خانمە ھونەرمەندی شانۆکار (گەزیزە عومەر)، لە ئێستادا کۆتایی ھێناوە بە ئامادەکارییەکانی بۆ نمایشکردنی شانۆگەرییەکەی، لە ژێر ناوی (موختار و ژنانی گەڕەک)، لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەکەم نمایشی لە شارۆچکەی رانیە ئەنجامداو لە ئێستاشدا بەنیازە لە رێکەوتی (١٨/١١) لە شارۆچکەی کۆیە نمایشی دووەمی بۆ بکات و ئینجا بە نیازە لە ھەردوو ھەولێر و سلێمانیش نمایشی بۆ بە ئەنجام بگەینێت، کە تائێستاکە لەو دوو شارە نمایش نەکراوەو بەر لە ھەولێر و سلێمانی لە رانیە و کۆیە نمایشی بۆ ئەنجامدەدرێت.
لە لێدوانێکی دا بۆ رۆژنامەی “ھەولێر” خانمە ھونەرمەند (گەزیزە عومەر) لە لێدوانێکی دا راگەیاند : “لەگەڵ ھاوکارانم لە تیپی (ھاوڕێیانی گەزیزە) توانیمان شانۆگەرییە تازەکەمان لە ژێر ناوی (موختار و ژنانی گەرەک) یەکەم نمایشمان لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە رانیەی دەروازەی راپەڕین بۆ بە ئەنجام گەیاند و جەماوەرێکی بەرچاویش ئامادەیی بینینی بەرھەمەکەمان بوو”.
گوتیشی : “ئەو شانۆگەرییە خۆم کاری نووسین و دەرھێنانی بۆی بە ئەنجام دەگەینم، بەشێوەی “کۆمیدیا” کاری نووسینم بۆ ئەنجامداوە، کە بۆ یەکەم جارە ئافرەتێکی شانۆکار دەقێکی شانۆیی بە شێوەی کۆمیدی دەنوسێت و کار لەسەر بابەتێکی لەو شێوەیە دەکات، کە خۆشبەختانە بەیەکێک لە کارە باشەکان ھەژمار دەکرێت بە رای ئەو جەماوەر و شانۆکار و شانۆدۆستانەی کە بینیویانە”.
دەربارەی ناوەرۆکی ئەو بەرھەمە شانۆییە (گەزیزە) روونیشی کردەوە : “ناوەرۆکی ئەو دەقە شانۆییە باس لە کێشەو گرفتەکانی ئێستای ناو کۆمەڵگای کوردیی دەکات، بە تایبەتی ناوەرۆکی دەقی شانۆگەرییەکە باس لە گرفت و نەھەماتیەکانی ئافرەتی کورد دەکات، پێنج کەسایەتی ئافرەت و پیاوێک رۆڵی سەرەکی شانۆگەرییەکە بەرجەستە دەکەن، کە پێکھاتوون لە (رۆشنا محەمەد، دیاری عومەر، رۆزا ئومێد، بەیان عەلی، بنار نەجمدین، نەھرۆ ساڵح دەلۆیی) “.
دەبارەی نمایشەکەیان لە کۆیە شانۆکار (گەزیزە عومەر) گوتیشی : “دوای نمایشی یەکەم لە رانیە، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاریین لە رۆژی ھەینی داھاتوو، کە دەکاتە ١٨/ ١١/ ٢٠١١ لە شارۆچکەی کۆیە نمایشی دووەمی بۆ بەئەنجام بگەینین، لە ھۆڵی گەنجان لەو شارۆچکەیە”.
لەبارەی نمایشەکانی لە شارەکانی دیکەی کوردستان، سەرۆکی تیپی ھونەری “ھاوڕێانی گەزیزە” گوتی : “لە بەر ئەوەی شانۆگەرییەکە باس لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگای کوردی دەکات، پێمان باشە لە ھەموو شارەکانی کوردستان نمایشی بکەین، بەتایبەتی لە شاری ھەولێر و سلێمانی، بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر کۆمپاینایەک یاخوو ھەر ناوەندێکی ھونەری و رۆشنبیری سپۆنسەری ئەو کارە شانۆییە بکات، ئاوا بێ دوو دڵی شانۆگەرییەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە ھەولێر سلێمانی نمایشی بۆ ئەنجام دەدەین”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا