(خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (تارا رەسوڵ) لە میانەی دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی “هونەری هەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لەکارە هونەرییەکانی و هەروەها باسکردن لەگەڕانەوەی بە یەکجاری بۆ کوردستان و درێژە پێدان بەکاری هونەریی و ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی دیکەیی و هەروەها باسکردن لە کار و بەرهەمی تازەی هونەریی خۆی و رەوشی گۆرانیبێژانی ئێستایی ئافرەتانی گۆرانیبێژی کورد و شێوازی کار کردنیان) :..
– سەرەتای پرسیارەکانم لەوە دەست پێدەکەم، دەڵێن بە نیازی گەڕانەوەی یەکجاریی، ئایا ئەو هاتنەوەی ئەمجارەت بۆ کوردستان بڕیاڕی ئەو هاتنەوەی یەکجارییەی لەگەڵدایە یاخوود نا..؟
– هونەرمەندی زۆر بەتوانا و بەئەزموون لە وڵاتی سوێد و لەوڵاتانی دیکەش هەن، بەڵام بە هۆی هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک گۆرانیبێژی تازە هونەرمەندە بە ئەزموونەکان پشت گوێ خروان…!!!
(خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ (تارا رەسوڵ) لە میانەی دیمانەیەکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی “هونەری هەولێر” تیشکی خستە سەر چەند لایەنێک لەکارە هونەرییەکانی و هەروەها باسکردن لەگەڕانەوەی بە یەکجاری بۆ کوردستان و درێژە پێدان بەکاری هونەریی و ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەکی دیکەیی و هەروەها باسکردن لە کار و بەرهەمی تازەی هونەریی خۆی و رەوشی گۆرانیبێژانی ئێستایی ئافرەتانی گۆرانیبێژی کورد و شێوازی کار کردنیان) :..
– سەرەتای پرسیارەکانم لەوە دەست پێدەکەم، دەڵێن بە نیازی گەڕانەوەی یەکجاریی، ئایا ئەو هاتنەوەی ئەمجارەت بۆ کوردستان بڕیاڕی ئەو هاتنەوەی یەکجارییەی لەگەڵدایە یاخوود نا..؟
تارا : راستە من ماوەیەک بەر لەئێستا بڕیاڕێکی لەو جۆرەم دابوو، بەڵام هاتنەوەی ئەمجارەمدا بۆ کوردستان یەکجاریی نیە، چونکە ئەو داواکارییانەی کە داوام کردبوو، تا ئێستا هیچیان جێ بەجێ نەبووە، دیارە ئەو داواکاریانەشم پەیوەست بە بینینی هەندێک کەس، کە لە دەسەڵاتی ئەواندایە داواکارییەکانی گەڕانەوەم بەیکجار بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەو ماوەیەکە من لە کوردستانم تا ئێستا کەسیانم نەبینووە، بەداخەوە لەو باوەڕەدا نەبووم بینینی ئەو کەسانە هێندە سەخت بێت، بۆیە ناچارم جارێکی دیکە بگەڕێمەوە دەرەوەی وڵات و تا داواکارییکانم جێ بەجێ نەبێت، ناگەڕێمەوە بە یەکجاری بۆ وڵات.
– ئەو داواکارییانە پەیوەستن بە حکومەتەوە، ئەو داواکارییەکانەت بۆ پێداویستی ژیانی خۆتە یاخوود بۆ مەبەستێکی دیکەیە و پرۆژەت لە بەردەستە…؟
تارا : ئەو داواکارییانە پەیوەستن بە باش کردنی باری هونەرییە لە کوردستان، واتە پرۆژەیەک دەبێ، دیارە ئەوەشیان لەلایەن حکومەتەوە بکێرت ئەو باشکردنە، من دەمەوێ دەستم هەبێ لە و باشکردنە ، کە ئەوەشیان هەر قسە نیە بەڵکو پلانم بۆ داناوە پرۆگرامێکم لەبەر دەست دایە بۆ ئەو کارە، بەڵام ئەو پرۆژانەی کە من پێش کەشی حکومەتی دەکەم، مەرج نیە هەموویان من جێ بەجێی بکەم، بەڵکو دەتوانن لە رێگەی کەسانی شارەزاوە، سوود لەو پرۆژانەی من وەربگرن، رەنگە ئەو داواکاریانەی من کردوومە هیچیان داواکاری تایبەتی خۆمی تێدا نەبێت.
