موزیکژەن مەجید خۆشناو: زۆر گرنگە ھونەرمەندو نووسەرو شاعیرو ئەدیب تا لە ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت
ھونەرمەندی موزیکژەن مەجید سەعید خدر ناسراوا بە (مەجید خۆشناو) لە شاری شەقڵاوە لەدایک بووە،لەسەردەمەنێکی زووە وەکو ژنیار خزمەت بەھونەری کوردی کردوە، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە ئێزگەو تەلەفزیۆنی کوردی بەشداربووە لە تۆمارکردنی چەندین گۆرانی بۆھونەرمەندان (تایەر تۆفیق،تەحسین تەھا،فوئاد ئەحمەد …) لەسەردەمی شۆرشی ئەیلول وەکو ژنیار بەشداری لە ئاھەنگەکانی نەورۆز و بۆنە نیشتمانی لە ناوپردان و گەڵاڵەدا کردوە…لە ساڵی ١٩٨١ دەبێتە پێشمەرگە وەکو ئەندامی تیپی شەھید کارزان بەشداری بووە لە تۆمارکردنی دەیان سروودی شۆڕشگێڕی بۆ بۆ ھونەرمەندان (حەمە جەزا،ناسری رەزازی،نەجمەی غوڵامی..) خاوەنی چەندین ئاوازە ،لە ھەمان کاتدا مەجید خۆشناو لە بواری نووسینیش خاوەنی چەندین کتێبە لەسەر موزیک.. ئەندامی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و عێراقە..بەمەبەستی ئاشانا بوون بەکارو چالاکییەکانی بەچەند پرسیارێک بەسەرمان کردوە.
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتا ئەگەر بکرێت بۆ خوێنەرانمان باس لە چۆنیەتی ئاشانابوونت بە ھونەری موزیک بکەیت؟
– سەرەتای ئاشنابوونم بە موزیک و خۆشەویستیم بۆ ئەو ھونەرە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی لەپۆلی دووی سەرەتایی بووم لە قوتابخانەی ڕزگاری کە مامۆستا” عەبدولواحید مەرجان” یەکەم ئاوازو سروودی بە گوێمان چرپاند. دوای فێری ژەنینی ئامێری کەمان بووم بەئەندامی تیپی موسیقای سەفین لە گەڵ ھونەرمەندان” رزگار خۆشناو ڕەنجبەر خۆشناو ” کە ژمارەیەک ھونەرمەندی لە خۆ گرتبوو لەوانە رەوانشاد” حەمید سەعید قەساب” کەئەوان دانەری تیپەکەبوون .لە ساڵانی حەفتاکان (ئەوکاتەی قوتابی بووە لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان). لەزۆربەی ئاھەنگەکانی بۆنە نەتەوەییەکان بەشداربوون بەتایبەتی ئەو ئاھەنگانەی کەلە ناوپردان و گەڵاڵە ساز دەکران لە دوای بەیانامەی ١١ی ئادار بە گڕووتینێکی تر دەستمان بە چالاکی کردوە .دوای ئەوەی لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی موزیک وەرگیرام کاتێ لە پشووەکان دەھاتنەوە لەنیوەی ساڵ و سەڕی ساڵ پشووی ھاوین دوای رێکەوتنەکەی ئادار ئێمە بەردەوام بووین لە چالاکی تائێستاش بەردەوامین،بە چەندین قۆناغی ھونەری تێپەربووین.
*تا چەند گرنگە ژنیار دەرچووی فێرگەیەکی ھونەری بێت؟
– بێگومان گرنگە بۆ ھونەرمەند لە ھەر بوارێک بێت برەو بەھونەرەکەی بدات ، بەڵی بەمەبەستی برەودانە بە توانستەکانمان ، دوای بەیانامەی ١١ی ئادار لەپەیمانگای ھونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی موزیک ئامێری چەلۆ(ڤیۆلۆنسێل) وەرگیرام بەشێوەیەکی زانستی گرنگی بەھونەرەکەم دا. زۆری چالاکیەکانم ئەو کاتە لەئێزگەی کوردی بەغدا بوو لە تۆمار کردنی گۆرانیەکانی(تایەر تۆفیق، تەحسین تەھا و فوئاد ئەحمەد) جگە لە ئاھەنگەکانی نەورۆزو بۆنە نەتەوەییەکان ساڵی ١٩٧٥-١٩٧٦ دوای پێنج ساڵ لە خوێندن توانیم بڕوانامەی دبلۆمم لە بواری موزیک بەدەست بھێنم.
