توانا تەھا / زنجیرەی دووەم: ھەرکام لەو وڵاتانی واژۆی رێککەوتننامەو پەیماننامە نێونەتەوەیییەکان دروست بەوە دەکرێن کە یاسا نێوخۆییەکانی وڵات گونجاو لەگەڵ یاسا نێونەتەوەیییەکان دابرێژێن یان لەو چوارچێوەیەدا گۆڕانکارییەکان تێدا بکەن، بەڵام یاساکانی پێوەندیدار بە منداڵ و مافەکانیان لە ئێران داو تەنانەت دوای ١٥ ساڵ پەیوەستبوون بە فیدراسیۆنی جیھانی مافی منداڵانیش ھەروا لە دژی منداڵان و ناتەبا لەگەڵ رێووشوێنەکانی ئەو فیدراسیۆنەش کە ئێران خۆی بە دروست لە بەرامبەر جێبەجێ کردنی دا زانیوە.
یەکەمین گرفتی پێناسەو جێبەجێ کردنی مافی منداڵان لە پێناسەی چەمکی منداڵی و پێناسەی جیاوازی ئەو چەمکە لە ئەدەبیاتی سیاسی ـ ئایینی و کۆمەڵایەتیی لە ئێران دا دەست پێدەکا: بەپێی ئەو بەلێننامەی ئێران بە فیدراسیۆنە نێونەتەوەیییەکانی داوە، منداڵان ھەموو ئەو کەسانەن تەمەنیان خوار ١٨ ساڵە، بەڵام لە یاسای کاری وڵات دا منداڵان ئەو کەسانەن کە ١٥ ساڵیان تەواو نەکردوەو ھیچ خاوەن کارێک بۆی نییە وەبەر کاریان بنێ. لە گۆشەنیگای شەرعییەوە منداڵان، کچانی تەمەن ٩ ساڵ و کوڕانی ھەرزەکاری خوار چواردە ساڵن، لە رووی سیاسیشەوە منداڵان کەسانی ژێر ١٦ ساڵن و بۆیان نییە لە ھەڵبژاردنەکانی وڵات دا بەشدار ببن، لە یاساکانی “دابین کردنی کۆمەڵایەتییش دا منداڵانی بیمە کراو دەتوانن لە خزمەتگوزارییەکانی بیمە بەھرەمەند بن بەو مەرجانەی کە سەڵت بن و کچ ٢٥ ساڵ و کوڕەکانیش ١٨ ساڵیان تەواو نەکردبێ. لە یاسای ئامارگیری وڵاتیش دا منداڵان کەسانی خوار ١٠ ساڵن.
ھەر ئەو کۆک نەبوون لەسەر دیاریکردنی تەمەنێکی تایبەت بە منداڵان وای کردوە کە زۆربەی لایەنە بەرپرسیارەکانی پەروەردەو مافی منداڵان خۆ لە بەرپرسایەتی یان لە حاند منداڵان بدزنەوە. جیا لەوەش یاساکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ناتەبا بوونیشیان لەگەڵ یەکتری پرواپڕن لە رەوایی دان بە چەوساندنەوەی منداڵان و پێشێلکاریی مافەکانیان. منداڵانی ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامی حوکمی ئیعدامیان لەسەر جێبەجێ دەکرێ، بە پەروەردەیەکی ناسەردەمیانە گۆش دەکرێن، بەر کار ئەویش کاری قورس دەنرێن، رێژەی منداڵانی سەر شەقام ھەر دێ و زیاتر دەبێ، ئیعتیاد لە نێو منداڵان دا بۆتە شتێکی ئاسایی، چالاکیی باندەکانی سێکس و بازرگانی کردن بە منداڵ تادێ پەرە دەستێنێ، نیزیک بە” ٥-٣ میلیۆن منداڵ لە پەروەردە و خوێندن بێبەش، یان لێی دابڕاون، بەپێی لێکۆڵینەوەی یۆنیسێف و وەزارەتی بێھداشت ٢٥%ی منداڵان ٦تا ١١ ساڵ و ٩ لە سەدی منداڵانی ١٢تا ١٦ ساڵ لە رووی جەستەیییەوە ئازار دەدرێن و ھیچ لایەنێکیش خۆی لە بەرامبەر توندوتیژی نواندن دژی منداڵان بە بەرپرسیار نازانێ”. خۆ لە جێدا بارودۆخی منداڵانی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەشی گەلێ ناڵەبارترو چەند قات دڵتەزێنتر لە منداڵانی دیکەی ئێرانە، بەڵام لێرە منداڵان، زۆر بەباشی تەعبیر لەو دۆزەخە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی بۆیانی پێک ھێناوە.
*قسەکردن لەسەر رەوشی منداڵان لە کوردستان
قسەکردن لەسەر منداڵ، لە کوردستان گەشتێکی سەرنج راکێشە بەخەیاڵء خولیای مرۆڤی دەرەوە، لە کوردستان تەنیا ژیانی منداڵەکان نییە، بەم شێوەیە لە دژواریدا بێت، بەڵکو ئەمە حاڵی گەنجیشە بەگشتی لە ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئێمەدا، چونکە لە دەوڵەت سیستەمێکی ئەوتۆ نییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی باش بێتە ئاراوە، ھەر بۆیەشە داھاتوویەکی گەشە چاوەڕێی منداڵەکان ناکات، دیارە داھاتووی گەش ء داھاتووی شیاوی منداڵان، ئەمە دەگەینێت، واتا سبەینێ گەشء داھاتووی شیاو بۆ ھەموو کۆمەڵانی کۆمەڵگە.
منداڵان، گەورە دەبن، لە نیشتیمان دەتۆرێنء دەڕۆن؟ تا ئێستا کەس پرسیاری نەکردووە بۆچی نەوەی ئێمە پشت لە نیشتیمانی دەکاتء جێی دەھێڵێت. لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، رەوشی منداڵان دڵتەزین و کارەساتبارە؟، لانیکەم منداڵانی باشووری کوردستان بە زمانی دایکیان دەخوێنن و بەیانیان ئەگەر لە قوتابخانە سروودیان پێ خوێندنەوە، سرودە نەتەوەییەکان بەزمانی نەتەوەکەیان دەڵێنەوە مامۆستاکانیان بە کوردی دەیاندوێنن و سووکایەتی بەو زمانە ناکرێ کە پێی دەدوێن، ھەر بەم زمانە فێردەکرێنء پێی دەخوێننء لەگەڵی گەورە دەبنء زیاتر ئاشنای دەبن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، منداڵانی رۆژھەڵات و باکوور و رۆژاوای کوردستان، نەک زمانەکەی خۆیان لێ قەدەغەیە، بەڵکوو دەبێ بەیانیان سرودێک بڵێنەوە کە نەک ھیچ ھێمایەکی تێدا نییە، لەگەڵ ویست و خەونەکانیان یەک بگرێتەوە، بەڵکوو پڕە لە ھێمای سەرکوت و زەبرو زەنگ دژی ئەوان، ئیتر لەگەڵ کولتوورو فەرھەنگی ئەوان گەشە دەکەن، ئەمە ئازارێکە ئەوان تا گەورە دەبن زیاتر دەی چێژن.