپی کوردی، بگرە بۆ ھیچ یەکێک لە توخمەکانی گۆرانی بۆ کەسانی تر و تەنانەت بۆ بەرھەمی خۆیشی بکات.