– یەکێک لەو پرۆژانە کە دەڵیت بۆ باشکردنی بواری هونەرییە، کامەیە ئەگەر بە نموونە باسی لێوە بکەیت..؟
تارا : یەکێک لەو پرۆژانەم ئەوەیە، بەشێک بکرێتەوە لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، کە تائێستا بوونی نیە، ئەویش بەشی دەنگ و خوێندنێکی زانستیانەیە کە زۆر پێویستە هەبێت، ئەوەش بۆ ئەوە نیە مەرجم هەبێت و بڵێم من ئەو وانەیە دەڵێمەوە، بەڵکو دەمەوێ ئەو بەش ببێتە پرۆژەیەک بۆ ئەو کەسانەی دەنگیان خۆشە و دەیانەوێ گۆرانی بڵێن بابێن بە شێوەیەکی زانستی راهێنان بە قوڕگیان بکرێت، بەتایبەتی دەربارەی مەقامات هەندێک شت هەیە پێویستە فێر بکرێن، بە تایبەتی تەکنیکی دەنگ پێم وایە هەبوونی ئەو بەشە بۆ هەموو پەیمانگاکانی کوردستان پێویستە، جگە لەوەش لە گەڕانەوە پێشووترمدا پرۆژەیەکی گرنگم گەڵاڵە کرد، ئەویش هێنانی یاخوود دروستکردنی کۆمپانیایەکی سێدی چاپ کردنی سێدیە، کە دەبینین هونەرمەندانمان هەموویان بەناچاری سیدیەکانیان دەنێرن بۆ تورکیا سوریا و ئێران، جا دەبێ ماوەیەکی زۆر چاوەرێ بن تا دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە من پشتم بە هونەرمەندێکی هاوڕێم بەست بەڵام بەداخەوە زەرەرێکی زۆرم بەرکەوت لەلایەن ئەو هونەرمەندەوە، ئەو پرۆژەیە سەری نەگرت، بەڵام من ئەوە هەر پلانێکە و ئاواتمە رۆژێک لە رۆژان پرۆژەی چاپکردنی ئەو سیدیە بهێنمە کوردستان.
– ماوەیەک لە وڵاتی سوێد تۆ خەریکی خوێندن بووی لە بواری دەنگ و چۆنیەتی گۆرانی گوتن، لەگەڵ ئەو خوێندنەدا گەیشتە کوێ، وە چ سوودێکی گەیاند بە(تارا رەسول)..؟
تارا : من لە زانکۆی ستۆکهۆڵم سوید لە بەشی تەکنیکی دەنگ خوێندوومە، ئەو تەکنیکەی پێویستە گۆرانیبێژ فێری بێت لەکاتی گۆرانی گوتن لە ستۆدیۆ، یاخوود کاتێک دەچێتە سەر شانۆ چۆن خۆی ئامادە دەکات بەرامبەر جەماوەر راستەوخۆ گۆرانی بلێت، رۆژانە گۆرانیبێژ چەندە پێوستی بە مەشقکردن هەیە، ئەوانەم هەمووی لەماوەی (3) ساڵ خوێندن بروانامەی بەکالۆریۆسم بەدەست هێنا، وەمن لە وڵاتی سوێد یەکەم کورد بووم لەو زانکۆیە خوێندم و بووم بەخاوەنی ئەو بروانامەیە.
– بۆچی زۆربەی هونەرمەندانی تاراوگە، بەتایبەتی هونەرمەندانی کورد لەوڵاتی سوێد چ هۆکارێک هەیە وایکردوو بڕیاری یەکجاری بدەن بۆ هاتنەوەیان بۆ کوردستان…؟
تارا : من پێم وایە بارو دۆخی وڵاتی سوێد هەر وەکو خۆیەتی، پێم وانیە هونەرمەندانی کوردی هەوڵی ئەوەندە زۆریان دابێت، تاوەکو پێیان بگوترێت کاری زۆریان کردووە، بەڵام بڕیاری هاتنەوەیان رەنگە کوردستان بۆ ئەوان باشتر و گونجاوتر بێت بۆیە زۆربەیان باسی گەڕانەوەی یەکجاری دەکەن، رەنگە هەندێکیان بەدەست غەریبی و دوورە وڵاتی بێزار بووبێت، من لە راستی دا لەبەر ئەوە نایەمەوە بڵێم بارو دۆخم خراپە لە سوێد، بەڵکو بۆ ئەوە دێمەوە ئەو بارودۆخەی کە باسدەکرێت دەڵێن شێواوە تێکچووە، من لەبڕی ئەو قسانە دەمەوێ بێمەوە کارێک بکەم بۆ ئەو رەوشەی کە هونەری گۆرانی و کوردی تێکەوتووە.
– ماوەیەکە هونەرمەندانی وڵاتی سوێد ساردبوونەوە و دوورە پەرێزن لە کاری هونەریی بەرهەمیان نیە، ئەو دوور کەوتنەوەیە هۆکارەکەی چیە..؟
تارا : هونەرمەندی زۆر بەتوانا و بەئەزموون لە وڵاتی سوێد و لەوڵاتانی دیکەش هەن، بەڵام بە هۆی هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک گۆرانیبێژی تازە هونەرمەندە بە ئەزموونەکان پشت گوێ خروان، کەس باسیشان ناکات، ئەوەتا هونەری گۆرانی کوردیی لەسەر دەستی کۆمەڵێک هونەرمەندی بە ئەزموون و بەتوانا هێنان و توانیان لە ئەوروپاش کاری زۆر جوان بهێننە بوون، ئێستاکەش کە ساردن و دوورە پەرێزن هەر ئەوەیە هۆکارەکەی، منیش یەکێکم لەو هونەرمەندانەی کە وەک جاران گڕوتینم نیە بۆ کار کردن، بۆ نموونە من ماوەیەک بەر لە ئێستا داوای هاوکارییم کرد لەوەزارەتی رۆشنبیری کەچی تا ئێستاکەش (500) دۆلارم قەرزارن، ماوەیەکی زۆر منیان هێنا و برد بۆ ئەوەی هاوکارییم بکەن، بۆ ئەلبومە تازەکەم بەڵام بەداخەوە ئەو پارەیەی داواشم کرد، کردیان بە سێ بەشەوە تەنها بەشێکی کەمیان دابەمن، بۆیە مافی خۆمە سارد ببمەوە چونکە سەیر دەکەم، خەڵکێک هەیە وەکو من کار و بەرهەمی هونەری نەبووە و هەوڵی نەداوە، کەچی نازانێ پارە چی لێبکات و چۆن و چ بەرهەمێکی خراپی پێ تۆمار بکات.