*کامەن ئەو ژەنیارانەی کاریگەریان لە سەرتۆ ھەبوو،یاخود سەرسامیت بە ژەنینیان؟
– ئەو سەردەمەی من قوتابی بووم باشترین ژەنیاری کەمان لەناو عەرەب دا(عەبوود عەبدولعال)،بوو کە ژەنیارێکی بەتوانای لوبنان بوو ئەو ھونەرمەندە زۆرینەی گۆرانیەکانی ئوم کەلسوم بە کەمانەکەی ئەژەنێ زۆر سەرسامی ژنینی بووم. لەناو کوردیشدا ژەنیاری بەتوانای کەمان زۆر کەمن سەرسامیانم بوون وەکو “دڵشاد سەعید دھۆکی” کەھاوڕێ ی خۆمان بوو لە پەیمانگا ساڵێ دوای ئێمە بوو. ھەروەھا مامۆستا “ئەنوەر قەرەداغی” نەک من زۆری ئەو قوتابییە کوردانەی ئەو سەردەمە لە ژێر کاریگەری ئەوانەدا بوون.. لەئامێری چەلۆ من سەرسام بووم بە مامۆستاکەم ” حوسێن قەدوری ” ھەروەھا رەوانشا کەنعان وەسفی کە ئەکتەرێکی دیاری عێراقی بوو. کوڕێکی ھەبوو ( قوسەی کەنعان وەسفی) باشترین ژەنیاری ئامێری چەلۆ(ڤیۆلێنسێل)بوو لە گەنجەکان لە تیپی سەمفۆنیای ژەنیاری یەکەم بوو رۆڵی سەرەکی ھەبوو لە کۆنسێرتەکانی ئامێری چەلۆ کاریگەری زۆری لەسەر من ھەبوو.
* کێن ئەوانەی ئامێری کەمانیان داھێنا بەواتایەکی تر نیشتنیمانی ئامێری کەمان کوێیە؟
– ئامێری کەمان ئامێرێکی ژێدەری رۆژ ئاواییە گەورەترین روبەری لە تیپە سیمفونیاکان داگیر کردوە زۆر جار ژمارەیان لە ٣٠ ئامێری کەمان تێپەڕ دەکات. سەرەتای دۆزینەوەی بەفەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی شانزەھەم ،ئەوکاتە بە دەست دروست دەکرا بەناوبانگترین خێزانی دروستکەری ئەو ئامێرە خێزانی “سترادیڤاری” لە ئەڵمانیاو خێزانی” ئەمانی” بوون لە ئیتاڵیا.بەناوبانگترین دروستکەری لە خێزانی سترادیڤاری(ئەنتۆنیۆ سترادیڤاری)بوو. باشترین کەمان لەسەر دەستی ئەو بلیمەتە ساڵی ١٧١٣ دورست دەکرا. باشترین ژەنیاری ئامێری کەمان و داھێنانەکانی لە کۆنسێرتی کەمان(ئەنتۆنیۆ ڤیڤاڵدی) بوو. لەچەرخی باروک دا. بەڵام ئێستا دوای بوونی بە کاری بازرگانی کارگەی تایبەت بەو ئامێرە لە (ئەڵمانیاو ئیتاَلیاو چین و یابان و چیک ) ئەو ئامێرە بەرھەم دێنن.بەڵام ھەموو کاتێک کاری دەستی خوازراو ترە.. وەکو کارەشی ھەورامان.
