بە دواتنامەیەکی فەرمی بەنیازم لە ئایندەدا کۆنسیرتێکی جەماوەری لە تاران ساز بکەم !!
هونەرمەندی بە ئەزموونی دونیای گۆرانی کوردیی (هاوتا ئەسعەد) لەمیانەی دیدارێکدا بۆ خوێنەرانی گۆڤاری “نواڵەی نوێ” ئاماژەی بۆ چەند بەرهەمێگی تازەی گۆرانی خۆی کرد و هەروەها باسی لە چەند لایەنێک لەکارە هونەرییەکانی خۆی دەکات.
لە دەستپێکدا دەبارەی ئەو بەرهەمە تازانەی ئێستاکە لەبەردەستی دایە و کاری لە سەر دەکات، هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) گوتی: ” شتێکی راشکاوانەیە هونەر لە زەریای هێمن و پان و پۆر ترە، بۆ هەموو چەپوک سوارێک. مەودایەکی بێ سنووری لەبەردەستە، کە ئەسپی خۆی لەم گۆڕپانە تاو بدات، منیش حەز دەکەم لە بەهشتی بێخەوشی هونەردا هەر جارەو گوڵێکی ئاونگدار بۆ هونەر دۆستان و هونەر ویستان و هونەرمەندان بکەمە دیاری دەستم ئەمە وەک دونیای هونەر، وەهەروەها وەک تاک و کۆمەڵگای نەتەوەکەم گوڵی دەستم چڕینی بابەتی تازەیەو دەیدەمە دەستی نەوازشیان”.
هونەرمەند هەروەها گوتی : “پەیامی بانگەوانی من ئەمجارەیان لەسەر ئاستێکی نوێسازی لاوکێکی رۆمانسیانەی ریاڵزمیانە دەکەمە شاباشی خەڵکی ئەم کوردستانە، (لاوک) لەسەر ئاستی کلاسیکیەکەی بناغەو بنچینە و بنەمای نوێسازی سەردەمیانەی ئیمڕۆ و بەیانی و داهاتووە، ئەوەی خۆی بەخاوەنی هەستێکی زیندوو دەزانێ، هەر لە (ئەدیب و هونەرمەند) و هەرچی هەست ناسکە، دەبێ لە ژێر سەرپۆشی بێدەنگی و نەوێری دا بێتە دەرێ، بوێرانە شیری دایکی نیشتمان لە خۆی حەڵال بکات، لاوکی (خاڵۆ) کە ئەم (لاوک)ـەیە لە ژێر بەندی دەسترازە و سەرینگە و دەستپێچی سەرفرازی دەکەم و ئازادانە دەستی بوێری لەپشت دەدەم و بۆ ئەوەی شان بەشانی سروودی (هەڵبجە و نیشتمان و کەرکوک و چریکستان) دەست بەندێکی ئازایانە رێک بخەن و سەرچۆپی بدەنە نازی (شەهیدان) و دەسترۆکەی بووکێنی دایکی (نیشتمان) هەڵسوڕێنن، ئازایەتی بکەنە شاباش لەسەر خوێن و گیانی شەهیدان و تاو تینی هەموو ئازایەکی ئەم وڵاتە.
لەمیانەی پرسیارێکی دیکەدا، لێمان پرسی بەرهەمێکی تازەتان بەناوی (چریکستان) لە بەردەست دابوو. کاری بەرهەم هێنانی ئەو بەرهەمە گەیشتە چ قۆناغێک (هاوتا) لە وەڵامدا گوتی : “پیاو سالاری هەر لەدێر زەمانەوە دەست و بازووی خۆی، وەک سام و هەیبەت، بگرە وەک زەندەق تۆقان و تەمبێ خواردووی خوارەوەی خۆی، بەکرۆکی زادەی بوێری و پیاوانە لە قەڵەم داوە، زیاتر و زۆرتر ئەم (عیفرەت) سیفەتیە لەسەر ئافرەت جێ بەجێ و پیادە کراوە، پیاو بۆ چێژ وەرگرتن و دامرکاندنی ئارەزووەکانی خۆی ئافرەتی بە موڵکێکی زۆرە ملێ وەرگرتووە، دیسان ئافرەت بۆ دامرکاندنی شەڕ و ئاشوبە، گۆڕینەوەی لە شوێنی خوێن بەکار هێناوە، وەک (کۆیلە و لەلە) کار و باری نێو ماڵ و خزمەتگوزاری شەو و رۆژانی پێ سپاردراوە، بۆ بەرهەم هێنانی مناڵ و زۆر جاریش لەسەر ئەم بەرهەم هێنانە سزا دراوە، پیاو ویستویەتی دووگیانی ئافرەت بەرهەمەکەی کوڕ بێت، خۆ ئەگەر کچ بەرهەمەکەی بوو، سەرەڕای سەرزەنشت و سەرکوت کردن، بگرە بەچاوێکی سووک و نزمەوەش سەیری کراوە، خۆ ئەگەر ماوەیەکیش مناڵی بەرهەم نەهێنا، ئاوا بەنەزۆک و درختی زڕەکار لە قەڵەم دەدرێت، گەر بێت و خوانەخواستە بەرووی کەسێکەوە بەداوێن پاکیش پێکەنی بێ، ئاوا باجەکەی بەمەرگ لێ وەرگیراوە، هەموو دەمێ مۆتەکەی کوشتن، وەک گیسکەکەی هەیاس گورگی مەرگی پیشان دراوە، هەزاران ئافرەت تاڵاوی مەرگی بە گەروو داکراوەو بە گۆڕ غەریبیش یان زیندە بەچاڵ کراوە، یان بە مەرگێکی کارەساتی لە نێو گۆڕێکی بێ ناونیشان نێژراوە، گوتمان رابردوو بە عەقلیەتێکی دیکتاتۆریانە و تەنگە بەری رەفتار لەگەڵ ئافرەت کراوە، لەگەڵ کۆمەڵێ داخ، خۆ ئێستا هەزارەی سێهەمە و کەچی ئەم دیاردە پرستەمە هەر لەبرەو دایە، بگرە کراوەتە نەریتێکی غیرەت مەندی، بۆیە دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و ویژدانی دەستکرد، هەر هەموو لەم ئاشووبەو لەم کارەساتە پڕ مەینەتیە بێدەنگن، دەڵێ ی چاو و زمانیان شەتەک دراوە و کەس ورتەیەکی لەم بارەیەوە لێوە نایەت، کەسیش خۆی بەخاوەنی راستیەکان نازانێ و تەنانەت لەبەرچاوی وورد و درشت، ئیمرۆ قەسابخانەی ئافرەت کوژی بێ لێ پێچانەوە بە رەشە کوژی ئەنجام دەدرێ، جامن لەم دیاردە پڕ کارەساتە بەدەنگ دێم و دیارە ویژدانی خۆم پێ زیندووە و ئامادەش نیم لە نێو دۆزەخی ویژدان بتلێمەوە، بۆیە بێ دەنگ نابم و زایەڵەی دەنگی خۆم دەکەمە فریاد رەسی بۆ ئەوەی هەموو نووستوەکان، هەموو بێ ئاگایەکان هەموو ئەو کەسانەی لەم کارە ترسناکە خۆ دەدزنەوە، بەتایبەتی دەنگی مافی مرۆڤ و ئەوانەی جاڕدانی گەردوونی دەدەن، دەڵێم دەی دەبا کێو ماڵێکی ئەو ئافاتە بکەین و دەبا لە دووڕیانی بەرگری کردن بوەستین و چیتر بوار بەو چەتە دەست بەخوێنانە نەدەین، کە بەئارەزووی خۆیان دەکەونە هەڵپەرداوتنی درختی کەسایەتی و باڵای ئافرەت بە تەوری نەزانین و بەگفتاری خۆیان لە تۆڵەی لە رێ دەرچوون و پێدرێژی و سەرە رۆی کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، وەیان بۆ چاو بەستەکی خەڵک لە پشت ووشەی (ئابڕوو) باکگراوندێکی تەم و مژیان دروست کردووە، راست و چەپ ئەوەی دەیکوژن نایشارنەوە، بۆیە منیش لە سەنگەری هونەرەوە بەچەکی دەنگ لە نێو بۆتەی بوێری دا، لە بڵند گۆی ئازاد ئەم کارە ترسنۆکانە تڕۆ دەکەم و وەک دەنگی رەگەزی ئافرەت ئاوا (کەژێ)ی مێرد منداڵەش وەک نوێنەری راستەقینەی ئافرەت ئەم رەچەیە دەشکێنێ و شان بەشانی (محەمەد)ی جوامێر کە ئەویش هێمای رەگەزی پیاوە و ئەم جیهانە پڕ زەڵکاوە رەت دەکەنەوە، منیش وەک باوکی ئەم دوو جگەر گۆشەیە پشتیوانی لەو بەرگریەیان دەکەم، خۆشم جڵەوی ئەم کاروانە بەدەستەوە دەگرم و وەک سەرقافلە باشیەک ئەم کاروانە دەبەینە رێوە و برواشم وایە لە ئەنجام ئێمە لەسەر ترۆپکی ئاسۆ بانگی ئازادی و بوێری دەدەین و چونکە من وەک پیاو تاکە کەسم کە بەراشکاوانە ئەم شۆرشە هەلًَدەگیرسێنم.
(هاوتا ئەسعەد) دەربارەی هونەرمەندی برا (زیاد ئەسعەد) و بڵاو بوونەوەی هەندێک هەواڵ و لێدوانی رۆژنامەوانی بەناوی ئەو گوتی : “من لەگەڵ (زیاد ئەسعەد) دوو جار براین جارێک برایین لەدایک و باوکێک جارێکیش برای هونەریین، لەرێگەی ئەم گۆڤارەوە جارێکی دیکە رایدەگەینمەوە، هیچ کەسێک بۆی نیە بەناوی (زیاد)ـی هونەرمەند لێدوان و هەروەها قسەی بندیواری لەسەری بکات، ئەو هونەرمەندەێکە کاری خۆی دەکات و پێویست ناکات هیچ کەسێک بەناوی (زیاد ئەسعەد)ـەوە بە شان و باڵای خۆی دا هەڵبڵێت، چونکە ئێستاکە کەس لەمن لە (زیاد) نزیک تر ینە و بەردەوام ئاگاداری هەواڵی ئەوم، کاتێک قسە لەگەڵ من دەکات و پێی دەڵێم ئەو خەڵکە بەو شێوەیە باسی تۆ دەکات، ئەو زۆر بەسەر سوڕمانەوە دەڵێت من ئاگاداری هیچ گۆڤار و رۆژنامەیەک و هیچ کەسێک نیم، بۆیە من وەک برا و وەک میرادگرێکی (زیاد ئەسعەد)ـی هونەرمەند، جارێکی دیکە رایدەگەینم هەر کەسێک باسی بکات. یاخوود شتێکی بەناوی ئەو بڵاو بکاتەوە، وەیاخوود هەر قسەیەک لەم لاو ئەولا بەناوی ئەو بکرێت بۆ لەکەدار کردنی (زیاد) دڵنیایان دەکەمەوە، من لەمەو دوا بێدەنگ نابم و دەیناخەمە بەر دەم دادگا. لەو ماوەیەشدا دیمانەیەکی فراوانی هونەرمەند (زیاد) بڵاو دەبێتەوە ئەویش کۆمەڵێک قسەی خۆی هەیە لەسەر ئەو بابەت و قسە و قسەڵۆکانە”.
دەربارەی ئەوەی ئایا بۆچی شێوازی گۆرانییەکانت یاخی بوونێکی پێوە دیارە و زیاتر حەز بەو جۆرە بەرهەمانە دەکەیت ؟ لەوەڵامدا (هاوتا ئەسعەد) دەڵێت : “من کاتێک بڕیار دەدەم گۆرانییەک بەرهەم بهێنم، نەپرس بەکەس دەکەم و نەپرسیشم بەکەس کردووە، بەڵکو یەکەم بڕیار دەر خۆمم، من وەک هونەرمەندێک هەمیشە خیتابی هونەریی خۆم پێیە، ئیتر دەبێ لەچ شتێکدا سڵ بکەمەوە ؟!. ئەرشیفی گۆرانییەکانی منیش گەواهی ئەوە دەدەن، کە هەموو بەرهەمێکم زادەی هەوێنی کۆمەڵێک ئازار و مەینەتیەکانی خەڵکی وڵاتەکەی خۆمە، شانازی بەهەموو گۆرانی و سروودەکانیشم دەکەم و لە هیچشیان پەشیمان نیم و ناشبم، هەموو بەرهەمەکانم بە دیراسە کردنێکی زۆرەوە ئینجا لەدایک بوون، وە لە داهاتووشدا کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی دیکەم ئامادە کردووە و بە شێوازێکی تازە دەیهێنمە بوون”.
لێمان پرسی لە پرۆگرامی هونەری (ئەژدەر شۆو)ـدا زۆر بەتوندی وەڵامی پرسیارەکانت دایەوە، بۆچی ؟ لەوەڵامدا (هاوتا) گوتی : “من هەر کاتێک روو بەرووی پرسیارێکم دەکەنەوە، وافرێر نەکراوم تەمسیل بکەم و فێل لەخۆم بەرامبەرەکەم بکەم، لەو پرۆگرامەشدا کاتێک لەلایەن هونەرمەند (ئەژدەر وەهبی)ـو ستافی کەناڵی ئاسمانی کۆرەک tv پەیوەندییم پێوەکرا بۆ ئەوەی ببم بە میوانی ئەو پرۆگرامە، منیش قەبوڵی ئەوەم کرد بچم. هیچ کەسێک رێگر نەبوو لەوەی کەمن چی بڵێم و چی نەڵێم، جگە لەوەش من لە هەر شیۆنێک کاتێک لێدوان یاخوود دیمانە ئەنجام دەدەم، ئەگەر قسەکانم وەک خۆی و بە ئازادانە دەری نەبڕم ناتوانم بڕیاری بەشداری کردن بدەم، بەهەر حاڵ لەدوای پرۆگرامەکە چەندان کەسایەتی و بەپرسی باڵا و جەماوەریش جگە لەدەست خۆشی و پیرۆزبای لەگوڵ کاڵترم بۆ نەهاتووە”.
