توانا تەھا/ زنجیرەی یەکەم: منداڵ بوونەوەرێکی ناسک و بێ تاوانە، زۆرجار ھەڵە دەکات و ھەرخۆیشی لە مانای ھەڵەکە نازانێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی لەلایەن گەورەکانەوە ھەڵەکانی بۆ شیبکرێتەوە ئەوا رووبەڕووی لێدان و ھاوارو توندو تیژی دەبێتەوە ئەمەش لەداھاتوودا کاریگەری خراپ لەسەر کەسایەتی و تەندروستی منداڵەکە دروست دەکات. یەکی مانگی شەشی ھەموو ساڵـێک رۆژی جیھانیی منداڵان ناودێر کراوە، وەک بەرچاوە ساڵی ١٩٤٩ بە پێشنیاری کۆمەڵەی جیھانیی فیدراسیۆنی ژنانی دیموکرات ئەو رۆژە بە ناوی رۆژی جیھانی منداڵان دیاری کرا. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانیش جگە لە پشتگری لەو پێشنیارە، پشگری لە ماف، ژیان و سڵامەتیی منداڵانی کردە یەکێک لە بەرنامەکانی تێکۆشانی خۆی، گومان لەوەدا نییە لە دوای ساڵی ١٩٤٩وە ئاڵۆگۆڕ و پێشکەوتنی زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیھاندا روویان داوە، لە ساڵی ١٩٨٩ کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی ناسنامەی منداڵانی پەسەند کردکە بەپێی ئەم ناسنامەیە دەبێت ھەموو منداڵانی جیھان مافەکانیان دەبێت پارێزراوبێتء باروو دۆخی ژیانیان لەبەر چاو بگیردرێت، بەڵام بە داخەوە سەرەڕای ھەموو پێشکەوتنەکان و ھەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵگەی جیھانی بۆ دەستەبەر بوونی مافی مرۆڤەکان، منداڵان یەکێکن لە بێبەشترین و بێ مافترین توێژی کۆمەڵگەکان، ھەلومەرجی ناڵەبار و مامەڵە کردنی خراپ لەگەڵ منداڵاندا دیاردەیەکی جیھانییە و لە زۆر لە کۆمەڵگەکاندا دەبینرێ. لە ئاکامی ھەژاری، شەڕ، پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرە واگیرەکاندا ساڵانە بە میلیۆنان منداڵ لە جیھاندا گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، یان گیانیان لەدەست دەدەن.
یەکێک لەو وڵاتانەی کە لەوێدا ژیانی بەشێکی زۆر لە منداڵان لەو پەڕی خراپی دایە وڵاتی ئێرانە. بە پێی ئامارەکان ٨٠ لەسەدی منداڵانی سەرشەقام، ئەو منداڵانەن کە کار دەکەن و بە ھۆی ھەژاری و نەداریی بنەماڵەکانیان ناچار بوون بۆ کار روو لەشەقامەکان بکەن و بۆ تێر کردنی سکی برسیی ئەندامانی بنەماڵەکانیان لەنێو تەپ و تۆز و رەنگ و رۆن و دووکەڵ، لە گەرمای ھاوین و سەرمای زستاندا، ژیان بەسەر بەرن، ئەوان رۆژانە دەکەونە بەر ئازار و ئەزیەت و دەستدرێژیی گەورەکان. زۆرترینی منداڵانی کار ھی پارێزگاکانی خوراسان، تاران، لوڕستان و کوردستانن، ئەوان بە دەست ھەژاری و بێدەرەتانی و جیاوازی دانانەکانەوە ئازار دەچێژن و بە دوور لە دنیای منداڵی، شەو و رۆژ دەکەنەوە، بە ھەزاران منداڵ و مێرمنداڵ بە ئارەزووی ئەوەوەن لە قوتابخانە فێری خوێندن و نووسین بن، بەڵام قوتابخانە بۆ ئەوان تەنیا ئارەزوویەکی منداڵانەیەو بەس، چونکە ناتوانن وەک منداڵێک مومارەسەی خۆیانی تێدابکەنء ببێتە دامەزراوەیەکی پەروەردەی بۆ خستنەڕووی ئارەزوەکانیان.
منداڵ وەک ئینسانێک نابینرێ
کاتیک باس لە منداڵ دەکرێ، دەبێ وەک ئینسانێک چاوی لێ بکرێ، ئینسانێک کە پێویستی بە پێڕاگەیشتنی زۆرتر و چاوەدێریی زیاتر ھەیە. بەڵام لەوڵاتێکی وەک ئێران دا کێشەکە لەوە دایە منداڵ وەک ئینسانێک نابینرێ. عورف و عادەتی کۆمەڵایەتیی بەردەوام رێژیەک لە توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵانی قبووڵ کردوە. منداڵ بەھۆی ئەوەی لە باری جەستەیی و دەرک و شعوورەوە ھێشتا کامڵ نەبووە، ناتوانێ بەرگری لە خۆی بکا. ھەر بۆیە زۆرجار لەلایەن باوک، دایک، گەورەکانی بنەماڵە، مامۆستا دەکەوێتە بەر ئازار و توندوتیژی. یاسایەکی ئەوتۆش نییە کە پشتگری لە مافی منداڵ بکا.
