كارۆخ مەلائەسعەد: ئێستا (موحسین عەبدوڵڵا) بە مەبەستی چەند كارێكی هونەری گەڕاوەتەوە كوردستان و سەرقاڵی بەرهەمهێنانی كاری تازەیە، ناوبراو ئاماژە دەدات، حەزی كردووە كاری تازە بكات و دووریش نەبێت لە عاشقانی دەنگەكەیەوە.
ئەو بە “هەولێر”ی گوت: “(زیاد ئەسعەد) دیسان پاڵپشتی كردوومەوە تا بەردەوابم لە كاری تازە. چەند ڕۆژێكیشە بەمەبەستی هەندێك كاری هونەری گەڕاومەتەوە بۆ كوردستان و خەریكی ئامادەكاری كارەكانمم.”
گوتیشی: “ئامادەكاری دەكەین بۆ گۆرانیی (كێت خۆش دەوێ)، كە ئەو گۆرانییەیش چەند ساڵێك بەر لە ئێستا بەرهەمم هێنابوو و هەمان گۆرانی كلیپ دەكەم و كەناڵی ئاسمانیی كەركووكیش تەواوی خەرجی و تێچووی ئەو كارە دەگرنە ئەستۆ و هەر لە لایەن خۆیشیانەوە كارەكە بەرهەم دەهێندرێت، واتا ئەو بەرهەمە دەبێتە یەكێك لە بەرهەكانی كەناڵی كەركووك.”
زیاتر لەسەر ئەو كلیپە قسەی كرد و گوتی: “وێنەگرتن و دەرهێنای كلیپەكەم لە لایەن (دلێر عومەر)ـوە جێ بەجێ دەكریت. پلانی كاری زیاتریشم لە هەگبەدایە و كە لە دەرەوەی وڵات هەوڵ دەدەم بیانكەم.”