دەربارەی ئەوەی ماوەیەک بەر لە ئێستا بە نیاز بوو، بۆ سازدانی کۆنسیرتێک روو بکاتە وڵاتی ئێران ؟ لەوەڵامدا گوتی : “بەڵێ وابوو ئێستاکەش ئەو پرۆگرامە هەر لە بەرنامەم دایە بیخەمە بواری پراکتیکیەوە، بە دواتنامەیەکی فەرمی بەنیازم لە ئایندەدا کۆنسیرتێکی جەماوەری لە تاران ساز بکەم، بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆم لەگەڵ چەند گروپێکی موزیکی کردووە، مەبەستمە دواکاری جەماوری هونەردۆستی کورد لە ئێران بهێنمە دی و لە نزیکەوە خزمەتیان بکەم و کۆنسێرتیان بۆ ساز بکەم، سوپاسیان دەکەم کە هەمیشە بە ئیمێل و تەلەفۆن دەست خۆشی پەیامی پیرۆزبای کارەکانم بۆ دەنێرن”.
دەربارەی ئەوەی زۆرتر کاتەکانی خۆی بۆچ تەرخانکردووە رۆژانە ؟ (هاوتا) لەوەلامدا گوتی : “کاتەکانی رۆژانەم دابەشی چەند جەمسەرێک کردووە، جەمەسەرێکیان بۆ پەروەردەی مناڵ و سەرپەرشتی کردنیان، بەشێکی دیکەم بۆ خوێندنەوەی رۆژنامە و گۆڤار و سەردانی کردنی ماڵپەرەکانی ئینتەرنێت و هەندێک کتێب و پاشان سەیری هەندێک کەناڵی سیاسی دەکەم، بۆ رووداوە سیاسیەکانی ناوخۆ و جیهانی، جار جارەش پرۆڤە کردن لەگەڵ (کەژێ و مەحەمەد)، هەروەها دانانی ئاواز بۆ هەندێک هۆنراوە کە دێنە بەردەستم و دەیان خوێنمەوە، ئەگەر فلیمێکی مێژووی هەبێت پێم خۆشە سەیری بکەم لەکەناڵە بیانیەکان بەتایبەتی کە زۆر جار نیشان دەدرێت، بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەکەمی لەماڵ دێمە دەرەوە”.
لە کۆتایی دا دەربارەی ئەوەی ماوەیەکە دەنگ و گۆی ئەوە هەیە، گوایە بەنیازە ببێتە بەڕێوەبەری یەکێک لەکەناڵە ئاسمانییەکان، لێمان پرسی ئایا دووبارە دەگەڕێتەوە کوردستان tv ؟ لەم بارەیەوە هونەرمەند (هاوتا ئەسعەد) گوتی : “دوای ئەوەی کوردستان tv بەجێهێشت لەسەر ویست و رەزامەندی خۆم بووە، دیارە ئەم کەناڵەش وەک یەکەم کەناڵی ئاسمانی کە لەکوردستانی خۆمان لەدایک بوو، سیمای تێکۆشانی من و هەوڵی بەردەوامی من بۆ هاتنە سەرپێی ئەو کەناڵە جێ پەنجەی من و ئەو بەڕێزانەی لەگەڵ مندا کارییان کرد بۆ ئەو کەناڵە ئێستاکەش ئەرشیفی کوردستان tv شایەت حاڵی ئەو راستیەن کە چیمان چاند و چیمان دووریەوە، بەڵام سەربەرزم بەوەی تائێستاکەش خەڵکی دەست خۆشی ئەو کارانەم لێدەکات کە لەوێدا بە ئەنجامم گەیاند، دیارە من دوای ئەو کەناڵە چەند پۆستێکی جیا جیای کەناڵی دیکەم هاتۆتە بەردەست بۆ ئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنی بگرمە ئەستۆ، بەڵام من ناوانم بەدەستێک دوو کاڵەک هەڵبگرم و دوایش نەزانم چۆن قاشی بکەم و چۆنیش دایبنێمە سەر زەوی، بۆیە ئەگەر پێشنیارێکی لەو جۆرەش هەبێت جارێ ناتوانم هیچی لەسەر بڵێم تادەکەوێتە بواری پراکتیکیەوە”.