* ئاوازی تایبەت بەخۆت ھەیە؟
ئەوەی راستی بێت من جگە لە ژەنین ،لە ھەمان کاتدا گرنگیم بە نووسین و سروود داوە کەلە شاخ بووم، سروودی (قۆچی قوربانی وڵاتم) ھۆنراوەی دکتۆر مارف عومەر گوڵ و وتنی ھونەرمەند ی کۆچکردوو “تاھیری خەلیلی” ئاوازی من بوو ھەروەھا ھۆنراوەیەکی شاعیر حەمە سەعید حەسەن ناو نیشانی ھۆنراوەکەم لەبیر چووە بەڵام سەرەتاکەی ئەڵێ (چونکە لوتکەی سەرم نەوی نابێ چونکە زامی..ھتد) کۆتاییەکەی دەڵێ (چونکە بۆ چەوساوەکا ن ئەنووسن). ئەمەو ھۆنراوەیەکی ھێمنی شاعیرە کە دەڵێ (ئەی شەھید ئەی نموونەی ئازادی ..نەڕوات خوێنی تۆ بە خۆڕایی ئاوازی شاخی بوون ..) دوای ڕاپەڕین و ئازاد کردنی کوردستان ئەگەر سیدی ٢٠١٠ چالاکی قوتابخانەکان ببینی زۆری سروودی مناڵان کە ھۆنرەو ئاوازی خۆم بوون ،لەوانە (کوردستان، ڕەنگینە ، دۆڵ و شاخی بەفرینە ، تاڤگەی چەم و ڕووباری بەھەشتی سەر زەمینە، سروودی کەش و ھەوای وڵاتەکەم.. ھتد).
* بەبۆچوونی بەرێزتان ئاستی موزیکی کوردی لەئێستادا لەچ ئاستێک دایە؟
– موزیک زمانێکی جیھانیە ئێمەی کورد وەک میللەتێکی ڕۆژھەڵاتی خاوەن موزیک و مەقامی تایبەت بە خۆمانین میللەتێکی دەوڵەمەند بەگۆرانی فۆلکلۆری رەسەن بۆ نموونە مەقامی ئای ئای و ،خاوکەرو،خورشیدی و،ئەڵا وەیسی و،ھیجران و. کورد و،بەیاتی کوردی ..فۆڕمی تایبەتن بەکورد کەھونەرمەندانی رەسەن( عەلی مەردان،تاھیر تۆفیق، حەسەنی جزیری)، ھونەرمەندی رەسەن بوون ..لەڕووی گۆرانی ئەو سەردەمە جوانی خۆی ھەبوو .ئەو موزیکەی کەئەو کاتە ئەژەنرا لەدڵ و ناخ بوو. بەڵام لەڕووی دابەش کردن کە بە عەرەبی ئەڵێن(التوزیع الالی) ئێستا پێشکەوتووترە واتە گیانی موزیکی ئەو سەردەمە بەچێژتر بوو. ئەو ئاوازانەی ئێستا ئەوترێت ھەر ھی ئەو سەردەمە زێڕینەن جگە لە ھونەرمەند( عەدنان کڕیم و بیژەن کامگار)لەو کاسێتەی گۆرانیەکانی( سەید ئەسغەری کوردستانی) لەگەڵ تیپی ئۆرکسترای تاران ،کەزۆر بەجوانی ئەیڵێنەوە . بەداخەوە ئەوانیترزۆر لاسایی کردنەوەیان سەقەتە جێگای داخە ئێستا وەک جاران لەئێزگەی کوردی ھەبوو فیلتەری نیە دەنگەکان ھەڵسەنگێنن. ئەوی دێت پارەی ھەبێت کلیپ دەر ئەکاو گۆرانی ئەڵێ ئاوازی کۆنی رەسەنیش ئەشێوێنن.. لەوانەیە تەکنۆلۆژیاو ڕیتمی خێراو سەردەمی ئێستا ئەو سلبیاتەی ھەبێت.
*لە بواری نووسینش بەرێزتان خاوەنی چەند کتێب و لێکۆڵنەوەن ئەکرێت تیشک بخەیتەسەر ئەم بوارەش ؟
– لەڕووی نوسین بەتایبەتی موزیک داخەکەم کەمن ئەوانەی خۆیان لەقەرەی ئەو بابەتە ئەدەن کەمەن من ھەوڵەکانی( دکتۆر ئامانج غازی و مامۆستا وریا ئەحمەد و حەمەی حەمە باقی ) بەرز ئەنرخێنم بەرھەم و کتێبی جوانیان ھەیە ھەتا ئەو نووسینانەی کاک (فەرھەنگ غەفوور ، ھەنگاو ئەنوەر شێخانی،مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی) لەگەڵ ئەوھونەرمەندانەی کەلە گۆڤاری چلاواز ئەیان نووسی جێ پەنجەیان دیارە.. ھەوڵەکانی منیش تا ئێستا چوار کتێبم بەچاب گەیاندوون لەوانە (سەر بردەوە ڕووداوی مێژوویی لە لاوکەکانی کاوێس ئاغا)، کەتا ئێستا چەندان کۆڕو سمینارم لەسەر کردوە لاوکەکانی کاوێس ئاغا رەسەن و مێژوویین ھەروەھا کتێبەکەی ( بیتھۆڤن) ٤٠٠ چوار سەد لاپەڕەیە لەنووسینی دکتۆر حوسێن فەوزی کەبە ڕەگەز میسریە لە عەرەبی وەرم گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.کتێبی (پەلکە زێڕینە) تایبەتە بەژیانی چل ھونەرمەندو گۆرانی بێژ و موزیسیان بۆ نموونە لەموزیسیانەکان موشتەبای میرزادە تێدایە. چوارەم کتێبم (دە ئاوازی جیھانی یە) نووسینی دکتۆرە سورەیامەلحەس ئەوەش وەرگێڕانە بۆسەر زمانی کوردی ..شوکر ئێستا سێ کتێبی ترم ئامادەن بۆ چاب لەوانە (جیھانی موزیک) نووسینی (زین النێار) (لە ئاوێزانی ھونەری موزیک ) کە ١٧ بابەتی موزیک لە خۆ دەگرێت وەک فۆڕمی جیھانی کۆنشێرتۆو ،سیمفۆنیاو .چەمبەر موزیک (موزیکی کۆشک)کەسەردانی ھایدن و مۆزارت و بیتھۆڤن بۆ شازادەو میرەکان ئەنووسرا ، بەڵام و لە کۆشکی شازادەکان نمایش دەکرا. ھەروەھا بابەتی خۆماڵیش لە خۆ دەگرێت وەک لاوک و حەیران بەنموونە. لەدەرەوەی موزیک کتێبێکم ھەیە لەسەر زاناو داھێنەران بەنموونە (ئەدیسۆنی) تێدایە کە داھێنەری کارەبایە.
* لەم رۆژانە لەلایەن پارێزگاری ھەولێر مەراسیمێکی رێزلێنانت بۆ ساز کرا تاچەند گرنگە ھونەرمەند تا لە ژیان دایە رێزی لێبگریت؟
– زۆر گرنگە ھونەرمەندو نووسەرو شاعیرو ئەدیب تا لە ژیان مابێت گرنگی پێ بدرێت و ڕێزی لێ بگیرێت . من سوپاسی برای ھونەرمەند( وشیار مەرجان) ئەکەم وەک بەڕێوەبەری چالاکی قوتابخانەکان .ھەروەھا مامۆستاو ھونەرمەند( فەرھەنگ غەفوو)ر کەھاریکار بوون بۆسازدانی ئەو ڕێورەسمە، بەئامادەبوونی ،جەنابی پارێزگار کاک ئومێد خۆشناو،دکتۆر عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاو ،کاک عەبدولڕەحمان فەرھادی سەرۆکی یەکیەتی نووسەران و سوپاس بۆ ھەموو ئەوانەی قەلغان ومیدالیاو گوڵیان بۆ ھێنام لەوانە، برای ھونەرمەند (ھیواسوعاد ) سەرۆکی سەندیکای ھونەرمەندان .سوپاس بۆ کاک حەمزە ئامادەکارو پێشکەشکاری کەناڵی قەڵات ھەروەھا کەناڵی گەلی کوردستان سوپاس بۆ ھەردوو بێژەری بەتوانا( دڵسۆز خان و ژیار خان)،سوپاس بۆ ئامادەبوونی ھەموو ئەو نووسەرو رۆشنبیرو ھونەرمەندو جەماوەرە جوانانە مایەی شانازی بوو. سوپاس بۆ ئێوەش .
Discussion about this post