هۆ خه‌ڵکینه هۆ خه‌ڵکینه شایه‌ت بن هه‌موو لێره شایه‌ت بن هه‌مو گوێڕاگرن له‌م گفتهم، ئه‌ز بڕیارم دا یاسای مێینه‌تی خۆم و نێیرنهیهتی خه‌ڵک بکوژێنمه‌وه ئیدی من پڕۆژه‌یه‌ک نیم بۆ پێكهێنانی خێزانی ئاسایی وه‌کو هه‌موو نێر‌و مێیه‌ک که خێزان پێک دێنن،
من ده‌مێکه شووم کردوه و خێزانێکی گه‌وه‌ره‌م هه‌یه، من هه‌موو شه‌وێک ده‌ست له‌ملان ده‌نووم له‌گه‌ڵ هه‌ندرێنی چیای دوژمن به‌زێن، ڕاخه‌ی من چیای شیرینه که پیرۆزتره له مه‌که‌و مه‌دینه، بڕبڕه‌ی پشتم ئه‌زمه‌ڕه قه‌ڵغانه له پێش هێرشی هۆلاکۆ و ته‌ته‌ره، ته‌خت و تاراجی من نیشتمانێکه تا ئێستاش خوێنی هۆزانی لێده‌چۆرێت، من له ئه‌نجامی نوستنم له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو کێوانه سه‌دان هه‌زار شه‌هیدی چاوگه‌شم به‌خشیه ئه‌م نیشتمانه، ئاخر خه‌ڵکی ساده‌ش ده‌ڵێن ئه‌دی تابلۆ لۆ شویه‌ک ناکه‌ی لۆ خۆت، هێی هێی که‌ر له‌کوێ که‌وتووه و کونده له کوێ دڕاوه، ئه‌دی ئێوه شایه‌ت نین خه‌ڵکینه که من شووم کرد به هێماکانی نه‌ته‌وه‌که‌م، ماره‌یم ته‌نها ده‌سکێک نێرگز بوو ئیستاش بۆن و به‌رامه‌ی دونیای گرتۆته‌وه، شیرینی شایهکهم له چاوی کانیه‌کانه‌وه هه‌ڵقوڵا که‌دوژمنی داگیرکه‌ر وویستیان کوێریان بکه‌ن و له ئه‌نجامدا کانیه‌کان بڕیاریان دا به چاوکراوهیهتی بمێنن تا کۆتایی، دوژمنیش کوێر بوو بۆ هه‌تا هه‌تایی، هۆ خه‌ڵکینه هۆ، ئێوه نازانن من هه‌مو شه‌وێک له‌گه‌ڵ هه‌مو زارۆکه‌کانم بێدارم گۆرانیان بۆ ده‌ڵێم، لایه لایه‌یان بۆ ده‌چڕم مه‌نوو ڕۆڵه مه‌نوو، ئه‌وه‌ی ئه‌مشه‌و بنوێ زۆڵه، ئه‌تۆ ڕۆڵه‌ی من و ڕۆڵه‌ی ئه‌و خاکه‌ی هه‌ر وا بمێنه‌وه وه‌کو زه‌نگێک که بێ‌ئاگان له شۆڕش و فیداکاری، ئه‌ی ڕۆڵه جوانه‌کانم،
8000 چاوگه‌شه‌که‌ی بارزانیم،
180000خوێن گه‌رمه‌که‌ی گهرمییانم،
5000 زیندۆکهی هه‌ڵبجه‌ی شارانم،
ئه‌ی شه‌هیدانی ئه‌یلول و گوڵان و ڕاپه‌ڕینی کوردستانم، مه‌نوون مه‌نوون هه‌تا گوێم له هه‌ناسه‌ی سنگی ئێوه بێت ئه‌من به‌خته‌وه‌رترین ئافره‌تی جیهانم