ئاوڕدانەوە و پشتیوانی و رێز گرتن لە مافی منداڵان، یەکێکە لە ئەسڵەکانی پارستنی مافی مرۆڤ. ئەوە ئەرک و بەرپرسایەتییەکی گرنگە لە سەر شانی دەوڵەتەکان، ئەگەر قانوون دانەرەکان و بەڕێوەبەرییەکان کە سەرنج بدەنە مافەکانی منداڵان و نەھێڵن داھاتوو و چارەنووسیان بخرێتە ژێر کاریگەریی دابونەریت و عورفی کۆمەڵایەتیی دواکەوتووانە. سەرنجدان و پشتگوێخستنی ئەم توێژە حەساس و گەورەی کۆمەڵگە دەتوانێ زیان و زەرەرێکی قەرەبوو نەکراو بە کۆمەڵگە و بە داھاتووی وڵات بگەیەنێ. کۆماری ئیسلامی و پەیوەست بوونی بە کومسیۆنی جیھانیی مافی منداڵانەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٩٩٣، پەیماننامەی جیھانیی مافی منداڵانی ئیمزا کرد و بە کۆمسیۆنی مافی منداڵ پەیوەست بووە. بەڵام پەیوەست بوونی ئێران بەو کۆمسیۆنەوە بەو مەرجەیە کە لە ھەر کات ماددەیەکی ئەو پەیماننامەیە لەگەڵ رێوشوێنە ئیسلامییەکاندا نەھاتەوە، کۆماری ئیسلامی پێیانەوە پابەند نەبێ. ھەر لەم پێوەندییەشدا شوورای نیگابان لە نامەیەکدا کە لە رێکەوتی ١٤/١/١٩٩١ ھێندێک لە ماددەکانی ئەو کۆنوانسیۆنەی بە خیلافی شەرع زانی و خستیە بەردەمی مەجلیسی شوورای ئیسلامی.
ئەو مادانە بریتی بوون لە: بەندی ی١ لە ماددەی ١٢، بەندی ١ و ٢ لە ماددەی ١٣، بەندی ی ١ و ٣ لە ماددەی ١٤، بەندی ٢ لە ماددەی ١٥ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان.
پەیوەست بوونی ئێران، بە کۆمسیۆنی مافی منداڵانەوە ھەنگاوێگی گرنگ بوو بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی مافەکانی منداڵان، بەڵام مەرجدارکردنی بەشێک لە ماددە و بەندەکانی ئەو کۆمسیۆنە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە بیانووی پاراستنی رێوشوێنی ئیسلامییەوە و پێوە لکاندنی ھێندێک تەبسەرەو تێبینیی دیکە لە پێوەندی لە گەڵ پێناسەی منداڵ، نەبوونی فەرق و جیاوازی لەنێوان منداڵان، پاراستنی قازانجەکانی منداڵ، مافی وەدەستھێنانی ناسنامە، مافی ژیان لەگەڵ بنەماڵە (دایک وباب)، مافی ھاتن یان چوونەدەر لە وڵات بە مەبەستی چوونەلای دایک و باب، رەفتار و ھەڵسوکەوتی توند و تیژ لەگەڵ منداڵان، یارمەتی بە منداڵانی کەم ئەندام، مافی منداڵانی پەنابەر، حەقی ژیانێکی باش و ستاندارد، حەقی خوێندن و فێرکردن، و بەکردەوە بەڕێوەبردنی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵی لە ئێراندا لەگەڵ گیرو گرفت بەرەو روو کرد و بووە بە ھۆی پێشێلکرانی بەردەوامی مافی منداڵان و ھێنانەوەی پاساو بۆ کەموکووڕییە قانوونییەکان لە بارەی مافەکانی منداڵانەوە. ھەرچەند پێشێلکردنی مافی منداڵان لە ئێراندا زۆر بەربڵاو و لەوە زیاترە کە تەنیا بڵێین لەوبەندە قانوونیانەدا خۆیان دەبیننەوە. بەڵام نەبوون و بەڕێوەنەچوونی قانوونێک کە پشتگری لە مافی منداڵان بکا، رێخۆشکەرە بۆ پەرەسەندنی پێشێل کردنی مافی منداڵان لە زۆر لایەنەوە. ھەر بۆیە کار کردن لە پێناوی پابەند کردنی کۆماری ئیسلامی بە نێوەڕۆکی پەیماننامەی جیھانیی مافەکانی منداڵان و گۆڕینی روانین و فەرھەنگی دەسەڵات و کۆمەڵ لە بارەی منداڵان و مافەکانیانەوە، لەو ئەرکە پێویستانەیە کە چالاکانی بواری مافی مرۆڤ و لایەنە بەرپرس و پێوەندیدارەکان، دەبێ شێلگیرانە کاری بۆ بکەن.