– بۆچوونی تۆ دەربارەی هاتنە پێشەوەی کۆمەڵێک خانمی گۆرانیبێژ لە ئێستادا کە گۆرانی دەڵێن چۆنە..؟
تارا : بەداخەوە زۆربەیان لەو ئاستە نین کە پێیان بگوترێت هونەرمەندی گۆرانیبێژ، من زۆر جار شەرم دەکەم بڵێم ئافرەتێکی گۆرانیبێژم، چونکە ئەوانە مەبەستیان خزمەتی هونەری گۆرانی کوردیی نیە، بەڵکو تەنها خۆیان دەردەخەن و هیچی تر، بۆیە بە رای من هەر هونەرمەندێک پیاو بێت یاخوود ژن، ئەگەر هات و کاری خراپی کرد و گۆرانی شێواند ئەوە تاوانبارە، بەداخەوە کاتێک سەیری کلیپێک دەکەیت، دەبینی بە هەموو شێوەیەک هەر لەرووی هونەریەکەمەوە تادەگاتە رووە داب و نەریتەکەش شێواوە، زۆر جار دەبیستم دەڵێن ئێرە بووە بە ئەوروپا نا بە داخەوە ئێمە بە هەڵە تێ ی گەیشتووین لە ئەورپا هەر شتێک لە ئاراستەو رێرەوی خۆی لابدات، ئازادییەکانیش بەو شێوەیە رێگەت پێدراوە بەکاری بهێنیت، کە نابێ لەداب و نەریتی ئەو وڵاتە لابدەیت، وەرە شتێک لە وڵاتێکی وەکو سوێد ئەنجام بدە ئەگەر لە گەڵ کەلتوری ئەوان نەگونجێت ئەبیتە جێگای تێرامان و سەریرو سەمەرەی هەموو خەڵک، بۆیە پێم وایە ئازادی پێویستە بەهاکانی بزانی ئینجا بەکاری بهێنیت، نەک تۆ هەستی خەڵک داب و نەریتی وڵاتێک بشوێنی ئەوە چیە گوایە تۆ کارێکی تازەت کردووە.
– دوایین ئەلبومی گۆرانییت، کە پارساڵ بڵاو کرایەوە لەلای جەماوەر و گوێگرانت وا باس دەکرێت، دەڵێن تارا رەسول لەو ئەلبومەدا بەستایلێکی دیکە کاری کرد، گۆرینی یاخوود بەکارهێنانی ئەو ستایلە پێت وایە سەرکەوتوو تربوو بەراورد لەگەڵ بەرهەمی پێشووتردا..؟
تارا : من بەگوێرەی ئەو قسانەی کە لەنزیکەوە لە جەماوەر و گێگری گۆرانییەکانم بیستوومە، بەرهەمی دووەمم واتە ئەلبومی (دوو هەفتەیە) زۆر سەرکەوتووتر بووە، بە بەراورد لەگەڵ بەرهەمى پێشووترم، کە بەناوی (هەستێک) بوو، ئەوەیان زۆر خۆشحاڵی کردم، دیارە من ویستوومە لە رێگەی ستایلێکی دیکەوە زیاتر خزمەت بکەم و بەرهەم، جگە لەوانە بەرهەم دوای بەرهەم دەمەوێ کاری باشتر و جوانتر بهێنمە بوون، کارکردنی من لەو ئەلبومەمدا لەگەڵ هەردوو هونەرمەندان (حەسەن غەفور و هەڵکەوت زاهیر) بوو، میلۆدەکانی ئەوانم بەکار هێنا بوو، بەڵام ئاوازەکانیان هەڵبژاردەی خۆم بوون، بۆیە من بەدوای ئەو کارەدا دەگەڕێم کە خاڵی سەرکەوتنی تێدا بەدی لە لای جەماوەر و گوێگرانم.
– ئەی بۆچی لە دوای ئەو ئەلبومە بڕیاری ئەوەت داوە، گوتوتە چیتر گۆرانییەکان بە شێوەی ئەلبوم بڵاو ناکەمەوە…؟
تارا : ئەوەیان پەیوەستە بەوهۆکارەی، کە بۆ من بەرهەم هێنانی چەند گۆرانییەک و بڵاو کردنەوەی بەشێوەی سێدی رەنگە سەخت بێت، چونکە من کاری ئەو ئەلبومەم پارەیەکی زۆری تێچوو هەمووی لە سەر ئەرک و ماندوو بوونی خۆم بوو، ئەوەشیان جارێکی دیکە بە تاوانی وەزارەتی رۆشنبیری دەزانم وایکرد، لەسەر ئەو سیدیە زۆر قەرزار ببمەوە و نەتوانم سیدیەکی دیکە بڵاو بکەمەوە، بۆیە لەمەودوا هەوڵدەدەم گۆرانییەکانم بە شێوەی تاک تاکە بەرهەم بهێنم، ئێستاکەش کار بۆ دوو گۆرانی تازە دەکەم، کە یەکێکیان هونەرمەند و هاوڕێ ی ئازیزم (زیاد ئەسعەد) ئاواز و هۆنراوەکەی بۆ ئامادە کردووم، جگە لەوەش گۆرانییەکی دیکەی ئامادە کردووە، زۆر تایبەت و جوانە وە دەمێکە هەردوولامان بە نیازین بەیەکەوە بیلێین، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی ئەو هەروەها لایەنی ماددی زۆری پێویستە کە ئەگەر دەزگایەکی پەیوەندی دار هاوکارییمان بکات بۆ ئەوەی بتوانین تۆماری بکەین بە شێوەی (دووێت) گۆرانییەکە بلێین، جێگای سوپاسە لەلای من چونکە گۆرانییەکی زۆر تایبەتە و وەمن شانازی دەکەم لەگەڵ کاکە (زیاد) ئەو گۆرانییە بڵێم، گۆرانییەکی دیکەشم ئامادەیە، کە ئاوازی هونەرمەند (رێبین جەمال)ـە، هیوادارم بتوانم لە داهاتوودا ئەو چەند گۆرانیە بهێنمە بوون.
– جگە لەو گۆرانییانە بەنیاز بووی گۆرانییەم بۆ ستایشی خودای گەورە بلێیت، کاری بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانییە گەیشتە کوێ..؟
تارا : ئەو گۆرانییە کاری تۆمار کردنی تەواو بووە، شیعری شاعیر (نەجم هۆگر)ـە، ئاوازی مامۆستا (ئیبراهیم سابیر)ـە، تۆمار کردن و کاری موزیکی (سەفین خەراجیانی)ـیە، تا ئێستا کاری کلیپم بۆ ئەنجام نەداوە، دیارە برادەرانی تەلفویۆنی یەکگرتوو بەڵینی ئەوەیان پێدام کاری ئەوکلیپەم بۆ بەئەنجام بگەینن، ئەوەبوو داوای بەرهەمەکەیان کرد، کە گوێ ی لێبگرن بەڵام تا ئێستا نەمتوانیووە بیگەینمە دەستیان، هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو گۆرانیەیان بگەینمە لایان و دانیشتنیان لەگەڵدا بکەم و کاری کلیپی ئەو گۆرانییە بە ئەنجام بگەینم، چونکە ئەو گۆرانییە زۆر تایبەتە لەلام. بە شێوازێکی زۆر جوان کاری بۆ کراوە، رەنگە لە زۆربەی گۆرانییەکانم جوانتر گوتبم.
– چ بوارێکی دیکەی ژیان هەیە ئارەزوو دەکەی گۆرانی بچڕی و لە بەرنامەت دایە گۆرانی بۆ بلێیت..؟
تارا : زۆر بوار هەیە، بەڵام لە هەموویان گرنگتر لەلام گۆرانییەکە زۆر تایبەتە ئەویش بۆ دایکی شەهیدانە، کە رۆژانە و شەوانە کۆمەڵێک خەفت و ئاخ و حەسەرەت دەچێتە ناخیان بۆ شەهید بوونی کورەکانیان، بۆیە من ئەو گۆرانییە بە زەرورەتی ژیانی هونەریی خۆمی دەزانم و ئاواتمە کارێک بۆ دایکی شەهیدان بڵیم.
سازدانی دیمانە – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا